ئەحمەد ستار
سەرەتا با باسێکی گرنگی سۆشیاڵمیدیا بکەین لە گرنگی گەیاندن. خۆشبەختانە لە سەردەمی ئێستادا تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە و بووەتە هۆی کارئاسانی بۆ تاک، لە ڕوانگەی ڕاییکردنی کارەکانی ڕۆژانەی، ئەو پێشکەوتنەش کارئاسانی بۆ دەربڕینی ئایدیا و بیری تاک کردووە.
ئێمە دەبێ دڵخۆش بین بەو هەنگاوە گرنگانەی کە مرۆڤایەتی هەڵیهێناوە، بەڵام دەبێ هەندێک بابەت بە وریایی لێی بڕوانین، با باسی بابەتێکی گرنگ و فرەبەرچاو بکەم کە ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە ئەویش بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ کە بەداخەوە دایبابان لێیان بەئاگا نین و لێیان ناکۆڵنەوە، کە بە چ شێوەیەك منداڵان سۆشیاڵمیدیا بەکاردەهێنن. ئەوەش دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی ڕەوشت و بیری منداڵان. ئەگەر سەربەست بن لە بەکارهێنانی. لەبەر ئەوەی منداڵ دووبارەکەرەوەی ڕەفتار و گوفتاری کەسی بەرامبەرە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە ئایا ئەو کردار و گوفتارە لە سوودی ئەوە یان زیان. بۆیە پێویستە لەسەر دایبابان بە هۆشیارییەکی زۆرەوە لەو بابەتە ورد ببنەوە و کاری لەسەر بکەن، بۆ ئەوەی سەرەنجام ڕۆڵەکانیان بە لاڕێدا نەچن هەم لە ڕووی فیکری و هەم لە ڕووی ڕەوشتیان.
گەر بێینەوە سەر جەوهەری بابەتەکە کە کاریگەری تاکە لە شێواندنی کۆمەڵگا لە ڕێی سۆشیاڵمیدیاوە. بەداخەوە لە ئێستادا کۆمەڵە کەس و لایەنێک لە گۆڕەپان دان بۆ بەلاڕێدابردنی تاک و کۆمەڵگامان بە تایبەت بەلاڕێدابردن و خۆڵ کردنە چاوی گەنجەکانمان کە لە ڕێی سۆشیاڵمیدیاوە چەند ئەکاونتێکیان داناوە و بە شێوازێکی زۆر زیرەکانە و بەدخوانە ئەو کارە دەکەن.
هەندێک بە هونەر دێنە مەیدان و هەندێکیان بە فاشیۆن و مۆدێل، بۆیە پێویستە ئێمە وشیار بین و بە سادەیی و بیرێکی سنووردارکراو لەوان نەڕوانین. پێویستە وەك چۆن ئەوان لە هەوڵی شێواندنی ڕەوشت و بەها ڕەوشتییەکانی کۆمەڵگان، ئێمەش ئاوا لە هەوڵی چاكکردن و مانەوەی بەها ڕەوشتییەکان بین. بەڵام نەك بە شێوازێکی ناشرین و ناڕۆشنبیری؛ بەڵکوو لەسەر بنەمای بەڵگە بێت و لەسەر بنەمای بە هەڵە نیشاندانی کارەکانی ئەوان بێت، گەر کاریان هەڵەبوو. ئامانجی ئێمە بنبڕکردنی ئەو کارانە نییە کە ئەوان پێی هەڵساون. ئێمە ئامانجمان لە بنبڕکردنی کارە ناشرینەکانییانە چونکە لە هەموو وڵاتان بواری: (مۆدێل، فاشیۆن…تاد.) هەیە بەڵام بە شێوازێکە کە لەگەڵ داب و نەریتەکانی خۆیان دەگونجێت. ئێمەش دەمانەوێت هەمان بێت و لەگەڵ داب و نەریتەکانی خۆمان بگونجێن. بۆیە ئەو کارەی من باسم کرد، پێویستە لەسەر هەموو تاکێکی ڕۆشنبیر و بە ڕەوشت: بە ئەرکی خۆی بزانێت و لە پێناو بەها ڕەوشتییەکانی کۆمەڵگاکەمان تێبکۆشین.