رۆژنامەی ھەولێر

لە زۆربەی شەقامە پزیشکییەکان کە مەوادی پزیشکی بەکار دەهێنن تێکەڵ بــــــە پاشماوی ماڵان دەکرێت

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

 

لوقمان شێروانی، شارەزا و توێژەر لە هۆشیاریی ژینگەیی، وتەبێژ و بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و ڕاگەیاندنی پێشوو لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم لە ديمانەيەكی “هەوليێر”ـدا ئەوەی خستەڕوو :” بەپێی پێوەرە جیهانیەکان پێویستە هەر پێنج کەس و ئۆتۆمبیلێکیان هەبێت، بەڵام کوردستان ٢ملیۆن ئۆتۆمبیلی لێ هەیە، زیاتریش. کەواتە ڕێژەی ئۆتۆمبێل زۆر لە پێوەرەکان زیاترە”. گوتيشي:” لە هەندێک لە نەخۆشخانە حکومییەکان کوورەی سووتاندنیان هەیە. بەڵام لە زۆربەی شەقامە پزیشکییەکان کە تاقیگە و مەوادی پزیشکی بەکار دەهێنن تێکەڵ بە پاشماوی ماڵ دەکرێت”.

سەرچاوەکانی پیسداگەڕانی ژینگە لە کوردستان چین؟
سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسداگەڕانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان بریتین لە: پاشماوە گازییەکان، وەکو پاڵاوگە نەوتییەکان و کارگەکانی چیمەنتۆ، ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان، گەرچی ئێستاکە مۆلیدەکان بەرەو هەڵگرتن دەچن و نامێنین. سەبارەت بە پیسداگەڕان بە پاشماوە شلەکان، وەکو ئاوەڕۆی ماڵان لە شار و شارۆچکە و کارگەکان کە دەڕژێنە ناو ڕووبارەکانەوە، ڕووباری وەک زێی گەورە و زێی بچووک و تانجەرۆ، کاریگەرییەکی مەترسیداری هەیە لەسەر پیسداگەڕانی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و ژەهراویکردنی بەرهەمەکانی خاک.
جۆرێکی تر پیسداگەڕان هەیە، پاشماوە ڕەقەکان وەکو زبڵ و خاشاکی ماڵان، پاشماوەی پزیشکی و بیناسازی کە تا ئێستا نەتوانراوە دووبارە بە کارهێنانەوە بۆ خۆڵ و خاشاکی ماڵان بکرێت. کە زیانی ئەم پیسداگەڕانە بە سەدان ساڵ کاریگەری هەیە، وەکو پیسداگەڕانی خاک و ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی. لە هەمانکات بەکارهێنانی زۆری پلاستیک و پاشماوەی زۆر مادە پلاستیکییەکان بۆ ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ سامناکە.

هۆکارەکانی پیسداگەڕانی ژینگەی کوردستان چییە؟
بە تێروانینی من کە بۆ ماوەی 20 ساڵە لە سێکتەری هۆشیاریی ژینگەیی کار دەکەم. هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە: نەبوونی دیدگا و پلانی ژینگەیی لەسەر کەرتی تایبەت و کەرتی حکومەت بە مانای ڕاستەقینە و هەموو هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی ئەولەویەتیان پاراستنی ژینگە بێت. دواتر زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوان بۆ شارەکان و نیشتەجێبوونیان بە شێوەی ئاسۆیی، نەکو بە شێوەی ستوونی. لە هەمانکاتیش سیستمی لاوازی کۆکردنەوەی پاشماوە و نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ دووبارە بە کارنەهێنانەوە زبڵ، کەمی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری ژینگەپارێزی، بەکارهێنانی زۆری ئۆتۆمبیل، نەبوونی سیستمی گواستنەوەی گشتی یان لاوازی، کەمی ئاگاداری و پەروەردەی ژینگەیی لە قوتابخانەکان و کۆمەڵگا، لاوازی بەجێگەیاندنی یاساکانی ژینگەپارێزی و کەمی سزادان، نەبوونی تەکنەلۆژیای پاک و نوێ لە بواری پیشەسازی و وزە، هەروەها شەڕ و ناسەقامگیری کە کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ژێرخان و پلانی ژینگەیی. کەمی بودجە و گرنگی نەدان بە پرۆژە ژینگەییەکان. دەتوانم بڵێم ئەمانەی سەرەوە گرنگترین هۆکارەکانی پیسوونی ژینگەی کوردستانن.

سەبارەت بە زۆری ژمارەی ئۆتۆمبیل لە کوردستان چۆن دەبینی و چارەسەری چییە؟
بەپێی پێوەرە جیهانیەکان پێویستە هەر پێنج کەس و ئۆتۆمبیلێکیان هەبێت، بەڵام کوردستان ٢ملیۆن ئۆتۆمبیلی لێ هەیە، زیاتریش. کەواتە ڕێژەی ئۆتۆمبێل زۆر لە پێوەرەکان زیاترە. ئەو هەموو ئۆتۆمبیلە واتە پیسداگەڕانی زیاتر و مەترسی بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتیان. بۆیە بۆ کەمکردنەوەی پیسداگەڕانی ژینگە لە شارەکانی کوردستان، پێویستی بە پەرەپێدانی سیستمی گواستنەوەی گشتی مۆدێرن هەیە. وەک میترۆ و پاسی خێرا، دروستکردنی ڕێگای تایبەت بە پاسکیل و هاندانی بەکارهێنانی، هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هیبریدی، سنووردارکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە ناوەندی شار و دروستکردنی پیادەڕەو (ناوچەی پیادە)، چێکردنی بەردەوامی ئۆتۆمبێلەکان و گەڕاندنەوەی ئەوانەی دووکەڵیان زۆرە، بەکارهێنانی سووتەمەنیی پاکتر و کەمکردنەوەی گۆگرد، چاندنی زیاتری دار لە شەقامەکان و دروستکردنی پارکی زۆر، دامەزراندنی وێستگەی پێوانی کوالێتیی هەوا، بەهێزکردنی یاساکان و سزادانی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن.

بۆچی کوردستان بەکارهێنانەوەی خۆڵ و خۆشاکی لێ نییە؟
تا ئێستا بە شێوە زانستی و پێوەرە جیهانییەکان (کارگەی دووبارە کارهێنانەوە لە کوردستان نییە) ئەوەی من ئاگادارم، دانانی ئەم کارگانە پێویستی بە بودجەی زۆر هەیە و حکومەتی هەرێم لە توانای نییە ئەم بودجە زۆرە تەرخان بکات بۆ ئەم سێکتەرە. لە هەماکاتیش کەرتی تایبەت گرفتی لەگەڵ کۆکردنەوە و پۆلینکردنی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک هەیە. بۆیە سوودوەرگرتن لە دووبارە بەکارهێنانەوە لە هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستێکی باش دانية. لە بواری ئاوەڕۆی پیسدا، گەرچی هەوڵەکان بۆ پاککردنەوە دەستیان پێ کردووە لە هەولێر و سلێمانی، بەڵام کارایی کەمە و زۆربەی ئاوەڕۆ بەبێ چارەسەر دەگوێزرێتەوە. لە بواری پاشماوەکاندا، چەند کارگەیەکی بچووک هەیە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز و پلاستیک، بەڵام سیستمی جیاکردنەوەی پاشماوە لە سەرچاوە بوونی نییە. پرۆژەکانیش پێویستی بە دامەزراندنی کارگەی مۆدێرنە بۆ چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دەستپێکردنەوەی سیستمی جیاکردنەوەی پاشماوە لە ماڵەوە (ئۆرگانیک، پلاستیک، کاغەز، شووشە)، دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی چارەسەرکراو بۆ ئاودێری و باخچەکان، دامەزراندنی کارگەی کۆمپۆست بۆ پاشماوەی ئۆرگانیک، هەروەها هاندانی کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی دووبارەبەکارهێنراو.

گومان لە چارەسەرکردنی پاشماوەی پزیشکی هەیە کە بە شێوەیەکی ژینگەیی چارەسەر ناکرێت، بۆچی وایە؟
لە هەندێک لە نەخۆشخانە حکومییەکان کوورەی سووتاندنیان هەیە. بەڵام لە زۆربەی شەقامە پزیشکییەکان کە تاقیگە و مەوادی پزیشکی بەکار دەهێنن تێکەڵ بە پاشماوی ماڵ دەکرێت. هەندێک جار لە هەولێر بە هۆی گازی میسانەوە گڕ دەگرێت و دەسووتێت. بۆیە سووتانی پاشماوەی پزیشکی (دەرمان، دەرزی، پاشماوەی نەشتەرگەری) مەترسیدارترین شێوازی لەناوبردنە، چونکە گازی ژەهراوی وەک دایۆکسین بەرهەم دێنێت کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی هەناسەدان. بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە، دامەزراندنی کارگەی تایبەت بە چارەسەرکردنی پاشماوەی پزیشکی بە تەکنەلۆژیای سەلامەت وەک ئۆتۆکلێڤ، مایکرۆوەیڤ، یان چارەسەری کیمیایی، جیاکردنەوەی قورسی پاشماوەی مەترسیدار لە پاشماوەی ئاسایی لە هەموو ناخۆشخانەکان، ڕاهێنانی تایبەت بۆ کارمەندانی تەندروستی، دانانی سیستمی توندی چاودێری و کۆنترۆڵ، بەرزکردنەوەی سزای ئەو دامەزراوانەی سەرپێچی دەکەن، هەروەها هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە. پلانی بەردەوام و بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەم بوارە زۆر گرنگە و دەبێ بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت.

لە کوردستان مادە پلاستیکییەکان زۆر بەکار دێت، ئایا زیانی کوشندەی لەسەر ژینگە و مرۆڤ هەیە؟
یەکێک لە کارەساتە ژینگەییەکان بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر مادە پلاستکییەکان لە خواردن و خواردنەوە و بەکارهێناندا، بێگومان بەپێی ڕاستە پزیشکییەکان هۆکارە بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە. لە هەماکاتیش کیسی پلاستیک (عەلاگە) کاریگەری زۆر خراپی هەیە، لەسەر ژینگە وەکو، پیسکردنی خاک و ئاو بۆ سەدان ساڵ، چونکە لەناو ناچێت، مەترسی بۆ ئاژەڵ و باڵندە کە دەیخۆن یان تێیدا گیر دەبن، دروستکردنی بەربەست لە ڕووباری ئاوەڕۆ و بوونە هۆی لافاو، بەرهەمهێنانی گازی مەترسیدار لە کاتی سووتان، پیسکردنی دیمەنی سروشتی و شار، هەروەها بەکارهێنانی نەوت لە بەرهەمهێنان. بۆیە پێویستمان بە چارەسەری هەمیشەیی هەیە وەکو، هاندانی بەکارهێنانی کیسی قوماش یان کاغەزی دووبارە بەکارهێنراو، دانانی باج یان قەدەغەکردنی کیسی پلاستیکی یەک جار بەکارهێنان یاخود بە پارە بە هاووڵاتیان بدرێت لە پێناو کەم بەکارهێنان، هەڵمەتی ڕاگەیاندن بۆ هۆشیارکردنەوە، هاندانی کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانی بژاردەی تر لەبری کێسی پلاستیک، هەروەها دابینکردنی سەبەتەی بازاڕکردن لە فرۆشگاکان. زۆر وڵات سەرکەو توبوون لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کیسی پلاستیک بە ئەم ڕێگایانە.
سەوزایی شارەکانی کوردستان و کاریگەری لە پاراستنی ژینگە چییە؟
ئێمە پێویستە ئاماژە بەوە بکەین. شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکی ژینگەیی لە کاتی خۆی دیزاین نەکراون. دواتر دانیشتوان بە شێوەی ئاسیی نیشتەجێ کراون و بە شێوەی ستوونی نییە. ئەم دوو هۆکارە وای کردووە لە شارەکانی کوردستان ڕێژەی سەوزایی پێوەر نەبێت. بەپێی هەندێک توێژینەوە پێویستە لە (30%) ناوچەکانی نیشتەجێبوون سەوزایی بن. بەڵام بە داخەوە ئەوە ڕێژەیە لە شارەکانی کوردستان نییە. بەپێی ڕوپێوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو. ڕێژەی سەوزایی لە خوار 13% بە تێکرا، بەڵام ئەم دواییانە هەنگاو نراوە لەوانەیە ئەو ڕێژە زیاتر کرابێت. بەڵام هێشتا لە ئاستی پێوەری سەوەزای نین.
بەپێی بەرارودی تر ڕێژەی سەوزایی کە ڕێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی پێشنیار دەکات لانیکەم (٩) مەتری چوارگۆشە شوێنی سەوز بۆ هەر کەسێک هەبێت، بەڵام هەولێر و زۆربەی شارەکانی کوردستان ئەو ڕێژە سەوزاییەیان بۆ دەستەبەر نەکراوە. سوودەکانی سەوز بۆ ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ زۆر گرنگە، وەکو باشترکردنی کوالێتی هەوا و کەمکردنەوەی کاربۆن دای ئۆکساید، کەمکردنەوەی پلەی گەرمی شار، دابینکردنی شوێنی پشوو و یاری بۆ خەڵک، پاراستنی باڵندە و گیانلەبەران، باشترکردنی تەندروستی دەروونی، هەروەها جوانکردنی دیمەنی شارەکان. لە هەمانکاتیش پێویستە هەموولایەکمان کار بۆ گەشەکردن و چاندنی دار لە شەقامەکان بکەین، لەلایەن حکومەتەوە پارکی گەورە دروست بکرێت و پاراستنی چیا و دارستانەکان بپارێزین و هاندانی هاووڵاتیان بۆ چاندن و پاراستنی دارستانەکان بدەین.

کارگە و پاڵاوگەکانی نزیک شارەکان، چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر هاوشاریان؟
یەکێک لە هۆکارەکانی پیسداگەڕانی ژینگە، ئەو کارگە و پاڵاوگانەیە کە بە شێوەیەکی ژینگەیی دانەمەزراون. بێگومان هەرچەندە ئەم کارگە و پاڵاوگانە نزیکی شار و شوێنی نیشتەجێ بن کاریگەری لەسەر پیسداگەڕانی ژینگە و تەندورستی مرۆڤ زیاتر دەبن.
لەم ڕوانگەوە گواستنەوەی کارگە پیشەسازییەکان و ناوچەی پیشەسازی لە دەرەوەی شارەکان، خزمەتێکی گەورە بە ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ دەکات. لە هەمانکاتیش هۆکارێکی باشە بۆ خاوێنبوونەوە و کوالێتی ژینگە و کەمبوونەوەی ژەهراویبوونی هەوا و دووکەڵ و کەمبوونەوەی ژاوەژاو و دەنگی بەرز و بۆنی ناخۆش بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون. دووری ئەم کارگانە، کاریگەریشی هەیە لەسەر کەمبوونەوەی پیسداگەڕانی ئاو و خاک و باشبوونی تەندروستی دانیشتووان و کەمبوونەوەی نەخۆشیەکانی هەناسەدان، کەمبوونەوەی قەرەباڵغی بارهەڵگر، دابینکردنی شوێنی زیاتر بۆ نیشتەجێبوون، هەروەها باشبوونی دیمەنی شار. بەڵام گرنگە ئەو کارگانە لە شوێنە تایبەتەکاندا سیستمی توندی ژینگەیان هەبێت، چاودێری بەردەوامی لەسەریان بکرێت، فلتەری پێویستیان هەبێت، ئاوەڕۆیان چارەسەر بکەن، هەروەها بەپێی پێوەرە ژینگەییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی کێشە بۆ ناوچەکانی دیکە دروست ناکەن.

هۆشیاریی ژینگەیی کاریگەری لەسەر پاراستنی ژینگە چییە؟
توێژینەوەی زانستی سەلماندوویەتی (هۆشیاری و یاسا) دوو هۆکاری بنچینەیین بۆ پاراستنی ژینگە. ئێمە لە کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو هۆشیاریی پاراستنی ژینگە بەشێوەیەکی گشتی بەدی دەکەین، بەڵام ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی هێشتا لە ئاستێکی نزم تا مامناوەندە بە شێوەیەکی گشتی. زۆرینەی خەڵک زانیاریەکی وایان نییە دەربارەی کاریگەریی کردارەکانیان لەسەر ژینگە. بۆ ئەوەی هاووڵاتیان هۆشیار تر مامەڵە لەگەڵ پرسە ژینگەییەکاندا بکەن، پێویستمان بە باشترکردن و دانانی پەروەردەی ژینگەیی لە مەنهەجی قوتابخانە و زانکۆکان هەیە. لە هەمانکات دەستپێکردنی هەڵمەتی بەردەوامی هۆشیاریی ژینگەیی لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پاککردنەوە و بەشداریکردنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بەکارهێنانی میدیای کۆمەڵایەتی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی. لایەنەیەکی تر بۆ پاراستنی ژینگە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان لەسەر هاووڵاتیان و بازرگان و کارگەکان و پاڵاوگەکانی نەوت جێبەجێ بکرێت لە کاتی مۆڵەتوەرگرتن و دانانی کارگە. مەسەلەی پاراستنی ئاو و کارەبا و بەکارهێنانی کشتوکاڵ بەیاسایی بکرێت بۆ ئەوەی کەس زیادەڕەوی نەکات لەو سامانە سروشتیانەی مڵکی هەموو هاووڵاتیانی کوردستانە.

رۆڵی مامۆستایانی ئاینی چۆن دەبینی لە پرۆسەی هۆشیاری کردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە؟
بێگومان مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی کاریگەر و زۆر گرنگیان هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئاگادار بکەنەوە لە پاراستنی ژینگە، بەتایبەتی پرسی پاراستنی ژینگە لە ئیسلامدا بە مافی گشتی هاتووە (حق الناس)ـە، هەر کەس و کۆمەڵەیەک ژینگە پیس بکات لە ئیسلامدا تاوانبارە و تاوانی دەرهەقی هاووڵاتیان کردووە. بۆیە مامۆستایانی ئایینی گرنگە پەیامی پاراستنی ژینگە بۆ موسلمانان و نوێژخوێنانی ڕۆژانی هەینی باس بکەن تا هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ژینگەپارێزی بن و پاراستنی ژینگە بە عیبادەت و خواپەرستی بزانن.

دوا پەیامتان لەمەڕ پاراستنی ژینگە چییە؟
پێویستە مرۆڤایەتی ئەوە بزانێت، تەندروستێکی باش، گەورەترین سامان و سەروەتی مرۆڤە. هیچ شتێک لە تەندروستیی مرۆڤ گرنگتر نییە لە دنیا. بێگومان تەندروستێکی باش لە ژینگەیەکی خاوێن و پاک بەدی دێت. کەواتە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ژینگە بە ماڵی خۆیان بزانن و خۆشیان بوێت، پێویستمان بە پەروەردە و هۆشیارێکی قوڵیی ژینگەیی هەیە و ژینگە بکرێتە کەلتور و ڕەفتاری ڕۆژانەی مرۆڤەکان لە تەمەنە جیاواز و قۆناغە جیاوازەکاندا. بەواتەیەکی تر مرۆڤ هەر پیشە و پسپۆر و بەرپرسیاریەتێکی هەیە لە کۆمەڵگا، دەبێت پرسی پاراستنی ژینگە پێش هەموو کار و بریار و بازرگانیەکی بێت، لە کەرتی تایبەت بێت یان کەرتی حکومەت. هەر کار و بریار و ڕەفتارێکی ناژینگەیی لە زهنی دا بە خیانەت و تاوان سەیری بکات. لە هەمانکاتیش بەستنەوەی ژینگەی پاک بە شانازی نیشتمانی و گرنگە ژینگەپارێزی بکرێتە بەشێک لە بەهاکانی کۆمەڵگا.