نـەورۆز

 

ئەرسەلان حەسەن

هەموو دوانیوەڕۆیەکی ڕۆژانی پێنج شەممە، ماڵی ڕێوان دەچوون بۆ باخەکەیان و یەک دوو شەوێک لەوێ دەمانەوە، پاشان دەگەڕانەوە ماڵەوە.

ڕۆژێکی پێنج شەممە لەگەڵ ماڵی دالیای دراوسێیان بەیەکەوە ڕۆیشتن بۆ باخەکە، تاوەکو هاتنەوە بە یاری و مەتەڵ و گۆڤار و کتێب خوێندنەوە کاتێکی خۆشیان بەسەر برد، چونکە ماڵی ڕێوان ژورێکی خانووی باخەکەیان بۆ کتێبخانە تەرخان کردبوو، چەند گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب و بابەتی منداڵانیشی تێدابوو.

دوای شەوێک کە ئێوارە داهات و خۆیان ئامادە کرد، ویستییان بەرەوماڵ بگەڕێنەوە، ڕێوان و دالیای هاوڕێی بینییان باوکی ڕێوان پشتی ئۆتۆمبێلەکەی پڕکردووە لەدار و بە گورییس بەستوونی، تا لەڕێگادا نەکەون.

دالیا ڕووی لە ڕێوانی هاوڕێی کرد و گوتی: ڕێوان جاخۆ ئێوە لەماڵەوە تەنوری دارتان نییە، ئەی باوکت بۆچی ئەو هەموو دارە دەباتەوە بۆ ماڵەوە؟ ڕێوان لە وەڵامدا بە دالیای هاوڕێی گوت: منیش نازانم، بۆ بابچین پرسیار لە باوکم بکەین.
هەر دووکیان چوو نەلای باوکی ڕێوان و لێیان پرسی، بۆچی ئەو هەموو دارانە دەبەیتەوە؟!

باوکی ڕێوان بەزەردەخەنەوە گوتی: ئەی ئێوە نازانن هەفتەی داهاتوو ئاهەنگی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییە؟ هەموو ساڵێک لە بیستویەکی مانگی سێ کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، یادی ئاهەنگی نەورۆزە و بەو بۆنەوەیە ئاگر دەکەینەوە و ئاهەنگ ساز دەکرێت… ئەم دارانەش بۆ ئاگر کردنەوە دەبەمەوە.

ڕێوان و دالیا بەزەردەخەنەوە سەیری یەکترییان کرد، ئەوسا دالیا بە باوکی ڕێوانی گوت: نەورۆز واتای چییە و بۆچی هەموو ساڵێک یادی دەکەینەوە؟

باوکی ڕێوان گوتی: لەگەڕانەوەماندا بۆ ماڵەوە من شوفێری ناکەم و لەڕێگا بۆتان باس دەکەم، کە کەوتنەڕێ باوکی ڕێوان گوتی: با سەرەتا گوێ لە سروودی نەورۆزی شیعرەکەی پیرەمێرد بەدەنگە خۆشەکەی هونەرمەند حەمەساڵح دیلان بگرین و پاشان بۆتان باس دەکەم، کە سروودەکە تەواو بوو، باوکی ڕێوان گوتی: وشەی نەورۆز، لەدوو پیتی «نەو» و «روز» پێکهاتەوە، واتا ڕۆژێکی نوێ و نەمانی بەفر و سەرما و دەرکەوتنی خۆری گەرم، سەری ساڵی کوردی.

گوتیشی بەوبۆنەیەوە چیرۆکێکی ئەفسانەیی دەماودەم گێڕدراوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی گەیشتنە ماڵەوە، باوکی ڕێوان نەیتوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکەیان بۆ تەواوبکات، ڕێوان و دالیاش زۆر دڵخۆش بوون بەو زانیارییە و زۆر سوپاسییان کرد، گوتیان چاوەڕوانین لە کاتێکی گونجاو چیرۆکە ئەفسانەیەکەمان بۆ بگێڕیتەوە، باوکی ڕێوانیش گوتی: بەسەرچاو.