رۆژنامەی ھەولێر

لیسا سەردار بووە جێی شانازیی کورد لە بەریتانیا

مناڵە کوردێکی تەمەن پێنج‌ساڵان بە ناوی لیسا سەردار، لەدایکبووی بەریتانیا، کە لە شاری نۆتنگهامدا دەژیێت، پلەی دووەمی لە پێشبڕکێی خوێندنەوەی کتێبی منداڵاندا بەدەست هێنا؛ ئەم سەرکەوتنە شانازییەکی گەورەیە بۆ کورد لەسەر ئاستی جیهان.

لیسا، کە تاکە منداڵی کورد بوو لە گرووپەکەیدا، لە ماوەی پشووی هاوینەدا توانیی بیستوچوار کتێبی منداڵان بخوێنێتەوە. ئەم کتێبانە چیرۆک و بابەتی بەسوودبوون بۆ بەهێزکردنی بیر و هۆشی منداڵان. بە هۆی ئەم سەرکەوتنەوە، لیسا بووە یەکەم منداڵی کورد کە بڕوانامەی خوێندنەوەی کتێبی منداڵانی بە زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا بەدەست هێنابێت.
لیسا دەڵێ: “من زۆر حەزم لە خوێندنەوەیە و هیوادارم لە داهاتوودا ئاستی خوێندنەوەم زیاتر بکەم و بەردەوام بم. بەتایبەتی لە کاتی پشووەکاندا چێژ لە خوێندنەوەی کتێبی منداڵان وەردەگرم و شەوانیش چیرۆک دەخوێنمەوە.”
هەروەها وتیشی: “من سوودێکی زۆرم لە پشووی هاوین وەرگرت و توانیم ڕێژەیەکی زۆر لە کتێبەکانی منداڵان بخوێنمەوە. ئەمڕۆ لەلایەن شارەوانی نۆتنگهامەوە بڕوانامەی خوێندنەوەی کتێبی منداڵانم بە زمانی ئینگلیزی وەرگرت.”
لیسا پەیامێکیشی بۆ منداڵانی جیهان و کوردستان هەیە و دەڵێت: “داوا لە منداڵانی جیهان و کوردستان دەکەم کتێبی منداڵان بخوێننەوە، چونکە بیر و هۆشیان فراوان دەکات. دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد، چونکە زۆر بەکارهێنانی بۆ منداڵ خراپە.”
لەکۆتاییدا، لیسا سوپاسی دایک و باوکی دەکات کە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێبی منداڵانیان نیشان داوە و هانیان داوە کە لە مۆبایل دوور بکەوێتەوە. ئەو دەڵێت: “دەمەوێت بڵێم من یەکەم منداڵی کوردم کە بڕوانامەی خوێندنەوەم پێ دراوە لەلایەن شارەوانی نۆتنگهام لە وڵاتی بەریتانیا.”