برهان خۆشناو
زۆرن ئەوانەی لە بواری هونەر، ئەدەب یان هەر بوارێكی دیكە كار ناكەن، بەڵام چونكە خولیای ئەو بوارەن و خۆیان تیایدا دەبیننەوە، هەردەم هەوڵ دەدەن لە رێگەیەکەوە خزمەت بەو بوارە بكەن و بڕێ ئارەزووی خۆیانی تیادا بشكێنن.
خوالێخۆشبوو سەفیر ئەحمەد خاڵە یەكێک بووە لەو كەسایەتیانەی هەردەم وەك سەربازێكی ون، خزمەتی بە هونەری كوردی كردووە، بەبێ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان چاوەڕوانی پاداشتی ماددی و، تەنانەت چاوەڕوانی پاداشتێكی مەعنەویشی كردبێت.
خوالێخۆشبوو سەفیر ئەحمەد خاڵە، كەسایەتییەكی ناسراو و خۆشەویستی رانیە و دەڤەری بیتوێن و كوردستان بوو. كەسێكی نیشتمانپەروەر و كۆمەڵایەتی و چاكەخواز و هونەردۆست بوو. لە رۆژە سەختەكاندا پشتیوانی دۆزی رەوای گەلەكەمان بوو. ئەو كەسایەتییە، تا سەر ئێسقان ئاشقی هونەری گۆرانی بوو، بە تایبەتی هونەری هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان خوالێخۆشبوو محەمەدی ماملێ. بۆیە هەر كاتێك باس بێتە سەر یادی ماملێ، بە تایبەتی لە شاری هەولێر، نابێت و ناكرێت ناوی كەسایەتییەكی وەك خوالێخۆشبوو سەفیر ئەحمەد خاڵە نەهێنرێت.
خوالێخۆشبوو لە ساڵی ١٩٧٩وە لەگەڵ هونەرمەند ماملێ پەیوەندییەكی توندوتۆڵی هەبووە و ئاگاداری پەیوەندیی نێوان ماملێ و كەسایەتییە سیاسییەكانی باشوور و رۆژهەڵات بووە، هێندە لەگەڵ خانەوادەی ماملێ تێكەڵاو بووە، خۆی بە یەكێك لە ئەندامانی ئەو خانەوادەیە زانیوە، هەر ئەو خۆشەویستییە و رێزەش بوو، وای كردبوو ئەوەندە گرینگی بە ماملێ بدات و تا دوای كۆچی دوایی هونەرمەندیش هەموو ساڵێک یادكردنەوەكەی بۆ رێك بخات.
خوالێخۆشبوو سەفیر ئەحمەد خاڵە یەكێك لە هەوادارە سەرسەختەكانی دەنگ و كەسایەتیی هونەرمەند ماملێ بوو، بۆیە ساڵانە لە یادی كۆچی یەكجارەكیی ئەو هونەرمەندە گەورەیەدا لەسەر ئەركی خۆی، بەتایبەتی لە شاری هەولێر، مەراسیمێكی پڕ لە شكۆی بۆ ساز دەكرد. هەمیشە لە ساڵیادیدا دیگوت: ((تا مابێتم زەحمەتە یادی ماملێم لەبیر بچێت و نەیگرم)).
خوالێخۆشبوو سەفیر ئەحمەد خاڵە، ئەو پاڵپشتە مادی و مەعنەوییەی مەراسیمی ساڵیادی هونەرمەند ماملێ، ماملێ و یادەكەی بە ئاسایی وێنا نەدەكرد، بەڵكو هەردەم لە روانگەی هزری نیشتیمانی و كوردستانییەوە لە ماملێی دەڕوانی.
خوالێخۆشبوو چونكە لە نزیكەوە لە رووی كۆمەڵایەتییەوە تێكەڵاوی ماملێ و خانەوادەكەی ببوو، بۆیە هەردەم وەك سیمبولێكی رەسەنایەتیی كوردایەتی لە هونەرەكەی ماملێی دەڕوانی، بۆ ئەمەش هەردەم دەیویست لە ساڵیادەكانی هونەرمەنددا یەكبوونی كورد لە نێوان پارچەكانی كوردستان زیاتر جۆش بدات و ئەو سنوورە دەستكردە لە هزری تاكی كورددا زیاتر كاڵ بكاتەوە.
خوالێخۆشبوو لەدایكبووی 1952 بوو، بەداخەوە، ساڵی 2024 بە نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایینی كرد و لە رۆژی هەینی لە 21ی حوزەیرانی 2024 لە مەراسیمێكی شكۆداردا لە گوندی قەمتەران لە دەڤەری بیتوێن بەخاك سپێردرا.
لەگەڵ ئاوابوونی ئەستێرەی تەمەنی سەفیر ئەحمەد خاڵە، ئەمساڵ یادی هونەرمەند ماملێ لە هەولێر نەكرایەوە و بێناز مایەوە.
لە كۆتاییدا دەڵێم: دروود بۆ گیانی خوالێخۆشبوو سەفیر ئەحمەد خاڵە و هونەرمەندی گەورە ماملێ و هەموو ئەو هونەرمەند و هونەردۆستانەی رۆژێک لە رۆژان خزمەتیان بە هونەری كوردی كردووە و دەیكەن.