بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی عێراق سەری هەڵداوە

هۆشداریی له‌ دۆخی خراپی زیندانه‌كانی عێراق ده‌درێت و ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، جگه‌ له‌خراپیی دۆخی زیندانیان هاوكات بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و مادده‌ی هۆشبه‌ریش سه‌ری هه‌ڵداوه‌. سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی عێراقیش دەڵێت: زیندانه‌كان پڕاوپڕن له‌ حوكمدراو و ڕاگیراوان، كه‌ ژماره‌یان له‌نێوان 60 بۆ 70 هه‌زار كه‌سدایه‌ و به‌سه‌ر نزیكه‌ی 30 به‌ندینخانه‌دا دابه‌ش كراون.

دۆسیەی زیندانیان له‌ به‌ندینخانەكانی عێراق یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌كانی بواری مافی مرۆڤی به‌خۆوه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌. رێكخراوه‌كان لایان وایه‌ قه‌ره‌باڵغیی زیندانه‌كان هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و مادده‌ی هۆشبه‌رن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌شی زۆری زیندانییه‌كان له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا دانیان به‌ هه‌ندێك تاواندا ناوه‌ کە بێبه‌رین لێی و نەیان کردووە. هەروا به‌شێكیان ماوه‌ی حوكمه‌كانیان ته‌واوبووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نادیار ئازاد نه‌كراون.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی زیندانیانی ‌عێراق، ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای كردووه‌، زیندانه‌كان پڕاوپڕن له‌ حوكمدراو و ڕاگیراو، به‌جۆرێك ژماره‌یان له‌نێوان 60 بۆ 70 هه‌زار كه‌سدایه‌ و به‌سه‌ر نزیكه‌ی 30 به‌ندینخانه‌دا دابه‌ش كراون، به‌هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌ چه‌ندین نه‌خۆشی و په‌تا بڵاو ده‌بنه‌وه‌.

ساڵحی گوتیشی “له‌ زیندانه‌كاندا، جگه‌ له‌ فرۆشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هاوكات قه‌ره‌وێڵه‌ی نووستنی زیندانیانیش به‌پاره‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی زیندانه‌كانه‌وه‌ ده‌فرۆشرێن. دەبێت وەزارەتی داد کۆنترۆڵی ئەو شتانە بکات کە لەناو زیندانەکاندا ڕوو دەدەن. دەستوەردانی سیاسی لە کارەکانی وەزارەتی داد لەلایەن هەندێک لایەنەوە هەیە و ئەو تێڕوانینەش هەیە کە ماددەی هۆشبەر دەچێتە ناو زیندانەکانەوە و لە ڕێگەی دەڵاڵەکانەوە دەفرۆشرێت”.

له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای لێبوردنی گشتی، ساڵحی ڕایگه‌یاندووه‌ ” لەبەر ڕێكنه‌كه‌وتنی شیعه‌ و سوننه‌وه‌، نه‌توانراوه‌ له‌سه‌ر بڕگه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یاسا ڕێك بكه‌ون، ئه‌م پرۆژه‌یاسا ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی زیندانیان و ئازادكردنی بێتاوانه‌كان، گرنگیی ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ له‌وه‌دایه‌، تیرۆریست، بكوژ، گه‌نده‌ڵی و مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ بێتاوانه‌كان جیا بكاته‌وه‌. هاوكات به‌شێك له‌ زیندانییان ماوه‌ی حوكمه‌كانیان ته‌واوبووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ڕۆتینه‌وه‌ ئازاد نه‌كراون”.

ھەواڵی زیاتر