رۆژنامەی ھەولێر

ئەو ڕێوییەی گورگی فێری ماسیگرتن کرد!

و: خدر ئیبراهیم خدر

 

ڕۆژێک لە ڕۆژە ساردەکانی زستاندا، ڕێوییەکی برسی بەدوای خۆراکدا دەگەڕا. لەپڕ لەدوورەوە ماسگرێکی بینی کیسەیەکی پڕ لە ماسی پێبوو کە بە عارەبانەی سەربەفر دەیگواستەوە. ئەویش بیرۆکەیەکی باشی بە مێشکدا هاته» لەسەر زەوی پاڵدەکەوم و وا نیشاندەدەم کە مردووم. «
لەپاش چەند خوولەکێک ماسیگرەکە گەیشتە ئەوێ و کاتێک ڕێوییەکەی مردوویی بینی، ئەسپ و عارەبانەکەی وەستاند و گوتی:
– دەتوانم لەتووکی ئەو ڕێوییە، ملپێچێكی گەرم و جوان بۆ هاوسەرەکەم درووست بکەم.
ئینجا ڕێوییەکەی خستە ناو عارەبانەکە و لەپێشەوە دانیشت و دەستیکردەوە بە ڕۆیشتن. ڕێویەکە کونێکی بچووکی کردە کیسەکە و و دەستیکرد بە فڕێدانی ماسی بۆ سەر ڕێگاکە. ئینجا بازیدایە خوارەوە و سەرجەم ئەو ماسیانەی هەڵگرتنەوە کە فڕێیدابوونە سەر ڕێگاکە و لەپەنای هەندێک گژوگیای کۆکراوەی ئەو ناوەدا، دەستیکرد بە خواردنیان.
گورگێکی برسی بەلایدا تێپەری. کاتێک بینی ڕێوییەکە سەرگەرمی ماسیخواردنە، گوتی:
– هاوڕێ دێرینەکەم، ئەو هەموو ماسییەت لە کوێ بەدەستهێناوە؟ بەشی منیش بدە با با هەندێکی لێ بخۆم؟
ڕێوییەکە بەڕەنگ و ڕوویەکەوە کە دانایی نیشانبدات، گوتی:
– هیچت نادەمێ… برۆ بۆ خۆت ماسی ڕاوبکە.
ئینجا دەستیکرد بە فێرکردنی گورگەکە کە بە چ شێوەیەک ماسی ڕاوبکات و گوتی:
– کونێک لە بەستەڵەکی سەرەوەی ڕووبارەکە دەدۆزیتەوە. ئینجا کلکت شۆڕدەکەویتەوە ناوی و چاوەڕێ دەکەیت تاکو ماسییەک گازی لێدەگرێت.
گورگە نەزانەکە هەمان ئەو کارەی کرد کە ڕێوییەکە فێریکردبوو.
ڕوویکردە لای ڕووبارەکە و کلکی شۆڕکردەوە ناو کونێکی ناو بەستەڵەکی سەر ڕووبارەکە. پاشان چاوەڕییکرد تاکو ماسییەک گازی لێدەگرێت.
شەو داهات و سەرما تا دەهات زیاتر دەبوو. ئەمەش وایکرد دەمودەست کلکی گورگەکە بیبەستێت. بەیانی ڕۆژی دوواتر ژنان هاتنە سەر ڕووبارەکە تاکو ئاو ببەن، کاتێک چاویان بە گورگەکە کەوت، دەستیانکرد بە هاتوهاوار تاکو فریایان بکەون. خەڵکی بە پەلە بە دارو کووتەک و گۆچانەوە هاتن و گورگی بێچارەیان شل و کوت کرد. ئەویش بەهەموو هێزی خۆیەوە کلکی خۆی ڕاکێشا و قرتا!
بەوشێوەیە، گورگە پیرەی نەزان هەم کلکی لەدەستدا و هەم نەیتوانی هیچ ماسییەک ڕاوبکات!
ئەمەش ئەنجامی نەزانین و بیرکردنەوەی باش، بۆیە پێویستە هەموو کارێک پاش بیرکردنەوەیەکی باش ئەنجام بدرێت.`