رۆژنامەی ھەولێر

ڕێژەی سەوزایی لە کەلار گەیشتە سەدا هەشت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ساڵی 2012 ڕێژەی سەوزایی كەلار، (4.4) بووە، بەڵام ساڵی 2025 بەپێی ئامارێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار، ڕێژەی سەوزایی بەرز بۆتەوە بۆ نزیكەی (8%) و، ئەوە مایەی دڵخۆشییە.

ئێستاکە قەزای كەلار خاوەنی ٢٥ ناوبەندی شەقام و ٦٨ باخچە و ٤ دارستانی دەستكردە.
بەڵام بە پێچەوانەوە كاتێ بەنێو گەڕەك و شەقامە سەرەكییەكاندا تێدەپەڕی، تاكە شارە لە كوردستان كە لە شوێنی تونێلی كۆنكرێتی تونێلی درەختی هەیە.
مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ “هەولێر” دەڵێت: “بە خۆشحاڵییەوە بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆوە بینیوە، لەوەش گرنگتر كێشە و قەیرانە داراییەكان نەیانتوانیوە ئەم بەرەو پیشچوونە ژینگەییە ڕابگڕن، ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبونی سەرۆك و بەشی باخچە و ئەندازیارانی كشتوكاڵی و ژینگە پارێزەكان بووە. بۆیە من داوا دەكەم، سەرەڕای پێشكەوتنەكانی تری قەزاكە، لە زۆر ڕووەوە، لە ناویشیاندا ژینگە و ڕێژەی سەوزایی، كەلار نازناوی (پایتەختی سەوزەڵانی)ـی پێ ببەخشرێت، كە من پێم وایە جوانترین ناوە و شانازییە بۆ دانیشتوانەكەی كە هەڵگری ئەو ناوە بن و ئەمەی باسی دەكەم ڕێك بەوە دەچێ داواكارییەك پێشكەشی زیرەكی دەستكرد بكەی و پێی بڵێ، تكایە، لە ماوەیەكی كەمدا ڕێژەی سەوزاییی كەلارمان بۆ بەرز بكەرەوە.
لەوەش گرنگتر چەند ساڵێكی تر بەشێك لە درەختی ناو بلوارەكان بەرهەمەكانیان پێ دەگات و ئیتر دەتوان بڵێن (خورما) لە كەلاریش زۆرە، نەك هەر لە (خاڵس).