سۆشیال‌میدیا و دروستبوونی بزووتنەوە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوێیه‌كان

دانا شوانی ـ هەولێر

به‌ سەرهەڵدانی سەردەمی زانیاری و ئاڵۆزتربوونی، مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دیاردەیەک بووەتەوە کە پێی دەوترێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی تازه‌، کە زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی و زانایانی بواری پەیوەندیی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌. هه‌رسێ توخمی خۆڕسكی و بنیاد و پەیام دەکرێ بە گرنگترین پێکهاتەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تازه‌کان هەژمار بکرێن. لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئه‌و بزووتنەوانه‌ى بە «بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تازه‌كان» ناسرابوون، لە ئەمریکا سه‌ریهه‌ڵدا، کە لەگەڵ پێناسە تەقلیدییەکانی بزووتنەوەکاندا وێك نه‌ده‌هاته‌وه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌ تازانه‌ بریتیین له‌ بزوتنه‌وه‌ى خوێندکاری، مافی مرۆڤ، پاش کۆلۆنیالیزم، دژە ڕەگەزپەرستی و بزووتنەوە فێمینیستەکان. هه‌موو ئه‌م بزووتنەوانه‌ وه‌ك ڕه‌وتێكی ناچینایەتی وابوون کە له‌ هه‌مان كاتدا پێکهاتە و سەرکردایەتییه‌كی لامەرکەزییان هه‌یه‌ و زۆربەی جەختکردنەوەكانشیان لەسەر ئه‌و تۆڕانه‌ بوو کە بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکانیان یەکگرتوو بوون. زۆرجار بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تازه‌كان، نەخشەی زه‌ینی پێشوەختەیان نییە، هه‌روه‌ها بنەمایه‌كی چینایەتی، ڕەگەزی یان بنەمایه‌كی دیکەیان نییە و لە گرووپێکی دیاریکراودا پۆلێن نەکراون. هەر چەندە بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تازه‌كان، بەڵام دەتوانرێت کۆمەڵێک بنەما و ئایدیای هاوبەشیان هه‌بێت. تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تازانه‌ بریتیین لە:

یه‌كه‌م: نائامرازییبوون: واتە دەربڕینی بەرژەوەندی و نیگەرانییە گشتگیرەکان و نوێنەرایەتینەکردنی بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی گروپە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان. بە واتایەکی تر، شوناسیان ئاراسته‌كراوه‌ و چین و گرووپی جیاوازیش لەخۆدەگرن.
دووه‌م: ئاراستەیەکی مەدەنییان هەیە: واتە گومانیان لە پێکهاتە بیرۆکراتییە مەرکەزییەکان هەیە و زیاتر گرنگی بە لایەنەکانی وەک که‌لتوور و شێوازی ژیان و بەشداریکردن لە سیاسەتی ناڕەزایەتییدا دەدەن.
سێیه‌م: زۆر پشتیان بە میدیای گشتی بەستووە و بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی جیهانی کۆ بکەنەوە.
چواره‌م: ڕێکخستنێكی نافەرمی و نەرمونیانیان هەیە (Nash, 2000: 88).
پێنجه‌م: ئه‌م بزوتنه‌وانه‌ وەک تۆڕێک کار دەکەن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی و هاوپەیمانی لە نێوان ئەکتەرە گروپی و ناحکومییەکان و بزووتنەوەکانی تر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هه‌روه‌ها کەمتر تایبەتمەندی پلەبەندییان هەیە.
شه‌شه‌م: زۆربه‌ى جار ناتوندوتیژن.
ئەم جۆرە بزووتنەوانە جگە لەوه‌ى بنیادێكی شل و نامەرکەزیان هه‌یه‌، نیشاندەری کراوەتر و گشتیتریان هەیە بۆ ئەندامێتی تاك و لە ڕێگەی کردەی ڕاستەوخۆوە، کاریگەرییان لەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤەکان و گەیشتن بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. سۆشیال‌میدیا ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕێت لە دروستبوون و فراوانکردنی ئەو بزووتنەوەیانە و لەم ساڵانەی دواییدا، به‌ فراوانبوونی میدیای مەجازی لە فەزای ئەلیکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکاندا گرنگیی ئەو بزووتنەوانە زیاتر بووە و دروستکردن و پەرەپێدانیان ئاسانتر بووه‌. وێڕای ئه‌وه‌ش، به‌ زیادبوونی پێشکەوتنی ئامرازەکانی پەیوەندیی جەماوەری لە جیهاندا و ئەگەری بەدەستهێنانی نوێترین هەواڵ و ڕاپۆرتی نووسراو و دەنگی و بینراو لە دوورترین ناوچەکانی جیهان و بەکارهێنانی گونجاوی میدیا و هایپەر میدیا، ئەم ئامرازانەی پەیوەندیکردن سەکۆیەک بۆ ڕوودانی پێشهاتەکان لەناو وڵاتاندا و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمەکە هه‌یه‌. لە ڕاستیدا تەکنەلۆژیای پەیوەندییە مۆدێرنەکان لە جیهاندا بیرۆکەی گوندێکی جیهانییان خستۆته‌ڕوو، و ئێستا مرۆڤەکان لە جیهانێکدا دەژین کە لە هەموو ڕوویەکەوە لە ژێر چاوی تیژی یەکتردان. ئەو پێشکەوتنەی کە شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی نوێ بەتایبەتی لە بواری پەیوەندیکردندا بەدەستی هێناوە، دەرفەتێکی بۆ سەرهەڵدانی هێز و دامەزراوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناو وڵاتان ڕەخساندووە. ئەم کێشەیە بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەک کە تیایدا لێشاوی بەردەوامی زانیاری ئاسانکاری بۆ بڵاوبوونەوەی خێرای ئایدیا و بیرکردنەوەکان دەکات. ئەم پێشهاتانە، وایکردووە کۆمەڵگەی مەجازی نێودەوڵەتی لایەنێکی تەواو شەفاف و ڕوونیان هه‌بێت و هیچ کێشەیەک لە چاوی تاک و کەسانی دیکەدا بزر نابێت و بە خێرایی به‌ هەمووان ده‌گات و بێگومان دەتوانرێت لەلایەن ئەوانیشەوە بەکاربهێنرێت.
پەیوەندیکردن لە ڕێگەی ئینتەرنێت و فەزای مەجازییەوە بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی‌سیاسییە تازه‌كان نموونه‌ییه‌: ئه‌م ڕه‌وته‌، ڕه‌وتێكی لامەرکەزییە و کەمتر کۆنترۆڵ دەکرێت و ناسنامەی خەڵک بە ئاسانی ئاشکرا نابێت. ڕێگە بە دەستگەیشتنێکی کراوە دەدات بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت. هەروەها زۆرێک لە ئاسانکارییەکانی دیکەی وەک ئیمەیڵ، ژووری گفتوگۆی ئینتەرنێت، گروپی ئەلیکترۆنی، مەکۆی ئینتەرنێت و تابلۆی ئاگاداری مەجازیش لەم ئاسانکاریانەدان. بۆ نموونە لە سەردەمی شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیی میسردا خەڵک زۆرترین سوودیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک وەرگرتووە و وێنە و کۆمێنت و ڤیدیۆکانیان لە پەیجەکانی فەیسبووک بڵاودەکردەوە و ئەو وێنە و سەرنجانەش بە خێرایی بڵاوبوونەوە (Allagui & Kuebler, 2011: 1435-1440). خەڵک لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە بارودۆخی سەختی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان باس کرد. تۆڕە کۆمەڵایەتییە نامەجازییەکانی وەک خێزان و گروپی هاوتەمەن و هاوڕێیان لە تۆڕە مەجازییەکاندا خۆیان بەرهەم دەهێنایەوە و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییان زیاتر دەکرد. هەرچەندە حکومەتەکان هەوڵیاندا ئەم سایتانە فلتەر بکەن، بەڵام هۆستەکانی ئەم فەزای مەجازییانە گواسترانەوە بۆ وڵاتانی دیکە، بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن دەستیان بەم تۆڕانە بگات. بێگومان ڕۆڵی میدیای تەقلیدی وەک تۆڕە تەلەفزیۆنییەکان ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت (Doran, 2011: 44).
دیارترین تایبەتمەندی فەزای ئەلیکترۆنی ئەوەیە کە هەموو زانیارییەکان بە خێرایی و بە کەمترین تێچوون بە شێوەی ئۆنلاین بەردەست ده‌بێت، کە نموونەی زۆر له‌م باره‌یه‌وه‌ لە ماڵپەڕەکانی تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێتدا دەبینین. ئەم دەستڕاگەیشتنە بۆ هەمووان دابین کراوە و هیچ جیاکارییەک نەکراوە. لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، ئەگەر خاوەن سەرچاوەی زانیاری، ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی کەسانی ترەوە، بەتایبەتی بەڕێوەبەرانی تۆڕەکانی زانیاری، بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی جۆراوجۆری ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵا، هەوڵی سنووردارکردنی ئەم ئاستە لە دەستگەیشتن بدەن، ئەوا سەرکەوتنی ئەوتۆ بەدەست ناهێنن، چونکە ئەم فەزایە بە ئاسانی، هەموو جۆرە ئامرازێکی بێلایەنکردنی ده‌سته‌به‌ر کردووە. بە واتایەکی تر، نزیکەی هیچ مانایەکی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە فەزای ئەلیکترۆنیدا نییە (Sofaer, 2002: 208). ئەم پرسه‌ بە ڕوونی ڕۆڵی فەزای ئەلیکترۆنی و تۆڕە مەجازییە جیاوازەکان لە پرۆسەی بزووتنەوەی كۆمه‌ڵایه‌تیی تازه‌دا نیشان دەدات، لەوانەش بزووتنەوەی واڵ ستریت. وەک ئاماژەمان پێدا فەزای ئەلیکترۆنی، جیهانێکی بێکۆتا و بێسنووره‌ لە ئەگەر و توانای بێشومار کە بەبێ سنووردارکردن لەبەردەستی هەموواندایە و هەرکەسێک کە هەر پاڵنەر و ئامانجێکی هەبێت، دەتوانێت سوود لەم توانا و هێزه‌ وەربگرێت. بێگومان بزووتنەوە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ تازه‌كان خۆیان بە بێبەری لەم ڕێسایە نازانن. ئەوانیش وەک هەموو کەسێک مافی خۆیانە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان سوود لە ئەگەرە بێشومارەکانی ئەم فەزایە وەربگرن. گرنگترین هۆکارەکانی بەکارهێنانی بەرفراوانی ئەم تۆڕ و فەزا و سۆشیال‌میدیایانه‌ لە بزووتنەوە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ تازه‌كاندا بەم شێوەیەی خواره‌وه‌یه‌:
یه‌كه‌م: فەزای ئەلیکترۆنی بێ سنوور. سروشتی سنووربەزاندنی فەزای ئەلیکترۆنی، بە شێوەیەک کە هیچ کام لە بەربەست و سنوورەکانی جیهانی فیزیکی تێدا لەبەرچاو نەگیراون، ئه‌مه‌ بە تایبەتمەندییەکی سه‌ره‌كی دادەنرێت و سوودی بێشوماری هه‌یه‌.
دووه‌م: کەمکردنەوەی تێچووی هه‌نگاوه‌كان. فەزای مەجازی بە شێوەیەکی بەرچاو، تێچووی هه‌نگاوه‌كانى کەمکردووەتەوە. بۆیە سروشتی سنووربەزاندنی فەزای ئەلیکترۆنی دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ تازه‌كان کە سەرەڕای گەیشتن بە ئامانجە چاوەڕوانکراوەکان، ئەگەری كۆتوبه‌ندكردنی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەکان له‌ ئاستێكی زۆر كه‌مدایه‌. بزووتنەوەکان بە ئاسانی دەتوانن لە هەموو گۆشەیەکی جیهانەوە، بەدوای ئامانجەکانیان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بگەڕێن، بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێن، تەنانەت ئەگەر دەستنیشانیش بکرێن، به‌ربه‌ستی زۆر هەیە بۆ دەستگیرکردن و سزادانیان.
سێیه‌م: دابینکردنی ئاسانکاری و هۆکارە پێویسته‌كان بۆ هه‌نگاونان: فەزای ئەلیکترۆنی و میدیای مەجازی، هەموو ئەو ئامرازانەی کە پێویستن بۆ هەموو جۆرە کرده‌یه‌ك لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بە شێوەیەکی نوێ بۆ هەمووان ده‌سته‌به‌ر کردووە و بێگومان شێوازی بەکارهێنانیان تا ڕادەیەک ئاسانتر کراوە کە بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بە کەمترین لێهاتوویی و ئەزموون بەکاری بهێنن (Denning, 1999: 239).
چواره‌م: ڕەنگدانەوەی جیهانیی هه‌نگاوه‌كانى بزووتنەوەكه‌: ڕەنگە تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی ئەلیکترۆنی تاکە ئامرازێک بێت کە جیهان بە هاوبەشی بەکاری دەهێنێت. بۆیە هەر پشێوییەک تێیدا کاریگەری جیهانی دەبێت و ناوبانگی وڵاتێک یان گروپێکی دیاریکراو لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بە ئاسانی لەکەدار دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەو پێیەی بزووتنەوەکان بەدوای ڕەنگدانەوەی جیهانی کارەکانیاندا دەگەڕێن، ئەم فەزایە دەتوانێت باشترین بژاردە بێت.
پێنجه‌م: ئەگەری هەماهەنگی لە کاتی ڕاستەقینەدا لەگەڵ فاکتەری متمانەپێکراوی بەرز: یەکێک لە ئامرازە پێویست و گرنگەکانی بزووتنەوەکان، ئامرازی پێشکەوتووی پەیوەندیکردنە بۆ ئەوەی بتوانن لە کەمترین ماوە و بە کەمترین ئاستەنگ، ئاگاداری بارودۆخی یەکتر بن. میدیای مەجازی ئەم ئەگەرەی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردوون و دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بکەن بە بەکارهێنانی ئامرازی پەیوەندی ئەلیکترۆنیی هه‌مه‌چه‌شن، وەک ئیمەیڵ، چات و… هتد، بە شێوەی نووسراو و دەنگی و ڤیدیۆ(Hancock, 2001: 555).
شه‌شه‌م: ئەگەری ڕاکێشانی لایەنگران لە هەموو جیهانەوە: ڕاکێشانی پشتیوانی ئامادەبووان و تەنانەت وەرگرتنی ئەندام لە نێویاندا یەکێکە لە پرسە پێویستەکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی-سیاسییە تازه‌كاندا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فەزای مەجازی ئاسانکاری میدیایی زۆر فراوانتر و کاریگەرتری بۆ هەمووان ده‌سته‌به‌ر کردووە بە تێچووی زۆر کەم، بەراورد بە دامەزراوە میدیاییەکانی جیهانی فیزیکی، بزووتنەوەکان سوودیان لێ وەردەگرن و چەندین بەرنامەی ڕیکلامی مالتیمیدیای جۆراوجۆر دروست دەکەن بۆ ڕاکێشانی لایەنگران.