گـاڵـتـەپـێـکـردن

هەوار وشیار

 

ڕۆژێک ئاکار لە قوتابخانە لە پۆلەکەی دانیشتبوو، چاوەڕێ بوو دەست بە خوێندنی وانەی بیرکاری بکەن، کاتێک مامۆستا هات و ڕۆژباشی لە قوتابییان کرد، هەمووان کتێبەکانیان کردەوە، چاوەڕێ بوون مامۆستاکەیان هەریەکەیان بۆ شیکارکردنی پرسیارەکان بەڕیز هەستێنێت.

پاش کەمێک گفتوگۆ، مامۆستا پرسیاری کرد و ئاکار هەستا، بەباشی وەڵامی پرسیارەکەی زانی و لە شوێنی خۆی دانیشتەوە، دوای ئەو هاوپۆلێکیان هەستا کە جلوبەرگەکەی ئوتو نەکرابوون، بۆیە کۆن دەرکەوتبوون، هەمووان دەستیانکرد بە پێکەنینێکی بێدەنگ، تا مامۆستا گوێی لەدەنگیان نەبێت، ئاکار کە ئەو دیمەنەی بینی، زۆر پێی ناخۆشبوو، دوای ئەوەی زەنگی چوونە دەرەوە لێیدا، هەموو ئەو هاوپۆلانەی کۆکردەوە، کە بە هاوڕێکەیان پێکەنیبوون، گوتی: هاوڕێیان، ئێمە لەو پۆلەدا وەکو خوشک و برای یەکترین، بۆچی حەزدەکەن هاوڕێکەتان بشکێننەوەو خەمباری بکەن، لەکاتێکدا جلەکانی هیچ کەموکوڕی نییە، تەنها ئوتوو نەکراون، ئامۆژگاریم بۆتان ئەوەیە، کە بەدوای کەموکوڕی یەکتریدا مەگەڕێن، بەڵکو هەوڵبدەن کەموکوڕییەکانی خۆتان چارەسەر بکەن، کە ئەویش لە تێگەیشتن و تێڕوانینتانە… بەرامبەر بە شتەکان.

بۆبەیانی هاوڕێکەیان بەهەمان جلوبەرگ هاتەوە، بەڵام ئەمجارە ئوتوو کرابوو لە هی هەمووان نوێتر دەرکەوتبوو، ئەوانەی ڕۆژی پێشووتر پێی پێکەنیبوون، سەیری یەکتریان دەکرد و هەستیان بە پەشیمانی دەکرد، چونکە بینییان قسەکانی ئاکار ڕاست دەرچوو.

هاوڕێکەیان سەیری کردن و گوتی: هاوڕێیان دەزانم دوێنێ زۆر بەمن پێکەنین و گاڵتەتان پێمکرد، بەڵام ئەوە بزانن کە دایکم زۆر نەخۆشبوو، دڵمنەهات داوای لێبکەم جلەکانم بۆ ئوتو بکات، کەواتە هەڵەکە لەتێگەیشتنی ئێوەدایە، نەک کێشە لە جلوبەرگی من، هاوپۆلەکانی زۆر داوای لێبوردنیان لەو هاوپۆلەیان کرد و بڕیاندا چیتر گاڵتە بەکەس نەکەن.