رۆژنامەی ھەولێر

سبەی نۆیەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە کەرکووک ڕادەگەیەنرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

وا بڕیاره سبەی چوارشەممە ٢٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە گۆڵدن تاوەر، نۆیەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەرکووک بۆ شانۆی شەقام لە لایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵە لە کاتژمێر ٤ـی ئێوارە لە ئیڤێنتێکی تایبەتدا ڕابگەیەنرێت.

لەو چالاکییە هونەریەدا پەردە لەسەر پەیکەری فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکە لادەدرێت و شانۆگەرییەکی شەقام بە بەشداری هونەرمەندانی کەرکوک نمایش دەکرێت و پاشان گرووپێکی موزیکی دیاری ئەو شارە بە چەند پارچە موزیکێک، کە گوزارشت لە جوانیی فێستیڤاڵەکە و هەنگاوەکانی کەرکوک بۆ هونەری شانۆ دەکات پێشکەش دەکرێت و دواتر چەند گۆرانییەکی تایبەت بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمان لەگەڵ چەند تابلۆیەکی پێکەوە ژیان لەو شاره، کە لە لایەن گرووپێکی هەڵپەڕکێی ئەو شارە ئامادەکراوە پێشکەش دەکرێت و جگە لە گوتنەوەی چەند گۆرانییەکی فۆلکۆر، کە پڕن لە ڕەسانەیەتی هونەری کوردی و تا ئێستاش بە نەمری ماونەتەوە و لەم ئیڤێنتەشدا، کە هونەرمەند “نەژاد نەجم” بۆ ماوەی ٩ ساڵە وەک سەرۆک و ڕێکخەری فێستیڤاڵەکەیە پێشکەش دەکرێن، هەر لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە کەرکوک وتارێکی تایبەت بە فێستیڤاڵ و دەستەی ڕێکخەران و وردەکاری و بەشداری وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە لایەن “نەژاد نەجم” سەرۆکی فێستیڤاڵ دەخوێندرێتەوە، پاشان پڕۆگرامی ڕۆژانی بەڕێوەچوونی چالاکییەکان دەخرێتە ڕوو.