نەخۆشییە دەروونییەکان چین؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

نەخۆشییە دەروونییەکان کۆمەڵە نەخۆشینێکی هەرە باوی مرۆڤن؛ لەمێژە مرۆڤایەتی سەرقاڵی دۆزینەوە و چارەسەری ئەم نەخۆشیانەیە، لەگەڵ زیادبوونی زانیارییەکانیش تێگەیشتنمان لەم نەخۆشییانە زیاتر بووە، بەڵام ئاڵۆزتریش بووە!

دکتۆر ڕێبوار غەریب، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونیەکان ئاماژە بەوە دەكات كە گرنگە سەرەتا بزانین نەخۆشکەوتن خۆی لە خۆیدا دەبێت بە سێ گروپەوە، یان ئۆرگانیکە واتە ئەندامێکی لەش یان زیاتر تووشی پەککەوتن دەبێت وەکو نەخۆشی شەکرە یان بەردی گورچیلە یان شێرپەنجەی مەمک. یان ئەوەتا نەخۆشییەکە بە هۆی ناڕێکیی کاری ئۆرگانێکەوە وەکو نەخۆشی کۆڵۆن و سەرئێشەی کاتی، بەم نەخۆشیانە دەوترێت فەنکشناڵ واتە پەیوەست بە کار و فرمانی ئەندامێک. دوا گروپ نەخۆشییە دەروونییەکانە. ئەمەش واتە هزر یان رەفتاری کەسێک نەخۆشینی تێ دەکەوێت.
دکتۆر ڕێبوار غەریب، ڕوونی دەكاتەوە كە نەخۆشییە دەروونییەکانیش دابەش دەبن بۆ کۆمەڵێ گروپ: هەریەکەیان بە کورتی باس دەکات:
• ئەوانەی پەیوەندییان بە گوشاری دەروونەوە هەیە: زۆربەیان لە کات یان لە پاش رووداوێکی نەخوازراو روو دەدەن و ئیدی وا لەو کەسە دەکەن فکر و رەفتاری بگۆڕدرێت.
• ئەوانەی پەیوەندییان بە دڵەڕاوکێوە هەیە: زۆربەیان لە ئەنجامی ترسی مرۆڤەکەوە لە شتێک یان ڕووداوێک دروست دەبن. ئەمەیان لە کوردستان زۆر زۆرە.
3- ئەوانەی پەیوەندییان بە میزاج (موود)ی مرۆڤەوە هەیە: وەکو خەمۆکی، زۆربەی کات مرۆڤەکە دەکوژێتەوە و گریانی یەک لە دوایەکی تووش دەبێت.
• شیزۆفرینیا و وەهمکردن: نەخۆشییەکی زۆر ئاڵۆزە.
• ئەوانەی وا دەکەن مرۆڤ ئالوودەی کحول یان تریاک ببێت.
• ئەوانەی پەیوەندییان بە کەسایەتیی مرۆڤەوە هەیە: وەکو ئەو کەسانەی کە ئاوات دەخوازن خەڵکی تووشی بەڵا ببن و ئەمان پێیان دڵخۆش دەبن! بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا هەیە.
• ئەوانەی پەیوەندییان بە خواردن خۆرییەوە هەیە.
• نەخۆشییە فەنکشناڵەکان: جاری وایە نەخۆشی کۆڵۆن دەبێت بە دەروونی.
• لاوازیی بەردەوام.
• ئەوانەی پەیوەندییان بە منداڵبوونەوە هەیە.
چۆن تووش دەبین بە نەخۆشینی دەروونی:
• بۆماوە: گەر کەسێک هەڵگری جینێک بیت لە کەسوکاریەوە کە نەخۆشییەکی دەروونییان هەبێت ئەوا ئەگەری زیادە ئەویش تووش ببێت بە نەخۆشییە دەروونییەکان. بەڵام مەرج نییە تووشیش بێت.
• رەفتار و فکر: هەر لە منداڵییەوە گەر کەسەکە بە رەفتارێکی ساغ و راستاڵ بەخێو نەکرابێت یان بیرۆکەی هەڵەی بۆ دروست بووبێت ئەوا لە تەمەنی لاوی و دواتردا لێی دەبێت بە نەخۆشیی دەروونی.
• کۆمەڵایەتی و دەورەبەر: تێکچوون یان ناڕێکی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا هۆکارێکی هەرە بەهێزتری تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی.

چەند نموونەیەکی باو لە حاڵەتە دەروونیەکان:

  • کوڕێکی گەنج پێنج دکتۆر دەگەڕێت و دەڵێت دەترسم تووشی شێرپەنجەی گەدە بووبێتم، سەرەڕای دڵنەوایی پزیشکەکان هەر قایل نابێت.
    -کچێکی گەنج بە پەلە دەفڕێنن بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن بە بووراوەیی، بەڵام خۆی وای لە خۆی دەکات بۆ ئەوەی مێردەکەی بە قسەی بکات و بیبات بۆ بازاڕ!
  • پیاوێک دێت و دەڵێت کە من سەرۆکی ئەمریکام و بە دزییەوە لە گوندەکەی خۆمان خۆم شاردۆتەوە، لە پڕ مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و دەڵێت ئەوە سەرۆکی فەرەنسایە لەگەڵم قسە دەکات!
  • ژنێک دێت و دەڵێت من کوڕەکەم نەمردووە، ئەوەتا دوێنێ گوێم لە دەنگی بوو لە ماڵەکەماندا قسەی دەکرد.
    بە داخەوە، هەرچەندە نەخۆشییە دەروونییەکان زۆربەی زۆریان بە ئاسانی چاک دەبنەوە لای پزیشکی دەروونی، بەڵام لە وڵاتی ئێمە هەندێکیان دەبن بە قوربانی بە هۆکاری عەیبە بیبەن بۆلای دکتۆر یان لە پزیشکەکە تووڕە دەبن کە راستییەکەیان پێ دەڵێیت.
ھەواڵی زیاتر