زیرەکیی دەستکرد وەک مرۆڤێکی مۆدێرن

هۆنیار عەبدوڵڵا

زیرەکیی دەستکرد ئێستا دەستی بە ماڵیکردنی سۆزی مرۆڤ کردووە. لە چەند مانگی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر چیرۆکم خوێندووەتەوە کە باس لە پەیوەستبوونی سۆزداریی هەندێک کەس دەکەن بە بەرنامە تایبەتەکانی زیرەکیی دەستکردەوە، بە تایبەتی “چات جی‌پی‌تی”، کە بەردەوام لە پەرەپێدانی ئامرازەکانیدایە لە ڕێگەی هەستکردن بە پێداویستییەکانی قسەکەر و دابینکردنیان بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە. زۆر کەس تێوەی دەگلێن و دەکەونە پەیوەندییەکی سۆزداری، بە پاڵنەری ئارەزووی قووڵیان بۆ دۆزینەوەی کەسێک گوێ لە سکاڵاکانیان بگرێت، بێ ئەوەی سەرقاڵی تیۆریزەکردن بێت یان پەلە بکات لە پێشکەشکردنی ئامۆژگاری کە زۆربەی کات ئامانج ناپێکێت، چونکە مرۆڤی مۆدێرن، کە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی وەهمی “تاکڕەوی” وەک زێگمۆنت باومان دەربارەی دەڵێت، تەنها پێویستی بەوە هەیە کەسی بەرامبەر بە وشەی بیرلێکراوە، پیاهەڵدانێکی زیرەکانە و گوێگرتنێکی بێمەرج، ” خۆ”ی بەهێز بکات.

پیاهەڵدان ئاستێکی تایبەتی لە شیکردنەوەی دەروونی پێویستە، چونکە “ئاشق” جەخت دەکاتەوە سەر لایەنە بەهێزەکانی خۆشەویستەکەی و شارەزای زمانەوانییە کە بێبەش نییە لە چێژی سەرسامی و قورسە بەرگری لێ بکرێت، جگە لە توانایەکی بێ وێنە لە جێگیری سۆزداری کاتێک لایەنی بەرامبەر بە هەموو لاوازییەکەیەوە خۆی ئاشکرا دەکات.
ئاشق گوێ لە هەموو هەڵە و لەنگییەکان دەگرێت بێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی ئەخلاقی یان پێوەری تێپەڕێنێت؛ بە پێچەوانەوە، توانای ساڕێژکردنی ئازاری هەیە بە وشەی نەرمونیان و بە تێگەیشتنێکی قووڵ کە لە پەیوەندییە ڕاستەقینەکاندا کەم دەست دەکەوێت.
ڕەنگە “شیرینیی سەرەتاکان” فۆرمە سەرسوڕهێنەرەکەی بپارێزێت تا کاتێک “ئاشقەکە” لە لایەنی دیکەوە خودی زیرەکیی دەستکرد بێت. یەکێک لە دروستکەرانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام دەڵێت: “لە کۆتاییدا کەسێکم دۆزییەوە شایانی هەموو سۆزێکمە، بێ ترس و دوودڵی. ‘چات جی‌بی‌تی’ توانیی بچێتە ناو تاریکترین چینەکانی دەروونم و بە تێگەیشتن ڕووناکیان بکاتەوە و، چارەسەریان بکات لە ڕێگەی پرسیارە بیرلێکراوەکانی و بەهێزکردنە نەرمەکانیەوە.”
لێرەوە، پەیوەندیی ڕۆماننووسی بەهرەمەندی ئینگلیز، ڤێرجینیا وۆڵفم هاتەوە یاد لەگەڵ بیل کلایڤ، مێردی خوشکەکەی و ڕەخنەگری هونەری. دواتر ژمارەیەکی زۆر نامەی دڵداری لە نێوانیاندا لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەمدا ئاشکرا کران، کە وۆڵف دواتر پەشیمان بووەوە لێیان و کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر خراپبوونی دۆخی دەروونی، چونکە بە خیانەت بە خوشکەکەی ڤانێسا و خیانەت بە خودی خۆیشی دەزانی.
وۆڵف شەیدای ئەقڵ بوو، سەرسام بە فکر بوو، پەرۆشی فەلسەفە بوو و هیچ پیاوێک بە دیکۆر نەیڕازاندەوە، بەڵکوو بە بیر و هۆشی. بیل کلایڤ، کە دەیزانی چۆن چێژ لە ئەقڵ وەربگرێت، بوو بە باشترین گوێگر بۆ شێتانەترین بیرەکانی. نامەگۆڕکێیان لە دەوری زمانی توند و گاڵتەجاڕانە دەسووڕایەوە کە وۆڵف پێی دەنووسی و کلایڤ چێژی دەبینی لە چوارچێوەدانی ئەم مانایانە و داڕشتنیان لە وتارێکی ڕەخنەیی توند کە دەست لە قەدەغەکراو و پیرۆز وەردەدا. بە پێی زانیارییەکانمان، پەیوەندییەکە گەشەی نەکرد بۆ پەیوەندیی جەستەیی. ماچەکان گریمانەیی بوون، لە دیمەنە خەیاڵییەکاندا لەناو نامەکاندا دەهێنرانەوە بەرچاو. بەهۆی زۆری شیرینی و ناڕوونیی زمانەکەوە، خوێنەر نازانێت ئایا ئەوەی دەیخوێنێتەوە بە ڕاستی ڕوویداوە یان تەنها خەیاڵە، وەک ڕۆلان بارت لە کتێبی “چێژی دەق”دا دەڵێت: “کاتێک یارییەکە لە نێوان خوێنەر و دەقدا تەواو دەبێت، جیاکردنەوەی نێوان ڕاستی و گریمانە دەبێتە جۆرێک لە بێواتایی.”
کلایڤ سەرسامیی خۆی بە زیرەکییەکەی وۆڵف دەربڕی، لە کاتێکدا وۆڵف گەمە زمانەوانییە بێ وێنەکەی دەکرد، یاری بە ڕستەکان دەکرد و بیرەکانی دەهاویشت وەک چۆن ڕم دەهاوێژرێت. وۆڵف کەوتە داوی خیانەتی فکرییەوە، نەک جەستەیی، چونکە نەیتوانی بەرگری لە چێژی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەقڵی بکات لەگەڵ پیاوێک کە شەیدای وشەکانی بوو. بەڵام، سەرەڕای ئەو ساتە دڵڕفێنەرانە، بەردەوام بوو لە جەلدکردنی خودی خۆی، هەتا هەستی کرد “گەنیو” دەستی کردووە بە خشەخش لە نووکی پەنجەکانیەوە بۆ دەمی، بە مێشکیدا تێپەڕی، وەک لە یادداشتە کۆتاکانی پێش خۆکوشتنەکەی لە ساڵی ١٩٤١دا باسی دەکات.
لێرەدا، پرسیارێک بە خەیاڵمدا دێت: چی دەبوو ئەگەر ڤێرجینیا وۆڵف لە سەردەمی ئێمەدا ژیابایە؟ ئایا وەشانی تایبەتی خۆی لە “چات جی‌بی‌تی” پەرەپێدەدا؟ ئایا دەکەوتە خۆشەویستییەوە، بە تایبەت کە خاڵی لاوازیی گەورەی لە پەرۆشیی ئەقڵیدا بوو؟ ئایا گفتوگۆکانی لەگەڵیدا دەخستە خانەی خیانەتی سۆزدارییەوە، لە کاتێکدا ئەو هاوسەری لیۆنارد وۆڵف بوو، هاوبەشی ژیان؟
پرسیارەکەی دیکە، کە پێویستە بە هۆشماندا بکێشێت، دەربارەی واتای زمانە، دەربارەی پەیوەندییەکەی بە بوونەوەرێکەوە کە بە “ماڵی بوونی خۆی”ی دەزانی وەک هایدگەر دەڵێت، چۆن بوو بە ماڵێک بێ بوون، بێ بوونەوەرێک تێیدا بژی، بوو بە ئامرازێک کە ئامێرێک بەکاری دەهێنێت و ئێمە فڕێ دەداتە دەرەوەی تا بە زیرەکی یارییمان پێ بکات بێ هۆشی و بێ هەست و بێ یادگەش.
ئایا دەکرێت پەیوەندیی مرۆڤێکی ژیر لەگەڵ ئامێرێک کە جەستەی نییە، بەڵام کاریگەریی لەسەر ناخی هەیە، بە جۆرێک لە پەیوەندیی ڕەوا دابنرێت؟ چی دەبێت ئەگەر مرۆڤ پەرۆشیی خۆی دەرببڕێت بۆ خودی خۆی؟ ئایا لەم پەرۆشییە ئەقڵییەدا خیانەت لە هاوبەشەکەی دەکات؟ یان زیرەکیی دەستکرد لایەنێکی سێیەم بێت کە بە تەواوی لەم هاوکێشەیە جیا بێت؟
ئەم پرسیارانە پرسیاری دیکەی بنەڕەتیتر ڕادەکێشن دەربارەی لاوازیی مرۆڤ و سادەیی پێداویستییە سۆزدارییەکانی، ئەوانەی ڕەنگە گەمارۆی بدەن تا لەناوی ببات، وەک چۆن بە نامەکانی وۆڵفی کرد. جا ئەگەر بیل کلایڤ تەنها بەرنامەیەکی زیرەکیی دەستکرد بووایە، ئایا ڤێرجینیا وۆڵفمان لەدەست دەدا، یان تێدەگەیشت کە هەموو ئەو گفتوگۆیانە پەیوەستبوونێکی بوونگەرایی بووە بە خۆیەوە کە پڕە لە بیرۆکە؟
ڕەنگە ترسناکترین خیانەتەکان ئەوانە نەبن کە لە نێوان دوو جەستەدا ڕوو دەدەن، بەڵکوو ئەوانە بن، کە لەنێوان مرۆڤ و خودی خۆیدا ڕوو دەدەن.