رۆژنامەی ھەولێر

پاكانە

حەمید قەڵادزەیی

 

زویر مەبە
خۆم پێت دەڵێم
تەنها سێ جار
نهێنی تۆم دركاندووە
جاری یەكەم
لە كەناری زێی بچوك*
باسی خلیسكانی پەنجەكانم
لە سەر پشتی مێ ماسییەكی مەكرباز
بۆ ماسییەك گێڕایەوە
جاری دووەم
لەژوانێكا
باسی تریفەی چاوەكانتم
بۆ مانگەشەو كردووە
جاری سێیەم
كەمێك لەمەڕ
ئەفسوون و
سازگاری تۆ
بۆ كانی مەلا سەعدی* دواوم
ئیدی چۆن چۆنی بزانم
تۆ لەگەڵ تریفەدا ڕژاوی و
لە كانیدا
ماڵێكت چێكردووە و
لەگەڵ ماسی دەستەخۆشكی؟!
ــــــــــــ
*زێی بچوك، لە ڕۆژهەڵاتەوە دێ و بە كەناری قەڵادزێدا تێدەپەڕێ
* كانی مەلا سەعدی، یەكێكە لە كانییە بەناوبانگەكانی قەڵادزێ