تۆپی بەربانگ لە چییەوە هاتووە؟ لە هەولێر، هێشتا نەریتەکە ماوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لە زەمانی کۆندا لە بەشێکی زۆر لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا تۆپی بەربانگ تەقێندراوە وەک ئاماژەیەک بۆ بانگی مەغریب لە ڕەمەزاندا بۆ ئاگادارکردنەوەی مسوڵمانان بۆ ڕۆژوو شکاندن. لەسەر ئەم بابەتەش چەندین ڕاوبۆچوونی جیاواز لەبارەی سەرهەڵدانی ئەم نەریتە هەیە کە بەهێزترینیان ئەوەیە لە ساڵی ٨٦٥ـی کۆچی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر سوڵتانی مەمالیكی (خۆشقەدەم) ویستی تۆپهاوێژێک کە بۆی هاتبوو تاقی بکاتەوە و تۆپێکی پێ تەقاند کە بەڕێکەوت یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو؛ کاتەکەیشی هاوکات بوو لەگەڵ بانگی مەغریب. خەڵکەکەش کە گوێیان لەو دەنگە بوو پێیان وابوو کە سوڵتان بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی خەڵکەکە لە کاتی ڕوژووکردنەوە ئەو تۆپەی تەقاندووە و هەندێکیان دەستخۆشییان لێ کرد بۆ بیرۆکەکەی. دواتر سوڵتان کاتێک کاردانەوەی خەڵکەکەی بینی بڕیاری دا بیکات بە نەریتێک و هەموو ڕۆژێک لە کاتی بەربانگدا هاووڵاتیانی پێ ئاگادار بکاتەوە، پاشان وای لێ هات تەنانەت بۆ کاتی دەمگرتنەوە (ئیمساک)ـیش بەکار دەهێنرا.

جێی باسە قاهیرە یەکەم شوێن بوو کە ئەو نەریتەی تێدا جێبەجێ کرا و دوای قاهیرەش لە قودس و دیمەشق و بەشێکی زۆر شارە مسوڵماننشینەکان پەیڕەو کرا و پاشان لە سەدەی نۆزدەهەمدا گەیشتە بەغدا.
هەرچەندە ئەم دیاردەیە ئێستا کەم بووەتەوە بەڵام لە هەندێک ناوچە و وڵاتی مسوڵمان هێشتا ماوە و، پێیان گرنگە.
جێی باسە لە شاری هەولێریش پێشتر لە سەردەمی کۆندا ئەم نەریتە باو بووە و دوا جار کە پەیڕەوکراوە لە ساڵی ١٩٦٠ بووە لەلایەن کەسێک بە ناوی مام فەتاح و، مەیادی هاوسەری تۆپی بەربانگیان بەكار هێناوە، پاشان تۆپەكە گواستراوەتەوە بۆ مۆزەخانەی بەغدا.
ئێستاکەش چەند ساڵێکە ئەم نەریتە زیندوو کراوەتەوە و ماوەی چوار ساڵە تۆپهاوێژێک لەسەر قەڵای هەولێر دانراوە و ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا لە کاتی بەربانگدا دەتەقێنرێت.
تۆپەکەش لەسەر ئەرکی مەلا زانا خەیام دروست کراوە و پێشکەش بە پارێزگای هەولێر کراوە.
بە دانانی ئەم تۆپە مەلا زانا توانیی دوای زیاتر لە نیو سەدە ئەم نەریتە لای خەڵکی هەولێر زیندوو بکاتەوە و دووبارە لە ڕۆژانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاند وەک نەریتێک لە کاتی بانگی ئێوارەدا خەڵکی گوێبیستی تۆپی بەربانگ بن کە لە تۆپەكەدا تەنیا بارووت بەكار دەهێندرێت و بە تەنیا دەنگی هەیە، شێوەی تۆپەكەش جیاوازە لەوەی كاتی خۆی وەستا رەجەب لە سەردەمی میرنشینی رواندز دروستی كردووە و بەكار هێنراوە.