وێژە خەڵاتێكی ئەڵمانی دەبەخشرێتە خانمێكی كورد

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌‌ولێر

خەڵاتی هاینریچ مان ٢٠٢٥ كە خەڵاتێكی گەورەی كولتووری و وێژەیی (ئەدەبی)ـە لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەمساڵ درایە خانمێكی كورد .

ماڵپەڕە ناودارە ئەڵمانیەکەیadk.de بڵاوی كردەوە كە هاینریچ مان بەخشرایە مێلی كیاك (Mely Kiyak) نووسەری ناوداری باكووری كوردستان؛ ماڵپەڕەكە سەبارەت بەو خانمە كوردە نووسیوەتی: مێلی كیاك بووەتە دەنگێكی گرنگی فكری لە كۆمەڵگەی ئەڵمانیادا.
گوتارەكانی خاتوو مێلی، تایبەتن بە خۆناسین و بابەتی سیاسی و ڕەخنەی كۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی؛ هەندێک لە بەرهەمەکانی، هەستێكی زۆر دەگمەنی كۆمیدیایشی پێوە دیارە.
كیاك كچی كۆچبەرێكی كوردە کە لە کوردستانی توركیاوە چووەتە ئەڵمانیا؛ دوای خوێندن لە پەیمانگای ئەدەبی ئەڵمانی لە لایپزیگ، دەستی بە كاركردن كرد وەك ڕۆژنامەنووس لە میتێلدۆشێر ڕوندفانك و لایپزیگەر ڤۆڵكسزایتۆنگ. ساڵی ١٩٩٨ بووەتە هاووڵاتییەكی ئەڵمانی.
كیاك لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە وەك نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە بەرلین كاری كردووە. دەقەكانی لە نێوان دەقەكانی تردا لە دی زایت، دی وێڵت و تازدا دەركەوتوون.