چیرۆک وهۆنراوە: کـاروان عـەلـی
کارەکتەرەکان
• دانیا
•لەرێ
• رەوان
•رێکەوت
•شۆخان
•کاروان
دیمەنی یەکەم
(رووناکی لەسەر تەختەی شانۆ دەدرێت، سینۆگرافیا بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە پۆلێکی قوتابخانەیە. کۆمەڵێک قوتابی لە کاتی پشووی نێوان وانەکان سەرقاڵی یاریکردنن، بەڵام سێ لە قوتابیەکان لەنزیک یەکەوە وەستاون و سەرقاڵی گفتوگۆکردنن لە نزیک سەلەی خاشاک، چونکە بەشێک لە پاشماوەی خواردنی قوتابییان لە تەنیشت سەلەکە فرێدراوە نەخراوەتە ناوسەلەکەوە)
لەرێ: دەی وەرن با یاریەکەمان تەواو بکەین پاک و خاوێن راگرتنی پۆل کاری ئێمه نییە.
ڕوان: نەخێر، وانیە هەڵەی
دانیا: لەرێ تۆ هەڵەی، پاک و خاوێن راگرتنی پۆل کاری ئێمەیە،چونکە ئێمەلێرە دەخوێنین.
ڕوان: دانیا راست دەکات هاوکاریکردنی کارگوزارەکە زۆر پێویستە.
(لەم کاتەدا قوتابییەک بەناوی رێکەوت لەدەرەوە دێتە ناو پۆلەکە و نایلۆنیکێکی بەدەستەوەیە و لەو کاتەدا نایلۆنەکە فڕێی دەدات و نایخاتە ناوسەلەی خاشاکەکەوە)
دانیا: ڕێکەوت؟ ئەوە چیت کرد؟
ڕێکەوت: هیچ، چیم کردووە؟
روان: چۆن؟!
لەڕێ: چی بووە، لێی گەڕێن با بەدڵی خۆی بکات…
دانیا: ئەمە هەڵەیە هەڵە، رێکەوت، تۆش وەکو لەرێ مەکە، ئێمە دەمانەوێت پۆلەکەمان پاک و خاوێن بێت، ئەوە چییە بۆ ئەو نایلۆنەت فرێدا، هەڵەت کرد…
لەرێ: هیچ هەڵە نییە، هەموومان ئازادین چی بکەین.
ڕێکەوت: بەڵێ، راست دەکات، من ئازادم، ئێوە حەقتان نەبێت.
ڕوان: (لە جێگای خۆی هەڵدەستێت و دەچێت نایلۆنەک هەڵدەگرێت ودەیخاتە ناو سەلەی خاشاکەکەوە) هاوڕێی ئازیزم، فڕێ دانی ئەمە، کارێکی هەڵەیە، چونکە پۆلەکەمان پیس دەبێت
شۆخان: (کە ئەو رووداوە دەبینێت لە جێگای خۆی هەڵدەستێت و دەچیت بۆلایان) بەڵێ، ئێوە ڕاست دەکەن، ئەو کارەی رێکەوت کردی هەڵە بوو.
رێکەوت: ( لەگەڵ خواردنی کێکەکە پێدەکەنێت) نا هەڵە نییە، من ئازادم چیدەکەم، هەموو رۆژ پاشماوەی خواردنەکانم لەوێ فڕیی دەدەم و سبەی دەگەرێینەوە قوتابخانە پاککراوەتەوە.
ڕوان: باشە، تۆ ئازادی هاوڕێکەم، بەڵام ئازاد نیت قوتابخانەکەمان پیسبکەیت، چونکە قوتابخانە ماڵمانە.
دانیا: ئەمە کەی ئازادییە، نابێت قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان پیس بکەین، باشە ئێرە جیاوازی لەگەڵ ماڵ چییە، هەمو رۆژ لێرە دەخوێنین.
شۆخان: قوتابخانە وەکو ماڵمانە دەبێت خۆشمان بوێت.
دانیا: دەبێ بیپارێزین نەهێلین پیس بێت.
ڕێکەوت: نا ئێوە نازانن، خاوێنکردنی قوتابخانە کاری کارگوزارەکەیە، دەبێت ئەو رۆژانە هەموو قوتابخانەکە پاک بکاتەوە
لەرێ: (لە ڕێکەوت نزیک دەبێتەوە)ڕاستە ئەو پێویستە خزمەت بکات و کاریخۆیەتی، بەڵام…
ڕوان: باشە ئەو هەموو رۆژێک کاری خۆی دەکات، بەڵام بۆچی ئێمە ماندووتری بکەین؟
دانیا: لە جیاتی ئەوەی نایلۆنەکەت فڕێ دایە ناو پۆلەکە، دەتوانیت بیخەیتە ناو سەلەی خاشاکەکەوە، ئەوە کارێکی ئەستەم نییە.
شۆخان: ئەگەر هەموومان وابکەین دڵنیام کارگوزارەکە کەمتر ماندودەبێت وپۆلەکەمان پاکتر دەبێت ( ڕوودەکاتە لەرێ و بە ئاماژەی سەری ) ڕاستە؟
لەرێ: بەڵێ، بەڵام ئەزانی چی
رەوان:(قسەی پێدەبڕێت) باشە لەرێ گیان دایکت دەهێڵێ لەماڵی خۆتان شت فڕێ بدەی؟
لەرێ: نەخێر.
دانیا: (بە بزە پێکەنینەوە) باشە دایکت بۆچی ناهێلیت ماڵی خۆتان پیسبکەیت؟
لەرێ: چونکە دایکم ماندوو دەبێت، ئەگەر هەمووکات ماڵمان خاوێن بکاتەوە، چۆن دەبێ ماڵمان پیس بێت.
دانیا: ئافەرین هاوڕێی خۆشەویستم، کەواتە ئێرەش وەکو ماڵی خۆمانە، چی جیاوازییەکی هەیە، ئێمە هەموو ئەو کاتانە لەم پۆلەدا فێردەبین، دواترکارگوزارەکەش وەک دایکمانە.
لەرێ: (کەمێک بیر دەکاتەوە) وایە ئێوە ڕاست دەکەن، من هەڵەبووم…
شۆخان: (روو دەکاتە رێکەوت) ئێ ڕێکەوت گیان ئێستا ئەی تۆ دەڵێی چی؟ ڕێکەوت:
(کە دەبینیت لەرێ هەستی بە هەڵەکە کرد) بەڵێ بەڕاستی وایە واباشتر بووکە…
(لەم کاتەدا دوو قوتابی ناو پۆلەکە کە سەرقاڵی یاری کردنن، کاغەزی لولکراو لەیەکتری دەگرن، یەکێک لە کاغەزەکان بەر شانی ڕێکەوت دەکەوێت) ئەوە کێ بوو؟
(هەموو پێدەکەنن)
کاروان: ( ئەو قوتابیەیە کە یاری بە کاغەزەکان دەکرد) ببوورە مەبەستم نەبووبەرتۆ بکەوێت، ویستم لە گەشاو بدەم.
ڕێکەوت: چی ببوورە، ئێرە کەی شوێنی ئەم یاریانەیە؟
کاروان: نەمزانی بەتۆ دەکەوێت.
ڕێکەوت: ئەی مامۆستا نەیگوت ئەو یارییە مەکەن، چونکە کاغەزەکان پۆلەکەمان پیس دەکات.
(لەرێ و شۆخان و دانیا پێدەکەنن)
ڕێکەوت: (ئاوریان لێ دەداتەوە) ئەوە ئێوە بەچی پێدەکەنن؟
لەرێ: ڕێکەوت گیان هیچ نییە، ئەم کارەی ئەوان هەڵەیە.
کاروان: ببوورە، ئێمە هەڵەبووین، لەمه بەدواوە ئامۆژگاری مامۆستا لەبیرناکەین.
ڕوان: باشە رێکەوت ئێستا پێمان بڵێ، فڕێ دانی نایلۆن و کاغەز وپاشماوەی زیادە هەڵەیە یان نا؟
ڕێکەوت: ( بەشێوازێکی ناچاری) بەڵێ، هەڵەیە هەر زۆریش…
لەرێ:سوپاس بۆ ئێوە هاوڕێیان
ڕێکەوت: ئێستا باشتر تێگەیشتم، ئێوە وانەیەکی جوانتان فێرکردین
(هەموو پێدەکەنن)
کاروان: (بزە پێکەنینێک دەکات) بەسە تەواو لێرە بەدواوە پاشماوەکان لەهیچ شوێنێک فڕێ نادەم.
دانیا: ئەی کەواتە پێتان چۆنە ئێستا پۆلەکەمان خاوێن بکەینەوە؟
هەمووان: زۆر باشە بادەست پێکەین.
(هەموو ئەو ناوە خاوێن دەکەنەوە و گۆرانی ژینگە دەچڕن)
ئـێـمـە قــوتــابـی ژیـریـن
هـێـمــن و ڕۆشـنـبـیـریـن
لە قـوتابخـانە و لە مـاڵان
لە دەشت و دەر و کـۆڵان
پاشـماوە یاخـود پـیـسـی
هـۆکـارە بــۆ نـەخــۆشـی
پـێـویستـە زۆر وریـابـیـن
ئـاقــڵ و ژیــر و دانـابـیـن
پــاک و خـاوێـنـی ژیـنـگـە
بــیــپــارێـــزیــن گــرنـگـە
پـاک و خـاوێـن و جوانین
دۆستی ژینگەی خۆمانین.
کۆتایی.
بەشانۆیکردن و داڕشتنەوەی: دانا محمد عبدللە

