عەبدولقەهار هەولێری – هۆڵەندا
خانووی چوارگۆشەیی هەڵگەڕاو، کە بە ناوی (کوبوسۆنینگن) ناسراون، پڕۆژەیەکی تەلارسازی ناوازەیە لەهۆڵەندا پێکهاتووە لە کۆمەڵێک تەلار و بینا کە شێوەی چوارگۆشەی هەڵگەڕاوەیان هەیە. لە ساڵانی حەفتاکانی سەددەی ڕابردوودا دیزاین کراون و لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٨٤ دروستکراون، لە ناوچەی شارستانی بلاک هەڵکەوتوون و دوور نین لە ناوەندی شاری ڕۆتەردام لە هۆڵەندا.
خانووی چوارگۆشە هەڵگەڕاوەکان کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونە کە ٣٩ یەکە لەخۆدەگرێت، لەسەر بنەمای چەمکی ئەندازەیی کۆمەڵێک (دار لە دارستانێکدا) دامەزراوە. هەر چوارگۆشەیەک نوێنەرایەتی شوققەیەک دەکات، ٤٥ پلە مەیل بووە و بە تەواوی بەستراوەتەوە بە چوارگۆشەیەکی دیکەوە، وەک لقێکی دار. ئەو ستوونە شەش گۆشەییانەی کە لەسەری وەستاوە، بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ ڕێکخراون، هێمای چەقۆکانن، لە دارستانێکی کۆنکرێتی مۆدێرن دەچن.
ڕووبەری ناوەوەی خانووەکان زۆرترینی دەگاتە ١٠٠ مەتر چوارگۆشە و دەرگاگەی چوونە ژوورەوە و ژووری میوان و چێشتخانە و دوو ژووری نووستن و گەرماوێکی تێدایە کە لەسەر سێ نهۆم ڕێکخراوە. لە هەندێک شوێن بەرزی دیوارەکان لە مەتر و نیوێک زیاتر نییە و تەنانەت کەلوپەلەکانیش بە شێوەیەکی تایبەت و سەرەنج ڕاکێش دیزاین کراون بۆ ئەوەی لەناو ئەو شوێنە ئاڵۆزانەدا جێیان ببێتەوە، کە زۆرجار لە گۆشە و لێوارە بەکارنەهێنراوەکان پێکهاتوون. لێواری تایبەتی ژوورەکان و ئەندازەیی نائاسایی دیوارەکان و پەنجەرە گەورە و مەیلەکان دیمەنێکی ناوازەی هەناسەبڕکێ درووست دەکەن.

