ئەمساڵ لەبەر وشكەساڵی، كانیاوێکی زۆر وشك هەڵگەڕاون و، گیانی ئاژەڵێکی زۆر کەوتووەتە بەر مەترسی و لەناوچوون. لەو پێناوەدا بەشێك لە هاووڵاتیانی گوندی دەرگەڵەی سەر بە شارۆچكەی رواندز هەستاون بە ڕاكێشانی ئاو و دروستكردنی كۆلی گلدانەوەی ئاو بە مەبەستی ئاودانی گشت زیندەوەرە ماڵی و كێوییەكان، لە دامێنی چیای كارۆخ (واركادین).
لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان دەستخۆشییەكی زۆر لەم هەنگاوەی ئەو كۆمەڵە هاووڵاتییەی گوندی دەرگەڵە هات، بەشێك چالاكوانە ژینگەییەكان نووسیویانە ئومێدەوارین نموونەیان زۆر بێت و خودا پاداشتیان بداتەوە.
بەختیار عێزەت، چالاكوانی كۆمەڵایەتی، لەم بارەیەوە بە “هەولێر”ـی گوت دەستخۆشی لە هاووڵاتیانی گوندی دەرگەڵە دەكەین بۆ دروستکردنی كانی و گۆلاوی دەستكرد بۆ مەبەستی ئاودانی ئاژەڵی كێوی و شاخی لە واركادینی دامێن چیای كارۆخ و هیچ كرداێكی میهرەبانی، هەرچەند بچووكیش بیت، بەفیڕۆ نەڕۆیشتووە! میهرەبانی لەگەڵ مرۆڤ و زیندەوەران گەورەترین چەكی خێر و هێزە و جوانترین كرداری مرۆڤایەتی، میهرەبانییە.

