ئەرسەلان حەسەن
چیرۆک جیا لە هەر ژانرێکی ئەدەبی منداڵان ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر دەروون و ناخی منداڵ، چ لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکەدا یان بە خوێندنەوە و گێڕانەوەی بۆ منداڵ، خۆی لێ دەبێتە کارەکتەری چیرۆکەکە و دەیەوێت ڕاستەوخۆ خۆی لە شوێنی ئەو دابنێت و لاسایی بکاتەوە. بۆیە چیرۆکنووسین بۆ منداڵ پێویستی بەوەیە چیرۆکنووس لە کاتی نووسیندا، بزانێت چیرۆک جگەلە ئەرکە چێژ بەخشەکەی، ئەرکی سەرەکی پەروەردە و فێرکردن و گەیاندنی کۆمەڵێک بەهای جوان و باشە بە منداڵان، نەبوونی هەر یەکێک لەمانە لە چیرۆکەکەدا، بێگومان چیرۆکەکە ناتەواو دەبێت، کە ئەوکاتە هاتنەکەی ڕاگوزەرانە و دوور نییە کۆمەڵێک دەرهاویشتەی نەرێنی لەسەر دەرونی منداڵ دروست بکات.
چیرۆکی بۆ منداڵان نووسراو هاوشێوەی چیرۆکنووسین بۆ گەورەکان کۆمەڵێک بنەما و پرەنسیپی خۆی هەیە، حیکایەت و بەسەرهات نییە چۆنت بوێت بەوشێوەیە بیگێڕیتەوە. بەر لە هەر شتێک دەبێت چیرۆکنووس بزانێت ئەوەی چیرۆکەکەی بۆ دەنووسێت یان دەیخوێنێتەوە یان دەیگێڕێتەوە منداڵە. ناشکرێت نووسین، بە تایبەت نووسین بۆ منداڵان لە هەر ژانرێکدابێت بەوشێوەیە ئەو هەموو هەڵەیەی یان هەڵەی لەوجۆرەی تێدابێت،
مانای وشەکە بگۆڕێت و لە شوێنی بەکارهاتوودا هیچ مانایەک نەبەخشێت. منداڵ تێی نەگات و سەری لێ تێک بدات.
(١٠٠ چیرۆکی منداڵان)، ناونیشانی کتێبێکی نووسەر عەبدوڵا نەجمەدینە؛ ساڵی ٢٠٢٤ لە سلێمانی لە چاپخانەی زانا چاپ کراوە. ژمارەسپاردنی (٢٦٢٤)ی ساڵی ٢٠٢٤ی لە بەڕێوەبەرێتی کتێبخانەکانی هەڵەبجە وەرگرتووە. تیراژەکەی نەنووسراوە و ناوی دیزاینەر و تایپێستی لەسەر نییە. چاپی یەکەمە. لە بەرگێکی سادە و ڕەنگاوڕەنگی ١٥٨ لاپەڕەییدایە و وەک خۆی نووسیویەتی (١٠٠) چیرۆکی لەخۆ گرتووە بە قەبارەی ١٧*٢٥ سم.نووسەر لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسیویەتی ئامادەکردن: عەبدوڵا نەجمەدین، بەڵام لە لاپەڕە (٢)دا لە پێناسەی کتێبەکەدا نووسیویەتی: ناوی نووسەر، کە لە ڕاستیدا جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، ئامادەکار بەو کەسە دەڵێن بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک و ئەزموونی خۆی بابەتێک ئامادە دەکات، بەڵام نووسەر ئەو کەسەیە نووسینەکە بیرۆکەی خۆیەتی و خۆی نووسیویەتی؛ کە دەبوو مامۆستا ئەوەی ڕوونتر بنووسیایە. خۆ ئەگەر وەرگێڕانیش بێ، دەکرا لێی بنووسیایە وەرگێڕان: عەبدوڵا نەجمەدین. هەروەها لە جیاتی ١٠٠ چیرۆکی منداڵان – ڕاستەکەی ١٠٠ چیرۆک بۆ منداڵانە، چونکە چیرۆکەکان نووسەرێکی بەتەمەن نووسیونی نەک منداڵ خۆیان نووسیبێتیان تا بنووسرێت چیرۆکی منداڵان.
ئەگەرچی هەست دەکەم ئەو پێشەکییەی نووسەر بۆ ئەم کتێبەی نووسیوە لە سەرووی ئاستی منداڵانەوەیە، لە کۆتایی پێشەکییەکەشدا هەر نووسیویەتی ئامادەکردنی کە لەڕاستیدا پێویست نەبوو ئامادەکردنەکە بنووسرێت و تەنیا ناوی خۆی بنووسیایە و بەس، بەڵام نووسەر لەو پێشەکییەدا پێماندەڵێت مەبەستی لەو کۆمەڵە چیرۆکە چاندنی بەها ڕەسەنەکانی کۆمەڵی کوردەوارییە لەدەروونی منداڵان و ڕاهێنانیانە لەسەر (خۆشەویستی وڵات، ڕەوشتبەرزی، متمانەبەخۆبوون، ڕێزگرتنی بەرامبەر، پاراستنی مافی خەڵک و بەستنەوەی منداڵ بە ژینگە و سروشتەوە.
وریایی و وردبوون لە کاتی نووسیندا پێویستە و نابێت بەهیچ جۆرێک لەیاد بکرێت. ئەمە جگەلەوەی ئەم کتێبە لەڕووی ڕێنووس و زمانەوانییەوە پڕە لە هەڵە و هۆکەشی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە هەندێک نووسەر پێش ئەوەی کتێبەکەیان چاپ بکەن نیشانی شارەزایان و زمانزانانی نادەن کە شتێکی ئاساییە و لەوانەیە زۆربەی نووسەران لەو بوارەدا شارەزا نەبن و ئەمە لەناو نووسەرانی گەورەی دنیاشدا باوە و زۆربەیان هەڵەچن و زمانزان بە نووسینەکانیاندا دەچنەوە. بۆیە نیشاندانی کتێب بەرلە چاپکردن بە شارەزایان و زمانزانان کارێکی ئاساییە و دواجار کتێبەکە کە قۆناغەکانی پێداچوونەوە و زمانەوانی بڕی، هەم کتێبەکە دەبێتە کتێبێکی باش و هەم نووسەریش توشی ئەم کێشە و گرفتانە نابێت و منداڵیش ناکەوێتە ناو ئەم گێژاوەوە تا سەری لێ دەرنەکات.
دیارە نووسەر ئازادە لەوەی بۆخۆی خاوەن هەر بۆچوون و بیروباوەڕێک بێت، بەڵام ئەوەندەی بزانم و ئاگاداربم، بەپێی ستانداردەکانی جیهانی نابێت منداڵ تا تەمەنی دەگاتە (١٠) ساڵ، سەرقاڵی هیچ بۆچوون و ئایدۆلۆژیا و ئایینێک بکرێت کە نەک هەر نووسەری ئەم کتێبە، دیارە هەندێک نووسەر ئاوڕ لەم ستانداردە نادەنەوە و بە پێی بۆچوون و ئایدۆلۆژیای خۆیان بۆ منداڵ دەنووسن.
من نازانم مەبەستی نووسەر لە بەها ڕەسەنەکانی کۆمەڵی کوردەواریی چییە؟!! چونکە بەهاکانی کۆمەڵگا یەکجۆرن و تاوەکو ئێستا نەمزانیوە و نەمبیستووە بەهای ناڕەسەنیش “لەگەڵ ڕێزمدا”، هەبێت). دواجار ناشبێت لەبیرمان بچێت کە بەهاکانیش دانراوی مرۆڤن و پێشموانیە لادان لێیان بەزاندنی هێڵی سور بێت. ئەوەتا ئیمێڵ دورکهایم دەڵێت: کۆمەڵگا بنەمایەک لە بەهاو باوەڕەکان بۆخۆی دروست دەکات و هەرکەسێک لەوبنەمایانە دەربچێت، دەبێتە نامۆ، نەک بەواتایەکی نەخۆشانە، بەڵکوو بەواتای هەبوون، چونکە مەترسی دەخاتە سەر پێکهاتەی گوێڕایەڵی.
بێگومان بوونی وێنە لەگەڵ هەر چیرۆکێکدا کارێکی پێویستە، چونکە وێنە بەتەواوکەری چیرۆکەکە زانراوە و منداڵ دەتوانێت گەر لە چیرۆکەکەش نەگات، بە هۆی وێنەکەوە لە چیرۆکەکە بگات، بەڵام چیرۆکەکان هیچ وێنەیەکیان لەگەڵدا نییە، کە باشتر بوو هەر چۆنێکبێت، هەر چیرۆکێک وێنەیەکی لەگەڵدابووایە و ناکرێت چیرۆک بۆ منداڵان بەبێ وێنە بێت.
بەدڵنیاییەوە هەموو چیرۆکەکان پەروەردەیین و مامۆستا عەبدوڵا وتەنی: (مەبەست تیایاندا گەشەدانە بە هرزوبیری منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیرییان)، بەڵام ئەوەی لەم کتێبەدا ناتوانێت هاوڕامان بکات لەگەڵ مامۆستا، دەبوایە ئامانجی سەرەکی مامۆستا خۆی بووایە کە بۆخۆی مامۆستایە، فەرامۆشکردنی لایەنی پەروەردەیی و بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشەی نەشیاو و نەگونجاوە بۆ منداڵ لەڕووی پەروەروەردەییەوە. کە جگەلە بەکارهێنانی چەندان وشەی نامۆ بە فەرهەنگ و دنیای منداڵان: (جگەرەکێشان، درۆ، سەرشۆڕی، خوێن، دز، سەربڕین، زۆرگێلی، بێ عەقڵی نەفام…) و هەندێک هەڵەی تایپیش کە مانای وشەکەی بەتەواوی گۆڕیوە و مشتێک نموونەی خەروارێکە: (شێوێکی-شیوێکی، تەوڕە-تووڕە، گەرما-گەرم، لەنێوان-لەناو، حەزێکی-حەوزێکی، کەرویش-کەروێشک، ئەسپانی-ئیسپانی…). هەروەها لە هەڵەی تایپ و ڕێنوس بەدەر نییە و هەندێک وشەی عەرەبی بەکارهێناوە کە ئێمە لەژیانی ڕۆژانەماندا بەکاریان دەهێنین و باشتربوو لەبری ئەو وشانە، وشەی کوردی بەکار بهێنایە: (خەبەر کردەوە، تفاق، سەقف…). هەروەها هەندێک لە وشەکان پێویستییان بە پەراوێز و ڕوونکردنەوەیە: (گاسن، کاخەکەی، ستەمکار، تێی دەنیشم، کەری وەحشی، تەرازووبازی…).
سەرچاوە: ١٠٠ چیرۆکی منداڵان، ئامادەکردنی عەبدوڵا نەجمەدین، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٤، سلێمانی، چاپخانەی زانا.

