كارزان گلی – ههولێر
زانیوتە كوردێكی زۆر لە ژاپۆندا دەژین و داوای مافی خۆیان دەكەن و دەوڵەتی ژاپۆنیش مافیان ناداتێ؟ لە میدیاكانی توركیا باس لەو كوردە ژاپۆنیانە دەكرێت و بەشێك لە نەژادپەرستەكان، بە تیرۆریست ناویان دەبەن، بەڵام ئەوان بۆ بژێوی ژیانیان روویان لەو وڵاتە كردووە، كەچی هیچ حیسابێكیان بۆ ناكرێت.
لە سۆشیالمیدیا و بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەکەی (X)، توركەكان و كوردەكان زۆر باسی كوردەكانی ژاپۆن دەكەن، باس لەوەش دەكرێت كە دووچاری نەژادپەرستی ژاپۆنی بوونەتەوە و هەروەها بە روونی مافیان پیشێل دەكرێت و خراونەتە دەرەوەی كۆمەڵگەی ژاپۆنییەوە.
كوردەكانی ژاپۆن كێن و ئەو كوردانە لەكوێوە چوونەتە ژاپۆن و داوای مافی خۆیان دەكەن؟
عیرفان ئاكتان، نووسەر و رۆژنامەنووسی توركیا، لەبارەی كوردانی ژاپۆن قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەوان سەر بە ناوچەی پازارجیكن كە سەر بە شاری ماراشە لە توركیا، بەشێكی زۆریان سەر بە عەشیرەتی ماهكانن و رۆیشتوون بۆ ژاپۆن. ئەوان خەریكی ئاژەڵداری خۆیان بوونە، بەڵام دوای ئەوەی ئەو كارەیان لێ قەدەغە كراوە، نەیانتوانیوە كار بكەن و بژێوی ژیانیان دابین بكەن، ناچار توركیایان بەجێ هێشتووە.“
هەموو شتێك لە ئوستورالیاوە دەستی پێكردووە، كە ئەو كودانە سەرەتا چوونەتە ئەو وڵاتە و پاشان كاتێك ژاپۆن بە یاسا ڤیزای لەسەر ئۆستوراڵیا هەڵگرتووە، ئەو كوردانەش رۆیشتوون تا لەوێ كار بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكان، ئەو كودانە چوونەتە ژاپۆن بۆ كاركردن و زیاتر لە كەرتی بیناسازی كاریان كردووە و بەشێكیش لە رێستورانتەكان كار دەكەن، بەڵام رووبەڕووی نەژادپەرستی بوونەتەوە و هیچ مافێكیان نادرێتێ.
ڤاكاش چۆلاك، سەرۆكی كۆمەڵەی كولتووریی كورد لە ژاپۆن، لەو رووەوە دەڵێت: ”ژاپۆن نزیكەی چوارملیۆن بیانیی لێ هەیە، لەو رێژەیە تەنیا دووهەزار كوردی تێدایە. بەهۆی ئەوەی بە هیچ شێوەیەك دەزگای ئاماری ژاپۆن باس لە رێژەی ئەو كوردانە ناكات، بۆیە ژمارەكە بە تەواوی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەو پرسە بەردەوام رۆژەڤە و باس دەكرێت.“
لە ژاپۆن ئەو كوردانە تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ كە ئاژاوەگێڕ و تیرۆریستن، بەشێك لە نەژادپەرست و راستڕەوەكانی توركیاش پشتگیری لەو بۆچوونە دەكەن و ژاپۆن هان دەدەن كە هیچ مافێكیان پێ نەدات.
ئەو كوردانە لە ١٩٩٠ەوە لە ئۆستورالیاوە چوونەتە ژاپۆن، هۆكاری ئەوەی توركیان بەجێ هێشتووە، ئەو سیاسەتە خراپ و توندوتیژییەی توركیا بووە لەو سەردەمەدا، كە هەزاران كورد بە شێوەی نهێنی كوژرا و هەروەها هەزاران گوندی كورد وێران كرا و كاركردن لە باكوور گەیشتە خاڵێكی زۆر خراپ، ئەمەش وای كرد، دەیان هەزار كورد توركیا بەجێ بهێڵن.
مەراڵ دانیش بێشتاش، لەبارەی كوردانی ژاپۆن قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت: ”ئێمە بێدەنگ نابین لەئاست ئەو بێڕێزی و نەژادپەرستی و پەلامارەی دەكرێتە سەر كوردەكان لە ژاپۆن. ئێمە داوا لە حكوومەتی ژاپۆن دەكەین، رێز لە مافی مرۆڤ و عەدالەت بگرن و رێگە لەو پەلامارانە بگرن كە دەكرێتە سەر كورد.“
رای ماتسومۆتۆ، شارەزای بواری مێژوو لە ژاپۆن، دان بەوەدا دەنێت كە لە ژاپۆندا، كوردەكان زڵمیان لێ دەکرێ و پەلامار دەدرێن و، بەردەوام ژیانیان لە مەترسیدایە.
”لە منداڵییەوە هاتوومەتە ژاپۆن، لێرە گەورە بوومە، ماوەی چوار ساڵە ئەوەی لەم وڵاتە بەسەر ئێمەدا دێت زۆر مەترسییە، دێنە بەردەم دوكانەكەمان و هاوار دەكەن برۆن لێرە و ئێوەمان ناوێت“ ئەمە گوتەی تۆفیق تاشە، كە كوردێكی ژاپۆنە و لەوێ رێستورانتی هەیە.
كوردانی ژاپۆن، زۆربەیان لە ناوچەی (Saitama)ی سەر بە شاری (Warabi) دەژین و خاوەنی هیچ مافێك نین و تەنانەت پاسپۆرت و ناسنامەی ژاپۆنیشیان نەدراوەتێ.

