کاروان عەلی
کچەکەم زۆر لە مێروولە دەترسا، بۆیە هەمیشە ئامۆژگاریمان دەکرد، زۆرجاریش ئەگەر ئاگادار نەبووینایە بەژێر پێیەکەی خۆی دەیکوشتن، ڕاستە ئێمه زۆر ئامۆژگاریمان دەکرد و پێمان دەگوت ئەوانیش وەکوو مئێمه ژیان و بەرنامه و پلانی خۆیان هەیە، زیانیان بۆ مرۆڤ نییە، کوشندە نین وەکوو دووپشک و هەندێک جۆری مار، بۆیە نابێت لەناویان بدەی، یان بیان کوژیت، بەڵام ئەغو هەر دەترسا و بە گوێی نەدەکردین.
ڕۆژێک بەیانی زوو لەناو باخچەکەمان بووم، هاتە لام و گوتی: دایکە دەزانی ئەمشەو لە خەوما مێروولەکان ژیانی منیان ڕزگارکرد! منیش پێم گوت چۆن؟! ئەویش گوتی: چەند مێروولەیەکی گەورە لە قەراغ گۆمی ئاوەکەی ئاوایی ڕاوەستابوون، منیش لە ترساندا ڕامکرد و پێم هەڵخلیسکا و کەوتمە ناو گۆمەکەوە، مێروولەکان زۆر دڵگران و پەرێشان بوون، بۆیە بە هەموویانەوە گوریسێکیان بۆ فڕێدامە ناو ئاوەکەوە، دانەیەک لە هەموویان گەورەتر بوو هاواری کرد: تریسکە خێرا ئەو گوریسە بگرە، منیش خەریک بوو بخنێکم، گوریسکەم گرت و بە هەمووان ڕایانکێشام و منیان لە خنکان ڕزگارکرد.
لە خەونمدا بەر لەوەی بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، مێروولە گەورەکە چیرۆکێکی خۆیانی بۆ گێڕامەوە و گوتی: هاوڕێکەم گوێبگرە، لەم چیرۆکە تێبگە و ئەوسا بڕۆوە.
منیش بە ترسەوە گوتم: باشە.
گوتی: ڕۆژێک بۆقێک هەمیشە هاوڕێکانی ئێمەی دەخوارد، لە نزیک شارەکەی ئێمه بە دەنگ و دوژمنایەتییەکەی زۆر بێزاری کردبووین، بۆیە بڕیارماندا پلانێکی بۆ دابنەین، بۆیە پلانماندانا و بڕیارماندا، کە زیانی لێنەدەین، تەنها وانەیەکی فێربکەین، بۆ ئەوەی بزانێت و فێربێت کە چیتر بێزارمان نەکات و نەمانخوات، دەستمان کرد بە هەڵکۆڵینی بن ماڵی بۆقی لاسار، پاش ماوەیەکی زۆر چاڵێکی گەورەمان هەڵکۆڵی و بن ماڵی بۆق بۆش بوو، بۆیە ماڵەکەی داتەپی، بۆق کەوتە ناو چاڵەکەوە، هەرچەندی دەکرد نەیدەتوانی لەناو چاڵە قوڵەکەدا خۆی دەرباز بکات، بۆیە چووینە لای و پێمان گوت: بۆقی بەڕێز ئێمە هاوکاریت دەکەین، نیگەران مەبە. بۆق کاتێک هەڵوێستی ئێمەی بەباشە بینی زۆر پەشیمان بووەو سەری سووڕما… گوتی: ئێوە هاوکاری من دەکەن و لەم چاڵە قۆڵە دەرمدەهێنن؟! ئێمەش گوتمان بەڵێ، ئەوە ئەرکی ئێمەیە هاوکاری یەکتری بکەین و یەکتری ئازار نەدەین. بۆق بەم قسەیە کەوتە بیرکردنەوە و گوتی: ئێوە بەڕاستی هاوکاری من دەکەن؟ من ڕۆژانە هاوڕێکانی ئێوە لە نزیک گۆمەکە دەخۆم و بە قیرە قیر ئێوە بێزار دەکەم، ئێستاش ئێوە من لەم چاڵە قوڵە دەردەهێنن؟!
گوتمان بەڵێ.
بۆق زۆر شەرمەزار بوو، گوتی: تکایە بڕۆن، دەرممەهێنن، من شایانی ئەم چاکەیەی ئێوە نیم… شەرمەزاری ئێوەم، نازانم چیتان پێبڵێم.
ئێمەش هەموو بە پێی پلانی خۆمان بە خێرایی بە خۆڵ چاڵەکەمان پڕکردەوە و بۆقەکەش هێدی هێدی لەگەڵ پڕکردنەوەی چاڵەکە بەسەر دەکەوت، تا هاتە دەرەوەو گوتی: بەڵێن بێت تا من بمێنم ئەگەر لە برسیاندا بمرم ئێوەی میهرەبان و ژیر ناخۆم، هەمیشەش پاڵشتیتان دەکەم و هەرچییەکتان پێویست بوو من هاوکار و دڵسۆزی ئێوە دەبم. لەم کاتەدا مێروولەیەکی بچکۆلە پێی گوتم: هیودارین لە چیرۆکەکەمان تێگەیشتبی، ئێستاش بڕۆوە، کات درەنگە، ویستم قسەبکەم و بڵێنم منیش… گازێکی لێدام و بەخەبەر هاتم. ئێستا چیبکەم دایکە؟
منیش پێم گوت: گیانی دایکە، ئێستا تۆ لە چیرۆکەکەیان تێگەیشتی یان بۆت ڕوونبکەمەوە؟
تریسکە خۆی فڕێدایە باوەشم و گوتی: تێگەیشتم، ئێوە ڕاستتان دەکرد دایکە گیان، ئەوان میهرەبان و بێ زیانن، نەدەبوو لێیان بترسم و ئازاریان بدەم، بەڵێن بێت چیتر ئازاریان نادەم.

