450ملێۆن كەس لە جیهاندا بە نەخۆشی دەروونییەوە گیرۆدەن

بە گوێرەی ئامارەكانی ڕێكخراوە جیهانیەکەی تەندروستی، لە هەر چوار كەسێك یەكێكیان لە كاتێك لە كاتەكانی ژیانیاندا دەغەزدار دەکەون و تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، لە جیهاندا زیاتر لە 450 ملیۆن كەس بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە دەناڵێنن، لەگەڵ ئەوەی ئێستا چارەسەری گونجا و كاریگەر بەردەستە، بەڵام سەدا٦٠ی ئەوانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە بە شوێن چارەسەری گەنجاودا ناگەڕێن.

د. محەمەد قادر خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكان، باس لەوە دەكات كە ئەوانەی چارەسەر وەرناگرن، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كلتوورە باوەی كە لە كۆمەڵگەدا هەیە.
دەشڵێت: “نەخۆشیی دەروونی بریتییە لە تێكچوونی بیركردنەوە، ڕەفتار، یان هەستەكانی كەسێك، كە ئەمەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، هەروەها لە حاڵەتێكەوە بۆ حاڵەتێكی تر توندییەكانی جیاوازە، بەگشتی هۆكارەكانی نەخۆشییە دەروونییەكان فرەلایەن و جۆراوجۆرن، هۆكاری بۆماوەیی بە شێوەیەكی كاریگەر ڕۆڵی خۆی دەبینێت، ژینگەیی و كۆمەڵایەتی، فشاری دەروونی بەردەوام، یانیش ژیان لە شوێنێكی نائارامدا، هەروەها بەركەوتن بە ڕووداوێكی كاریگەر دەكرێت ببێتە هۆكاری زۆر نەخۆشی.
د. محەمەد قادر، لەم بەشەدا تیشك دەخاتە سەر تەکنیكێکی ئاسان بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و ئیش و دانانی پلانی کورتخایەن و درێژخایەن.
دەڵێت: قەڵەمێک و دوو لاپەڕەی سپی بهێنە.
لە لاپەڕەی یەکەم، هەموو ئەو کار و پلانانەت بنووسەرەوە کە پێویستە ئێستا بیکەیت، یان بەیانی، یان ڕۆژێک لە ڕۆژان بیکەیت.
هەوڵ بدە لە بچووکترین و بێماناترین شتەوە بینووسیتەوە، تاوەکو گەورەترین و ماناداترین پلانت. چەندی دەتوانیت، زۆر بنووسە.
پاشان لە لاپەڕەی دووەم، خشتەیەکی وەکو ئەم وێنەیە دروست بکە و پلان و کارەکانت بەسەریدا دابەش بکە بەم شێوەیەی خوارەوە:
ــ ئەو پلانەی کە گرنگە و بەپەلەیە، لە خانەی ژمارە ١دا دایبنێ.
ــ ئەوەی گرنگە بەڵام بەپەلە نییە، بیخەرە خانەی ژمارە ٢ەوە.
ــ ئەوەی گرنگ نییە بەڵام بەپەلەیە، لە خانەی ژمارە ٣دا جێی بۆ بکەرەوە.
ــ ئەو کارەش کە گرنگ نییە و بەپەلە نییە، بیخەرە خانەی ژمارە چوارەوە.
ئەنجامی کار و پلانەکانت لەسەر ئەم بنەمایانە هەڵبسەنگێنە:
ــ خانەی ژمارە ١:
ئەو کارانەن کە پەلەن و گرنگن، پێویستە دوای خوێندنەوەی ئەم پۆستە، ڕاستەوخۆ دەستی پێ بکەیت و لەوە زیاتر دوای نەخەیت.
ــ خانەی ژمارە ٢
ئەو کارانەن، کەپێویستە کۆتایی هەفتەکان، یان هەفتەی شەوێک کاتی بۆ تەرخان بکەیت و بە هێواشی کاری لەسەر بکەیت.
ــ خانەی ژمارە ٣
ئەو کارانەن، دەتوانیت بیان کەیت کاتێک کارەکانی خانەی ژمارە ١ ت تەواو کرد.
ــ خانەی ژمارە ٤
ئەو کارانەن، کەتەنها کاتت لێ دەکوژن و هیچ ئامانجێکت پێ نادەن، بەڵکو خەیاڵێکە بۆ خۆتت داناوە و مێشکی خۆت پێیانەوە مەشغوڵ دەکەیت، وازیان لێ بهێنە و فڕێیان بدە.
بڕیارە لەمەولا د. محەمەد قادر خۆشناو، چەند هەنگاوێك بۆ كەمبوونەوەی فشاری دەروونیمان بۆ بخاتە ڕوو.

ھەواڵی زیاتر