رۆژنامەی ھەولێر

وشیاری ژینگەیی چەند سەرنجێکی کورت

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

پرسی ژینگە یەکێکە لە پرسە هەنووکەییەکانی هەموو جیهان و پرسێکیشە هیچ وڵاتێک ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە. ئەگەر وێنەکەش بچووکتر بکەینەوە دەتوانین بڵێین پرسێکە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە وەک تاک و هەموومان بەرپرسین لە پرسی ژینگەی هەسارەکەمان، چوونکە هەر تاکێک دەشێ دەستی لە جوانکردن، یان شێواندنی ژینگەکەیدا هەبێت. بەڵام دەشێت بپرسین تاکەکان چۆن بەرپرسن؟ چ بەرپرسیارێتییەکیان دەکەوێتە ئەستۆ؟

بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروستمان هەبێت پێویستمان بە هەڵمژینی ئۆکسجینە. بۆ ئەوەشی ئۆکسجینمان هەبێت پێویستمان بە بەرزی ڕێژەی سەوزایی و زۆری دار و درەختە. ئایا ڕێژەی سەوزایی شارەکانمان لە ئاستی ستانداردی جیهانییە؟ ئایا ئەم ڕێژەیە چۆن دابەش کراوە؟ ئەگەر ڕێژەی ستانداردی جیهانی بۆ سەوزایی 20% تا 25% بێت، ئەوا ئەم ڕێژەیە بە چ شێوەیەک لە شارەکاندا دابەش کراوە؟ ئایا لایەکی شارەکان 5% تا 10% نییە و لایەکی دیکەی 40% تا 50% بێت؟ کەواتە دەبێت ئەو ڕێژە سەوزاییە ستانداردەی دیاریکراوە بەشێوەیەکی یەکسان بە ڕووبەری هەمووشاردا دابەش بکرێت، نەک بەشێوەیەکی نایەکسان، چونکە ئەم نایەکسانییە دەبێتە هۆی تێکدانی ئەو هاوسەنگییە ژینگەییەی پێویستە.
لێرەدا دەشێ بپرسین بۆ ئەوەی ئەم نایەکسانییە نەهێڵرێت پێویستمان بە چییە؟ بێگومان ناتوانرێت ئەم ناهاوسەنگی و نایەکسانییە بەتەواوی بنەبڕ بکرێت، بەڵام دەکرێت جیاوازییەکە کەم بکرێتەوە ئەویش بەجێبەجێکردنی ئەم خاڵانە:
یەکەم: ڕێژەی سەوزایی ڕووبەری هەر خانوویەک (یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون) کەمتر نەبێت لە 10% تا 15%، کە جێبەجێکردنی ئەمە دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانییەکان، کە وشیاری بە خێزانەکان و خاوەن خانووەکان بدەن.
دووەم: هەر تاکێک لە ماڵێکدا پێویستە زیاتر لە درەختێک بڕوێنێت، واتە ئەگەر ماڵێک چوار سەر خێزان بوو گرنگە زیاتر لە چوار درەخت لە ماڵەکەیاندا هەبێت.
سێیەم: هەر خێزانێک بەکارهێنەری ئۆتۆمبێل بوو لانی کەم 5 درەخت بڕوێنێت، ئەمەش لەپێناو قەرەبووکردنەوەی ئەو گازە ژەهراویانەی لەڕێی ئۆتۆبێلەکەیەوە دەیکاتە هەوای شارەکەیەوە.
لەم سێ خاڵەدا بەرپرسیارێتی لەسەر هاوڵاتییە و ئەو ڕێژە ڕێنمایی و وشیارییەی کە لەڕێگەی دام و دەزگاکانەوە پێی دەدرێت جێبەجێی بکات. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەشدا ئەرکی حکومەتە، کە پلانی سەوزکردنی بەردەوامی شارەکان و دروستکردنی پارکی گەورە و پشتێنی سەوزایی هەبێت. ئەمە بێجگە لەوەی هەر شارە و بەپێی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانی تێیدایە گرنگە دە هێندە دار و درەختی تێدا بڕوێنرێت. بۆ نموونە شارێکی وەکو هەولێر گریمان یەک ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێدایە، گرنگە لەبری ئەم یەک ملیۆن ئۆتۆمبێلە دە ملیۆن درەخت وەکو پشتێنەی سەوزی بڕوێنرێت و ساڵانەش ئەم ژمارەیە گەشەی پێ بدرێت. ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارەکان و هاوکات وەک و جۆرێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ژینگەییانەی ڕووبەڕووی هەموو جیهان بووەتەوە.
ئەوەی تا ئێستا دۆخی ژینگەی کوردستان ساڵ دوای ساڵ بەرەو ئالودەیی و خراپی کەشوهەوا دەبات نەبوونی وشیارییەکی گشتی ژینگەییە، کە نە لە ڕووبەری خانووەکاندا ڕەچاوی ڕێژەی پێویستی سەوزایی کراوە، نە لە ڕووبەری دروستکردنی گەڕەکە نوێکاندا و نە لە ژمارەی ئەو کەسانەی نیشتەجێی خانووەکانن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کارەساتی ژینگەیی ڕووبەڕووی هەرێمەکەمان بێتەوە و کەمبوونەوەی ئاو و پیسبوونی هەوا دوو لە دیاردە مەترسیدارەکانی لێکەوتی نەبوونی وشیاری ژینگەییە، کە ئێستا هەرێمی کوردستان پێوەی دەناڵێنێت.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانەی ڕووبەڕووی ژینگەکەمان بووەتەوە. دانانی پلانێکی ژینگەیی و بڵاوکردنەوەی وشیاریی ژینگەیی ئەرکێکی گرنگی هەنووکەییە، کە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش لێی سوودمەند دەبین. دەبێت ئەوەش ڕەچاو بکەین پلانی ژینگەیی بەبێ وشیارییەکی گشتی ژینگەیی ئەگەر سەرکەوتنی زۆر کەمە. بۆیە ئەم دوانە پێکەوە دەتوانرێت سەرڕێ بخرێن تا بەرەو ژینگەیەکی تەندروست هەنگاو بنێین. وەکوو دەستپێکی ئەو پلانەش گرنگە سەرەتا ئەو سێ خاڵەی لەسەرەوە خرایەڕوو ەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.