رۆژنامەی ھەولێر

مـاڵـە بـەخـتـەوەرەکـە

کـاروان عـەلـی

دەقـی شـانـۆیـی

کەسایەتییەکان
باوک
دایک
یاوەر
هاوڕێی یاوەر.

(دیمەنی یەکەم- باوک لە کێڵگەدا کار دەکات، کەرەستەکانی کێلگەی پێیە، خۆر دەدرەوشێتەوە)

یاوەر: بەیانیت باش باوکەگیان، بۆچی لە ژێر خۆری گەرمدا کار دەکەیت و ئەوەندە خۆت ماندوو دەکەیت؟

باوک: (ئارەقەی ناوچاوانی دەسڕێتەوە) بەیانیت باش کوڕم، من کاردەکەم، تا باشتر بژین، کاردەکەم بۆ ئەوەی خواردن و جلوبەرگ بۆ خۆمان پەیدابکەم، بۆ ئەوەی باشتر بژین، کارکردن جێگای شانازییە.

یاوەر: (بیردەکاتەوە): بەڵام باوکە گیان تۆ زۆر ماندوو دەبیت؟

باوک: بەڵێ کوڕم، ماندوو دەبم، بەڵام کوڕی خۆم کورد دەڵێت: دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە. کوڕە شیرینەکەم دڵنیابە ماندوێتی من نامێنێت کاتێک تۆ و دایکت بە دڵخۆشییەوە دەبینم.

(باوکەکە دەست لە شانی کوڕەکەی دەدات و بە هێواشی دەڕوات، یاوەر بەردەوامە لە بیرکردنەوە).

(دیمەنی دووەم- ماڵەوە، دایک ماڵ پاک دەکاتەوە و خواردن ئامادە دەکات، یاوەر یاری دەکات)

دایک: (ماندووە) ئاهـ… چەندە ماندووم، خۆزگە کەسێک کەمێک یارمەتی دابام، بەڕاستی کاری ماڵ پێویستی بە هاوکارییە،(لەبەر خۆیەوە) ئێستا کچێکم هەبوایە، کەمێک پشووم دەدا، یارمەتی دەدام… ئای چەندە ماندووم.

یاوەر: (گوێی لێدەبێت، یارییەکەی لا دەبات) دایەگیان کچ و کوڕ جاوازی نییە، من یارمەتیت دەدەم، چیتر ناهێڵم ئەوەندە ماندوو بیت. (گسکەکە هەڵدەگرێت و دەست دەکات بە پاککردنەوە).

دایک: (بە خۆشحاڵیەوە) ئەی گیانی دایکە، تۆ چەندە ژیر و میهرەبانی، سوپاس بۆ هاوکاری و یارمەتیدانت، ماڵ بەهاوکاری و یارمەتیدان ئاوەدان و پڕ بەرهەم و پڕ خێروخۆشی دەبێت.

(باوک بە ماندووییەوە دێتە ژوورەوە و دیمەنەکە دەبینێت)

باوک: (بە دڵخۆشییەوە): سوپاس بۆ خودا، کوڕەکەم، کوڕێکی ژیر و چاکە، هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکات، وەرە کوڕی شیرینم، ماچێکم بدەرێ با ئارامببمەوە و پشووویەک بدەم، (ماچی دەکات) ئافەرین، کارێکی باش دەکەیت کە یارمەتی دایکت دەدەی، ئەمە شانازییە، منیش شانازیت پێوە دەکەم.

یاوەر: (بە پەرۆشەوە): سوپاس باوکە گیان، ئێوەش شانازین بۆمن، باوکە ئێوە هەردووکتان زۆر ماندوون، کار بۆ من دەکەن، ئێستا نۆرە و کاتی منە یارمەتیتان بدەم.

(باوک و دایک پێدەکەنن و هەردووکیان یاوەر لەباوشدەگرن و ماچی دەکەن)

(دیمەنی سێیەم- قوتابخانە، یاوەر لەگەڵ هاوڕێکەی لە گۆڕەپانی قوتابخانە دانیشتووە)
هاوڕێکەی یاوەر: یاوەر بۆچی یارمەتی دایکتدا؟ خۆ دایکت نەخۆش نییە، پاککردنەوەی ماڵ کوا کاری تۆیە؟ ئەوە کاری دایکتە نەک تۆ…
یاوەر (قسەی پێدەبڕێت) نەخێر هاوڕێ، ئەوە کاری منە، دایبابان زۆر کار بۆ ئێمه دەکەن، ئێستا من گەورەبووم و پێویستە هاوکاری ئەوان بکەم، بەڕاستی من زۆرم خۆشمدەوێن و یارمەتییان دەدەم، هاوکاری و یارمەتی دان، خێزان کامەران و بەهێز و دڵخۆش و بەختەوەر دەکات….
هاوڕێی یاوەر: (بیر دەکاتەوە، پاشان زەردەخەنە دەکات) ڕاست دەکەیت، من هەڵەم، لەمڕۆ بەدواوە لەسەر دەستی تۆ منیش یارمەتی دایکم و باوکم دەدەم.
(دایبابی یاوەر دێنە سەر شانۆ و بانگی یاوەر دەکەن)
باوک: وەرە کوڕی ئازیزم، با پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە.

دایک: ماڵ بەبێ تۆ هیچ تام و چێژی نییە،
تۆ چرای ماڵی، بابچینەوە خۆشەویستی دایە.
یاوەر: (دەستیان دەگرێت) دایکە گیان، دایەی شیرینم، ڕووناکی چاوم، بابڕۆین، دڵخۆشم کە ئێوەم هەیە، دایکە گیان تۆ چرای ماڵ و ئاوەدانی ماڵەوەی، باوکە گیان تۆ هێز و
ئارامی ماڵەکە خۆشەویستەکەمانی، تۆ هێمای خۆڕاگری و پشت و پەنای بۆ ئێمە.
هەموو: (پێکەوە، بە دەنگی بەرز ئەم گۆرانییه دەڵێن)
ئێمە خێزانین
بۆ یەکتر چراین
بەسۆز و دڵسۆز
بۆیەکتر دەژین
ئارام، ئاسووده
بەهێزین لە ژین
ئێمه خێزانێ
هاوکار و جوانیین
لەگەڵ یەکتردا
زۆر میهرەبانین
بەبەختەوەری ڕێگای ژین دەگرین
ڕێگای دژواری ژیان پێکڕا دەبڕین.

(پەردەی شانۆ بە مۆسیقایەکی نەرم دادەخرێت)