عەبدولقەهار هەولێری – هۆڵەندا
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی سەلامەتی خۆراک و بەرهەمەکانی هۆڵەندا (NVWA)، کۆمپانیای ئەکشن ستۆرز، کشانەوەی دەستبەجێی یارییەکەی مای لیتل پۆنی لە بازاڕەکانی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی بەرزی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکانی تێدایە، بەتایبەتی پلاستیککەر.
یارییەکە کە دواتر دەرکەوت کە ساختەیە، لە نێوان مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ تا نیسانی ٢٠٢٥ لە فرۆشگاکانی ئەکشن فرۆشرا، کۆمپانیاکە داوای لە سەرجەم کڕیارەکانی کردووە کە زانیاری بەرهەمەکانیان بپشکنن و ئەگەر ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەی تێدابێت، دەستبەجێ بیگەڕێننەوە:
ناوی بەرهەمی My Little Pony Explore
5010994932367 بۆ بارکۆد
ژمارەی بەرهەم لە ئەکشن 3215230
. ژمارەی وەجبە: B3598
پلاستیککەر چییە و بۆچی مەترسیدارە؟
پلاستیککەر بریتییە لەو ماددە کیمیاییانەی کە دەخرێنە ناو بەرهەمە پلاستیکییەکانەوە بۆ ئەوەی نەرمتر بن، هەروەها بە شێوەیەکی بەرفراوان لە یارییەکانی منداڵان و باراناوی و وایەری کارەبادا بەکاردەهێنرێن. بەڵام لەکاتی بەکارهێنانی ئەم ماددانە دەتوانن دزە بکەنە ناو لەشی مرۆڤەوە، ئەمەش مەترسییەکی بەرچاوی تەندروستی دروست دەکات بەتایبەت بۆ منداڵان. بۆیە یاساکانی ئەوروپا سنوورێکی توند بۆ ڕێژەی سەدی پلاستیککەرەکان دادەنێن کە لە بەرهەمە بەکاربەرەکاندا ڕێگەپێدراون.
بۆیە کۆمپانیای ئەکشن ستۆرز داوا لە هەموو کڕیاران دەکات کە واز لە بەکارهێنانی ئەو یارییە بهێنن کە قسەی لەسەر دەکرێت و بیگەڕێننەوە بۆ نزیکترین لقی بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە پسووڵە هەبێت.