ئارام كۆشكی – سلێمانی
چەند ساڵێک لەمەوبەر کاتێک بەشێکی زۆر لە داستانەکانی ئەمەزۆن لە بەڕازیل سووتا لە ناخەوە نیگەران بووم. ئەوە نیگەرانی کردم ئەوە نییە ئەمەزۆنم بینیبێت و پیاسەم تێدا کردبێت، بەڵکو نیگەرانی من بۆ ئەو سروشتە جوانە بوو، کە سەرچاوەی ئۆکسجینە بۆ چەندین ملیۆن مرۆڤ. ئەم نیگەرانییەم بۆ داستانەکانی سنە و پێنجوێن و ئوستورالیا و تورکیا و هەموو جێگەیەکی دیکەش بەو شێوەیەیە، ئێمە لە ماڵێکی گەورەداین لەسەر زەوی گرنگە هەموو جێگەیەکی ئەم ماڵە بە هی خۆمان بزانین تا ژیانی هەموان بە هەناسەی گەش و پاکەوە بەردەوام بێت.
ئەم هەفتەیە کاتێک دارستانەکانی هەڵەبجە گڕیگرت و بەشێکی زۆری سووتا و بەداخەوە دوو ژینگەدۆست و بۆ پاراستنی داستانەکان و لەپێناو کوژانەوەیدا بە سەختی برینداربوون و دواجار شەهید بوون. ئەمە نیگەرانییەکەمی کرد بە خەم. هەڵەبجە تەنها شارێکی ئاسایی نییە، هیچ جارێک نییە کە ناوی بهێنرێت خورپەیەک بە دڵمدا نەیەت، یان کە پێیدا گوزەر دەکەم برینەکانیم بیر نەکەوێتەوە. سووتانی دارستانەکانی هەڵەبجە لە هەموو جێگەیەکی دیکە زیاتر بووە نیگەرانی خەم بۆم، هەستم بە دووبارە شەهیدبوونەوەی ئەو شارە کرد.
سروشتی هەڵەبجە کە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس بە سەدان شێوە دەستدرێژی کرابووە سەری و هەر لە کاولکردنەوە تا مینڕێژکردن و سووتاندنی، بەڵام دوای ڕاپەڕین بەرەو بوژانەوە و گەشانەوە و سەوزبوونەوە چوو و قۆناغی گرنگی گەشانەوەی بڕی. سەدان باخ و کێڵگەی نموونەیی تێدا دەرکەوت، کە نەک شانازییە بۆ شارەکە، بەڵکو شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە سووتانی هەڵەبجە و سروشتە ناوازەکەی، چەشنی دووبارە شەهیدبوونەوەی بوو، هەر بۆیە بۆ کوژانەوەی شەهیدی دیکەی بۆ کردە قوربانی.
نووسەر و چیرۆکنووس ئێرنست هەمەنگوای لە ڕۆمانی “پیرەمێرد و زەریا”دا ڕستەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێشی هەیە، کە دەڵێت، “مرۆڤ شکست دەهێنێت بەڵام نابەزێت.” دەشێ هەر بەهۆی ئەم ڕستەیەشەوە بێت، کە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات پێ درا. دەمەوێت بڵێم ئەم ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیەی هەڵەبجە، کە چەند ڕۆژێکی خایاند و قوربانی زۆری بۆ درا دەشێ سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ هەستانەوە، چونکە هەمەنگوای گوتەنی مرۆڤ نابەزێت. هەڵەبجە ئەو شارەیە، کە وێرانکردن و کیمیاباران و ڕاگوێزان نەیتوانی چۆکی پێ بدات و بیبەزێنێت. ئەو شارە هێزی ئەوەی هەیە، کە ئەم کارەساتە ژینگەییەش تێپەڕێنێت و سەرلەنوێ بگەشێتەوە.
وانەیەکی گرنگ کە لەم کارەساتە سروشتییە ژینگەییەوە فێری دەبین ئەوەیە، کە ئینسانی کورد ژینگەدۆستە و ئامادەی ئەوەی هەیە بۆ پاراستنی ژینگەکەی قوربانی بدات و گیانی خۆی بەخت بکات. ئەمە وانەیەکە کە دەبێت زەق بکرێتەوە و پێداگرانە لەنێو وانەکانی خوێندندا ئاماژەی پێ بدرێت. مرۆڤ ئەوکاتە دەبێتە مرۆڤێکی کامڵ و ڕەسەن، کە ژینگەی خۆش بوێت و بتوانێت بۆ پاراستنی قوربانی بۆ بدات. وەکو چۆن هاوشاریانی هەڵەبجە بۆ پاراستنی شارەکەیان قوربانیاندا و ئامادەی ئەوە بوون.
لە وتارەکانی پێشوودا سەبارەت بە ژینگە پێداگرییم لەسەر ئەوە کرد، کە ژینگە پرسێکی لۆکاڵی نییە، بەڵکو پرسێکە هەموان دەبێت بە خەمییەوە بین، گرنگتر لەوە، ئەوەیە کە وانە لە مرۆڤە قوربانیدەرەکانەوە فێر بین و ڕۆحی ئەو قوربانیانەی شەهیدانی ژینگە ببنە وزە بۆ گیانی ئێمە تا ببێتە وزەیەک بۆ ژینگەدۆستی و پاراستنی سروشتی کوردستان و ڕێگریکردن لە هەر دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە.

