ئـامـۆژگـاری مـامـۆسـتـا

کاروان عەلی

بەیانییەکی فێنک و خۆشبوو، لە تەنیشت هاوڕێکەم دانیشتبووم، گوێم لە مامۆستای کوردی گرتبوو، پۆلەکەمان زۆر ئارام و بێدەنگ بوو، ویستم دەستم بەرزبکەمەوە و وەڵامی پرسیارێکی مامۆستاکەمان بدەمەوە، بەڵام کە سەیرم کرد نیازی هاوڕێم چاوەکانی سوور ببوون و خەو دەیبردەوە، سەرم لەبن گوێی ناو گوتم: چییە نیاز وادیارە زۆرت خەو دێت، چاوەکانت سووربوون.
نیاز بەبێ هێزییەوە سەری لەقاند و گوتی: زۆرکەم خەوتووم. مامۆستا سەیری ئێمەی کرد و گوتی: ئێوە چیتانە کوڕینە؟ چی بووە؟
گوتم: هیچ نییە مامۆستا گیان ببوورە… مامۆستا بەردەوام بوو لە وانەکەی و نیازیش هێدی هێدی زیاتر خەو دەیبردەوە، تا وانەکەمان تەواو بوو چەند جارێک بە دەست نیازم هۆشیار دەکردەوە تاوەکو چاوەکانی دانەخات و خەوی لێنەکەوێت، هەر کە زەنگی پشوو لێییدا مامۆستا پێی گوتم: ڕوان لەگەڵ نیازی هاوڕێت وەرە کەمێک کارم پێتانە، مامۆستا لە پۆلەکەمان ڕۆیشتە دەرەوە و ئێمەش دوای کەوتین، بەیەکەوە چووینە باخچە دڵگیر و خجیلانەکەی قوتابخانەکەمان، مامۆستا ڕووی کردە من و گوتی: ڕوان گیان ئاگاداربووم کە چەند جارێک نیازت ئاگاداردەکردەوە، بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیرە بەم بەیانییە بۆچی نیاز بەمجۆرە چاوەکانی سوور بووە و خەوی دێت؟
نیاز سەری داخست و هیچ وەڵامی نەدایەوە.
مامۆستا ڕووی کردە نیاز و گوتی: نیاز گیان چی بووە خۆ نەخۆش نیت؟
نیاز گوتی: نەخێر مامۆستا…
مامۆستا: ئەی بۆچی وا چاوەکانت سووربووە؟
نیاز: ئەمشەو تا درەنگ خەریکی یاری ئەلیکترۆنی بووم؟
مامۆستا: ئەی نیاز گیان ئەم وانەیە باسی چیمان کرد؟
نیاز: ئێ، ئێ…
لەم کاتەدا گوتم: مامۆستا باسی جێناوی لکاومان کرد.
مامۆستا گوتی: ڕوان ئەمشەو کاتژمێر چەند خەوتیت؟
گوتم: مامۆستا من هەمیشە زوو دەخەوم، ئەمشەویش کاتژمێر 9:30 لەسەر جێگابووم، نازانم کەی خەوم لێکەوت.
مامۆستا: کاتەکەی خراپ نییە، بەڵام ئەگەر زووتر بخەویت باشترە… سەیر بکە نیاز گیان لەبەر ئەوەی ڕوانی هاوڕێت هەمیشە ئەرکەکانی ڕۆژانە و قوتابخانەی جێبەجێ دەکات و زوو دەخەوێت هەموو مامۆستاکان ستایشی دەکەن، بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان و موبایلیش چاوی خۆی ماندو ناکات و ئازاری نادات، بێگومان ئەگەر تا ماوەیەکی تر لەسەر ئەم کارەت بەردەوام بیت، چاوەکانت کز دەبن و پێویستت بە چاویلکە دەبێت….
لەگەڵ ئەمەشدا بیر و مێشکت ئاڵۆز دەبن و وانەکان و ئەرکەکانی ژیانی ڕۆژانە و ڕێکخستنی کاتەکانت لێ تێک دەچێت، بەم جۆرە لە ئاییندەدا زۆر پەشیمان دەبیتەوە.
دیار بوو ئامۆژگارییەکانی مامۆستا زۆر کاری کردبووە سەر نیاز، چونکە بەجوانی گوێی بۆ گرتبوو، دوای قسەکانی مامۆستا منیش گوتم: نیاز گیان قسەکانی مامۆستا شایانی جێبەجێکردنن، دڵنیابە بەم جۆرە بمێنیتەوە لەوانەکانت دەرناچیت…
نیاز گوتی: دایک و باوکیشم هەمان بۆ چوونیان هەیە، لەبەر یاری ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی زۆری موبایل لێم دڵگرانن، بەڵام بەڵێن بێت لە ئێستا بەدواوە کاتەکانم ڕێک دەکەمەوە چیتر شەوان درەنگ ناخەوم و موبایلیش زۆر بەکار ناهێنم.
مامۆستا گوتی: زۆر دڵخۆشم بەم بڕیارەت نیاز گیان، دڵنیابە ئەگەر وا بکەیت ئایندەت ڕۆشنتر دەبێت، دەی ڕوان گیان هاوڕێکەت ببە و با ئاوێک بەدەست و دەم و چاویدا بکات…
نیاز گوتی: سو‌پاس بۆ ئامۆژگاری و دڵسۆزیت مامۆستای ئازیز.
مامۆستا سەیری ئێمەی کرد و گوتی: ئێوە ئایندەی ئێمە و ئەم خاکەن، چاوەڕوانی شتی زۆر گەورەم لە ئێوە هەیە، دەی من دەڕۆم، دەتانبینمەوە.
ئێمەش گوتمان: فەرموو مامۆستا گیان، کاتێکی خۆش.