محمد لادێ – ههولێر
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دەستپێکی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان، کە بۆ ماوەیەک ڕاگیرابوو، وا خەریکە پرۆسەکە دەست پێ دەکاتەوە و دەچێتە قۆناغی دووەم و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پسوولەی خۆڕاکی هاووڵاتیان لە سەرجەم شارەکانی هەرێم بکرێتە ئەلیکترۆنی؛ کە دەبێتە هۆی کارئاسانییەکی زۆر بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.
بەمەبەستی ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان حکومەت بڕیاری بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراکی دەرکرد و کرا، لەماوەیەکی کەمدا ٨٧٪ـی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان تۆمار کرد، ئەو بەشەی ماوە دوای کاراکردنەوەی ئەپلیکەیشنەکە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
جێی باسە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ٢ملیۆن و ٧٤هەزار و ١٢٩ کەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و٩٦٠هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٢٠هەزار کەس؛ مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتی، “ڕاهێنان بە فەرمانبەرەکانمان تەواو بووە، تەنیا دابینکردنی پێداویستی لۆجیستی ماوە بۆ ئەوەی ڕێکارەکان دەست پێبکەن و ئەپلیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە، ڕەنگە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو پرۆسەکە دەست پێ بکاتەوە.”
جێی باسە، هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و ٣٨٥هەزار و ٨٢٠ كەس كە پسوولەی خۆراكیان هەیە، تاوەکو ئێستا ٤ملیۆن و ١٨٧هەزار و ١٢٤كەس پسوولەكانیان كردووەتە ئەلیکترۆنی، تەنها ١٣٪ـی هاووڵاتیان ماون خۆیان تۆماربکەن.
دوای کاراکردنەوەی ئەپلیکەیشنەکە لە قۆناغی دووەمدا چەند خزمەگوزاریەک بەردەست دەبن؛ لەوانە: خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاونیشتمانیان لە گواستنەوەی پسوولە لە بریكارێك بۆ بریكارێکی دیکە، یان لە شارێك بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ناوی منداڵی نوێ و دروستکردنی پسوولەی خۆراک بۆ ئەو كەسانەی هاوسەرگیریان كردووە و پسوولەی خۆراكیان نییە.
ئەڵبەت پرۆسەکە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامی هەیە؛ لە قۆناغی یەکەمدا، کارتی بریکارەکان کرانە ئەلیکترۆنی، دواتر مامەڵەی هاوڵاتیان و خۆتۆمارکردنیان دەستیپێکرد بەڵام پرۆسەکە کاتێکی زۆری پێویستە، چونکە هەر پرۆسەیەکی نوێ کاتێکی زۆر و شارەزاییەکی زۆری دەوێت بەتایبەت بۆ هاووڵاتیان. هاوکات بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکات لە جێبەجێکردنی مامەڵەکانیاندا.

