ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
دۆزینەوەیەكی شوێنەواریی بێوێنە لە هەولێر؛ قووڵگەی مەرگ لە باغلومنارە! تیمی شوێنەواری ناوخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر، پەردە لەسەر نهێنییەكی مێژوویی گەورە لا دەدەن. لە قووڵگەیەكدا (Trench) لە ناوچەی باغلومنارە، گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە دەكرێت مێژووی سیاسی و ئایینی شانشینی ئەدیابین بگۆڕێت.
لە راگەیێنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەوار و كەلەپوور گرنگترین زانیارییەكانی لەم بارەیەوە دیاری كردووە كە بریتین لە:
١٠٠ كەلەسەری مرۆیی: تا ئێستا پاشماوەی ١٠٠ كەس لەناو یەك قووڵگەدا دۆزراونەتەوە.
دۆزراوە ناوازەكان: پارەیەكی كۆن، دوو خڕخاڵی برۆنز، دوو ملوانكەی مرواری و بازنێكی ئاسن لەگەڵ تەرمەكاندا بوون.
تێڕامانی زانستی: سەرەڕای ژمارەی زۆری تەرمەكان، تەنها ٤ پارچە گۆزە دۆزراونەتەوە، كە ئەمەش جێگای تێڕامانی قووڵی شوێنەوارناسانە.
گریمانەكان: ئایا ئەمە ئەنجامی ململانێیەکی خوێناوی و ئایینی بووە لە سەردەمی شازادە هێلینە؟ یان كوشتارێكی ساسانییەكان؟ یاخود پەتایەكی كوشندەی وەك تاعوون؟
هەنگاوی داهاتوو: بۆ یەكلاییكردنەوەی ڕاستییەكان، نمونەی DNA ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە بۆ پشكنینی وردی زانستی. پسپۆڕان پێشنیار دەكەن شوێنەكە وەك یادگە و مۆنۆمێنتێكی نیشتمانی بپارێزرێت.

