رۆژنامەی ھەولێر

نەریمانی بابان، دوایین کۆنسێرت لە سلێمانی ساز دەکات

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

وا بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو ٤ی ١٠ی ٢٠٢٥، هونەرمەندی بەتواناو بە ئەزموون (نەریمانی بابان) لە هۆڵی شانۆی رۆمانی لە پارکی هەواری شاری سلێمانی، کۆنسێرتێکی جەماوەری سازبکات.

(ماک) ناوی کۆنسێرتەکەی نەریمانی بابانە و بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ماک وشەیەکی جوانی کوردییە و هەر شتێک لە ژیاندا ئاسەوار جێبهێڵێت پێی دەوترێت ماک، بۆیە ئەوانیش ئەو ناوەیان بەلاوە جوان بووە.
نەریمانی بابان لە مانگی ٢ی ئەمساڵ کۆنسێرتێکی دیکەی لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی سازکردبوو، بەڵام ئەو کاتە بەهۆی بچووکی شوێنەکەوە داوای دووبارەکردنەوەی کۆنسێرتەکەیان لێکردبوو.
نەریمان بابان وتی “راستە هۆڵی شانۆی رۆمانی زۆر گەورە و فراوانە، بەڵام خەونم بوو لەوێ کۆنسێرت بکەم و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە بەڵێنم دابوو کۆنسێرتێکی دیکە بکەم، شانۆی رۆمانی شوێنێکی زۆر باش و گونجاوە، دوای ئەم کۆنسێرتەش دواتر بۆ چەند ساڵێکی زۆر، لە سلێمانی کۆنسێرت ناکەین، دەچینە ناوچەکانی دیکەی کوردستان”.
دەربارەی وتنی گۆرانی تازەش لەو کۆنسێرتە، ناوبراو وتی “گۆرانییەکانم زۆرن، بەڵام هەندێجار گۆرانی تازە لەبەرئەوەی پێشتر گوێگر و هەواداران نەیانبیستووە، بۆیە ناتوانن بیڵێنەوە، بۆیە زیاتر گۆرانی کۆن دەڵێینەوە”.