کتێبێکی دیکەی تەلارسازی بە زمانی كوردی كەوتە بەر دیدی خوێنەران

لە هەوڵێكی دیکەیدا دوای وەرگێڕانی (تەلارسازی فۆڕم) مامۆستای زانكۆ ئەندازیار (بێری مستەفا غەفوور)، بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردن بە زانستی ئەندازیاری بە تایبەتی تەلارسازی، كتێبێكی دیکەی بە ناوی (پلان ومقطع – مهندس محمد پیرداوەری) لە فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ كوردی، كە زانكۆی سەلاحەدین كاری چاپ وبڵاوكردنەوەی گرتۆتە ئەستۆ. مامۆستای نووسەرو وەرگێڕ بەم كارەشی هەم خزمەتی زانستی بوارەكەی خۆی كردووە هەم كەلێنێكی لە كتێبخانەی زانستی ـ كوردی پڕ كردۆتەوە، هەم ئاسانكاری بۆ قوتابیانی كۆلێژی ئەندازیاری كردووە تا باشتر لە بابەتەكانی فۆڕم و فۆڕمسازی ئەندازیاری بگەن. هاوكات ئەندازیار (بێری خان) جارێكی دی سەلماندی كە زمانی شیرینی كوردی بەبەرییەوە هەیە و دەتوانێ‌ ببێتە زمانی زانست و قورسترین باری زانیاری لە هەر بوارێك و ئاستێكدا، بێ‌ گرێ و گۆڵ، بێ‌ گرفت و دڵەڕاوكێ‌ بگوازێتەوە بۆ بواری ئەكادیمیا و كۆمەڵگەی زانستی كوردی.