لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە ڕێگا دوورەكاندا و چێژوەرگرتن لە دیمەنی سروشت، ئەزموونێکی هەرە خۆشە؛ گەشتكردن لە نێوان وڵاتاندا بە ئۆتۆمبێل بووەتە مۆدە و باوی ئەو سەردەمە.
هەندێك لە گەشتیاران پێیان وایە كە زۆر چێژبەخشە ئەگەر دوورییەكەی گونجاو بێت و زۆر ماندووکەر نەبێت؛ گەشتكردن لە نێوان وڵاتانی دراوسێ بە ئۆتۆمبێل لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهاندا بەربڵاوە، لەوانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریكای باشوور. زۆر كەس پێیان باشە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچن بۆ گەشت و سەیرانی دوور؛ جا چ لەناو ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین یان بۆ وڵاتانی دراوسێ.
بە پێی ئەو ئامارە فەرمیانەی كە (هەولێر) لە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەولێر وەری گرتووە تەنها لە ساڵی 2024ـدا، ١١هەزار و ٨٠٠ گەشتیار مامەڵەی دەفتەری گەشتكردنیان كردووە و چوونەتە گەشت.
بە پێی رێنماییە گومرگییەكانی هەرێمی كوردستان هەر گەشتیارێك بیەوێ بە ئۆتۆمبیلی خۆی گەشت بكات، پێویستە ئۆتۆمبیلەكە بە ناوی خۆیەوە بێت یان وەكالەی بۆ كرابێت و مۆڵەتی نێودەوڵەتیی هەبێت؛ جا حجز دەكەوێتە سەر ئۆتۆمبیلەكەی؛ هەروەها پێویستە گەشتیار لەكاتی پشنكنینی ئۆتۆمبیبلەكەی پاسپۆرتەكەیشی پێ بێت؛ هەروەها بەڵێننامەیشی پێ پڕ دەكرێتەوە.
ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر