خانمانی كورد كارەكانیان دەبەنە بەناوبانگترین هۆڵی هونەری لە ئەوروپا

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌‌ولێر

بۆ یەكەمین جار دەستەیەك خانمە شێوەكاری كورد لە وڵاتی پۆڵەندا لە شاری كراكۆڤ پیشانگایەكی شێوەكاری بە ناوی (ئیگۆ سوم) دەكەنەوە.

ئەم پیشانگایە لە سەرەتای مانگی نیسان دەكرێت و كارەكانیان بریتین لە نمایشی ژمارەیەك تابلۆ و و ئینستێلاسیۆن و ڤیدیۆئارت . پیشانگاكە لە كۆشكی هونەری كۆمەڵەی دۆستانی هونەرە جوانەكان لە شاری كراكۆڤە كە یەكێكە لە كۆنترین هۆڵەكانی پۆڵەندا و مێژووی دروستكردنی بۆ 130 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.هەریەك لە كارە هونەرییەكانیش چیرۆكێكی تایبەت بە خۆیان هەیە كە گوزارشتیان لە ناسنامە، ئازادیی بیرۆڕا و مافەكانی خانمان دەكرد و بەشێك كارەكان لە ئەزموونی بەشێك ژنانی زیانلێكەوتووی ململانێكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگیران . لەم پیشانگایە بڕیار وایە خانمە شیوەكارەكان بە فۆرمێكی مۆدێرن ئەو ئەزموونەی كە لە ناوخۆیی كوردستان وەریان گرتووە تێهەڵكێشی بكەن لەگەڵ بیرۆكە جیهانییەكان و پیشانی ئامادەبووان بدەن.
(زیاد رەئوف) كە كەسایەتیی ناسراوی كوردی دانیشتووی پۆڵەندایە و هاوكات نوێنەری حكومومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا ئەو پیشانگایەی ڕێك خستووە.
ماڵپەڕی فەرمی كۆشكی هونەری كۆمەڵەی دۆستانی هونەرە جوانەكان لە زاری رێكخەرانی پیشانگەكە سەبارەت بە كارەكانی ئەو خانمە شێوەكارانە نووسیویەتی، ئێمە كە لەسەر هەسارەیەك دەژین كە بە دەوری خۆردا دەسووڕێنەوە. هەموومان مافی یەكسانمان هەیە لەسەر هێزی خۆر، بە بەهای ڕووناكی، بۆ خۆری ئاوابوون و بەیانییەکی پڕ لە ڕووناكی یان تەم. ئێمە مافی خۆمانە، بە ژیانی خۆمان، بە جەستەی خۆمان. ئێمە مافی خۆمانە بڕیار لەسەر ژیان یان مردنمان بدەین. ئەم مافە بەڵگەیە لەسەر گەردوونی بێپێوانە، لەسەر دەسەڵات و بێبەش‌نەبوونی. من هەمیشە لە ژیانمدا باوەڕم هەبووە كە دەبێ بەم شێوەیە بێت. كە ئەمە ستانداردی ژیانە لە هەموو گۆشەیەكی. شایانی وتنە پیشانگایە بۆ ماوەی یەك مانگ بەردەوام دەبێت.