ئاکامی لە خۆبایی بوون بۆ: مێرد منداڵان

شەمسەدین بارانی

لە دارستانێکی چڕو قەشەنگدا درەختێکی سپیندارێکی زۆر بەرز هەبوو بەسەر هەموو درختەکانی تردا دەیروانی، ئەمەش وای کردبوو زۆر لە خۆبایی ببێت، بە چاوێکی کەم لە درەختەکانی تر بڕوانێ، لە ناخەوە دەیگوت: ئەم درەختانەنەی چواردەورم تەنگیان پێم هەڵچنیووە، ژیانیان هەراسان کردووم.
ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ داربری ناوچەکە کەوتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی ئەودرەختانە ببڕێ کەبوونەتە هۆکاری دڵتەنگی ئەو.. کاکەی داربڕ دەستێکی بە سمێڵە بابڕەکەیدا هێناو ڕەزامەندی خۆی دەربڕی.. ڕۆژی یەکەم دارپڕتەقاڵی بڕیەوە، سپیندارەکە لەولاوە بزەی دەهات دڵشاد بوو، لەولاشەوە منەتی دەکرد بەسەر باڵندەکانە دەیگوت: ئەوە بەرزیەکەی منە هێلانەکانتان لە نەیارەکانتان دەپارێزێ، دەبێت سوپاس گوزاری منبن، لەو لاشەوە کاکەی داربڕ رۆژی دووەم دار بەڕووی بڕی کە ڕەگی بەناخی خاکی نیشتیمانە ڕۆچوبوو، لە بەرامبەر ڕەشەبادە خۆڕاگربوو. ڕۆژی سێیەم دەستی کرد بە بڕینی دارگوێزەکە کە چەندین ساڵ بوو گوێزی بە خەڵکی ناوچەکە دەبەخشی و لە دڵی هەموواندا خۆشەویست بوو…
وای لێهات سپیندار وەک نێرکە کاردی بەتەنیا مایەوە، بارانی شادی لە ناخیدا دادەباری.. بەڵام ئەم خۆشییە تاسەر نەبوو زۆری نەخایاند، سەر لە بەیانیەکی زوو بایەکی بەهێز هەڵکرد سپیندارە لە خۆباییەکە ی بەڕاست و چەپدا دەبرد و دەهێنا.. بایە بەهێزەکە چڵ و لقەکانی تێکشکاند، لە دواییدا لە ڕەگەوە هەڵیکێشاو کەوتە بەسەر زەویەکە…
درەختی لە خۆبایی لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشاو گوتی: ئەمە ئاکامی لە خۆبای بونم بوو.. ئەگەر هاوڕێکانم بمانایە، ئەم بایە نەیدەتوانی لە ڕەگەوە هەڵم بکێشێت.