رۆژنامەی ھەولێر

سێوی مێخەکڕێژ، هێمایەک بۆ خۆشەویستی لە کولتووری کۆنی کوردەواریدا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

سێوی مێخەکڕێژ، نەریتێکی کۆنی کوردەوارییە و، وەختی خۆی وەک هێمایەک بۆ دەربڕینی خۆشەویستی لە نێوان خۆشەویستان و هاوسەراندا بەکار هاتووە و پێشکەشی یەکیان کردووە.

کاتێک خوشەویستان ویستویانە خۆشەویستیی خۆیان بۆ یەکتر دەببڕن سێوێکیان بە گوڵی مێخەک ئاژنیوە و بۆ یەکتریان بردووە.
ئەو سیمبولی خۆشەویستییە بە سێوی سوور دەکرێت و لەبەر دوو هۆکار مێخەکڕێژ دەکرێت؛ یەکەمیان ئەوەیە کە بۆنێک زۆر خۆشی هەیە و دووەمیش لەبەر ئەوەی سێو کاتێک مێخەک ڕێژ دەکرێت تەمەنی بۆ زیاتر لە سەد ساڵ درێژ دەبێت کە ئەمەش هێمایەکە بۆ خۆشەویستی هەتا هەتایی و زیندوو مانەوەی خۆشەویستی نێوانیان.
جێی باسە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کە مێخەک دژەڤایرۆسە، بۆیە کاتێک مێخەک دانەدانە لە سێوەکان دەچەقێنرێت سەرەڕای بۆنە خۆشەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو سێوە بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە و خراپ نەبێت، سەرەتا نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ڕۆژی پێ دەچێت تا سێوەکە وشک دەبێتەوە پاشان بۆ ماوەیەکی درێژ وەک خۆی دەمێنێتەوە.
دەتوانین بڵێین سێوی مێخەکڕێژ لە نەریتی کۆنی کوردەواریدا هێمای ئاشتی و ئەڤینداری بووە و لە دوو کاتدا بەکار هاتووە.
١.کاتێک کەسێک ئاشقی کەسێکی دیکە بووە و نەیتوانیوە بە زمان خۆشەویستیی خۆی بۆ بەرامبەری دەرببڕێ، سێوێکی مێخەکڕێژ کردووە و بۆ دڵدارەکەی ناردووە.
٢.کاتێک دوو ئەڤیندار لەیەک تۆراون، یەکێکیان سێوێکی بۆ مێخەکڕێژ کردووە بە مەبەستی ئاشتکردنەوە ناردوویەتی بۆی.
کاتی خۆی سێوی مێخەکڕێژ، لەناو بوخچەی داپیرە و لەسەر تاق و ڕەفەی ماڵەکاندا شوێنی تایبەتی هەبووە، هەزاران ئەڤیندار پێشکەشی یەکیان کردووە و بە هەزاران دڵی ڕەنجاوی ئاشت کردووەتەوە، تا ئێستایش سێوی مێخەکڕێژ هەیە تەمەنی سەرووی سەد ساڵانە و، هەندێک بنەماڵ بە تایبەت لە گوندەکاندا پاراستوویانە، بەڵام لەو چەند دەهەی ڕابردوودا وەک زۆرێک لە بەرهەمەکانی تر، فەرامۆش کراوە و نەپارێزراوە.