پێشـانـگـای کـتـێـب

عەلی حەمەڕەشید

گوێم لێبوو باوکم لەگەڵ گەشەی خوشکمدا باسی ئەوەیان دەکرد کە ڕۆژی هەینی دەچن بۆ سەردانی پێشانگای کتێب و منیش لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، ئای چەندم پێخۆشبوو، چونکە لە قوتابخانەش مامۆستا فەرهاد باسی ئەو پیشانگایەی بۆ کردین، کە تازە کراتەوە و کتێب و گۆڤاری تایبەت بە ئێمەی منداڵانیشی زۆر تێدایە.
هێندەمزانی باوکم بانگی کردم و گوتی: نازگوڵ گیان هەینی پێکەوە دەچین بۆ سەردانی پیشانگای کتێب کە تازە کراوەتەوە، منیش باوەشم بە باوکمدا کرد و ئەملاولایم ماچ کرد، گوتم: زۆر خۆشحاڵم.
بۆ ڕۆژی هەینی باوکم ئۆتۆمبێلەکەی ئامادەکرد و سەرکەوتین، هەر گەیشتینە پێشانگاکە، کۆمەڵێک کتێب و گۆڤارم بینی، ئەو هەموو خەڵکەم بینی کە بۆ سەردانیکردن هاتبوون، زیاتر دڵخۆشبووم. لەگەڵ باوکم و گەشەی خوشکم بەناو پیشانگاکەدا دەڕۆیشتین، بەڵام باوکم هەر دەڕۆیشت و لای هیچ کتێبخانەیەک لای نەدەدا، بەلامەوە سەیربوو، گوتم: دەبێت باوکم بۆ کوێ بچێت، جار جار لای ئەو کەسانەی وەک ڕێنیشاندەر دانرابوون پرسیارێکی دەکرد و پێیدەوتین بابڕۆین، هەر چەندم دەکرد نەمدەتوانی پێیبڵێم باوکە گیان با تەماشایەکی ئەو کتێبانە بکەین، کە بەجوانی دانراون.
تا ئەو سەری پیشانگاکە بەدوای باوکمەوە بووین، گەشەی خوشکیشم کە لەمن گەورەتر بوو، بە هەمان شێوەی من نەیدەزانی هۆی چییە باوکم هەر دەڕوات و لە هیچ شوێنێک لانادات تا تەماشای کتێبەکان بکەین.
هێندەمزانی باوکم چووە شوێنێکەوە، وەستا و گوتی: دەی ڕۆڵەکانم ئەمە ئەو شوێنەیە کە زۆرترین کتێب و گۆڤاری تایبەت بە ئێوەی تێدایە، بۆیە لە شوێنەکانی تر لامان نەدا، چونکە هیچی بۆ ئێوە تێدانەبوو.
بەدڵخۆشییەوە کەوتینە هەڵگرتن و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانیان، کتێبی جوانی ڕەنگاوڕەنگی هۆنراوە و چیرۆک، گۆڤاری تایبەت بە ئێمەی لێ بوو، جگە لە زمانی شیرینی کوردی بە زمانەکانی تریشی تێدابوو، باوکیشم جار جار کتێب و گۆڤاری نیشان دەداین و دەیگوت: تەماشای بکەن و چیتان بەدڵە بە جیا دایبنێن، چوو عارەبانەیەکی بچوکی تایبەت بە گواستنەوەی کتێبی هێنا، ئێمەش ئەوانەی بەلامانەوە پەسەند بوو تێمانکرد و باوکیشم دەیزانی کامە باشە دەیکردە ناو گواستەرەکەوە، کە تەواو بووین پارەکەیدا و چەند شوێنێکی تریش گەڕاین، لەوێ هەندێک لە مامۆستاکانم و چەند هاوڕێیەکیشم بینی ئەوانیش هاتبوون بۆ پیشانگاکە، دواتر لە شوێنێک پشووماندا.
حەزم دەکرد زوو بگەینەوە ماڵەوە، بەڵام باوکم گوتی وەرن با بگەڕێین بۆ کتێبە دڵخوازەکانی من، ئێوە کتێب و گۆڤاری خۆتان دەستکەوت، ئەویش دوای گەڕانێکی باش کۆمەڵێک کتێبی کڕی و گواستمانەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکە و بەخۆشییەوە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە.