هەولێر – تایبەت بە ماڵپەری هەولێر
لە ڕۆژی جیهانی چادا، خوێنەرانی بەڕێزمان ئاشنا دەکەین بە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش کە نموونەی ڕاستەقینەی پەیوەندی کوردان و چایە.
ئازاد بۆتانی، دانیشتووی شارۆچکەی بشیریان سەر بە قەزای بەردەڕەش، وەک دیاردەیەکی کەموێنە لە کوردستان ناسراوە بە خواردنەوەی بڕێکی سەرسوڕهێنەر لە چا.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری ڕۆژنامەی هەولێر، ئازاد ئاشکرای کرد: “ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ پیاڵە چا دەخۆمەوە. ئەمە ڕۆتینی ڕۆژانەمە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا.”
جێی سەرنجە کە تەنانەت لە کاتی سەفەریشدا، ئازاد پابەندی عادەتەکەی دەمێنێتەوە هەرچەندە بە ڕێژەیەکی گونجاوتر. “لە سەفەر یان ناو ئۆتۆمبیل، ژمارەکە دادەبەزێت بۆ نزیکەی ٥٠ پیاڵە، بەڵام هەرگیز کەمتر لەوە نابێت” وەک خۆی ڕوونی دەکاتەوە.
ئێستا ئازاد خاوەنی چێشتخانەیەکە لە قەزای خەبات، کە بووەتە شوێنێکی ناسراو لەناوچەکەدا. “چایچییەکەم ئەوەندە ماندوو دەبێت بە چاتێکردن بۆ من، زیاتر لەو خەڵکانەی کە دێن بۆ خواردن و خواردنەوەی چا!” وتی بە پێکەنینەوە.
ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە، کاریگەری ئەم عادەتە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانیشی. “لە قوتابخانە، خەڵکی کوڕەکەم بە ‘کوڕی ١٠٠ پیاڵە چا’ بانگ دەکەن” ئازاد دەڵێت بە شانازییەوە.
سەرەڕای نیگەرانییەکان دەربارەی کاریگەری وەها بڕێکی زۆر لە کافاین لەسەر تەندروستی، ئازاد دڵنیامان دەکاتەوە: “تا ئێستا هیچ کێشەیەکی تەندروستیم نییە، و تا ماوم لە ژیان، هەر بەم شێوەیە چایەکەم دەخۆمەوە.”