چــاکــەکــردن مـرۆڤ دڵـخـۆش دەکـات

کـاروان عـەلـی

 

هێدی هێدی خەریکی پاکردنەوەی ماڵ بووین، خوشکەکەم وەکو من یارمەتی دایکمی دەدا… دایکم بە کەژێی گوت: کەژێ گیان تا چێشتەکە ئامادە دەکەم دەتوانی بچیت ئەو جلوبەرگانە هەڵبخەیت لەبەر خۆرەکە؟ کەژێ گوتی: بەسەرچاوان دایکە گیان، بەڵام بۆچی هەمیشە دەڵێی لەبەر خۆرەکە هەڵیانبخە؟ یان خۆت هەر لەبەر خۆر جلوبەرگەکان هەڵدەخەیت؟
دایکم وەڵامی دایەوە و گوتی: چونکە تیشکی خۆر زۆر بەسووده و هەرجی میکرۆب و پیسی هەیە دەیکوژێت و لەناوی دەبات. کەژێ گوتی: دایکە من زانیوومە تیشکی خۆر ڤیتامین -D- دی -مان پێدەبەخشێت، سوودی گەلێک زۆرە بۆ ڕووەک و گیانداران و مرۆڤ، بەڵام نەمدەزانی ئەم سوودە گرنگەشی هەیە.
دایکم گوتی: تیشکی خۆر سوودی زۆر زیاتریشی هەیە، دەی ئێستا بڕۆ جلوبەرگەکان هەڵبخە، منیش گوتم دایکە منیش دەچم یارمەتی دەدەم، دایکم گوتی: کەواتە زۆر باشە، ئاگاداری خۆتابن، لەگەڵ دەستی خۆتاندا ئەو سەلەیەش ببنەوە ماڵی دادە ڕەیحان. جلوبەرگەکانمان هەڵخست و بەڕێکەوتین بۆ ماڵی دادە ڕەیحان، لەڕێگا بینیمان بەچکە پشیلەیەک پێیەکانی بریندار بوونە و مامە پیرەیەک خەریک بوو چارەسەری دەکرد، بۆیە ئەو ئامۆژگارییەی باوکمان بیر هاتەوە کە دەیگوت: پێویستە بەبەزەیی بین لەگەڵ گیاندار و بچوکەکاندا، هەروەها دەبێت ڕێز لە گەورەکان بگرین و لە ڕەفتار و ئامۆژگارییەکانیان پەند و وانە وەربگرین… بۆیە ئێمەش نزیک بووینەوە لە مامە پیرەکە و دەستخۆشیمان لێکرد و پێمان گوت هاوکاریت پێویست نییە مامە گیان؟ ئەویش زۆر دڵخۆشبوو، گوتی: ئێوە زۆر ژیر و تێگەیشتووین، هەروەکو باوکتان بە ڕەوشت و بەڕێزن، سڵاوی من به باوکتان بگەیەنن و پێی بڵێن مام ڕەمەزان زۆرسوپاسی دەکردی… منیش گوتم مامە گیان تۆ باوکم دەناسی؟ ئەویش گوتی: بەڵێ ڕۆڵەی شیرینم، ئێوەش دەناسم، دوێنێ باوکت زۆر هاوکاری کردم… کەژێ گوتی: مامە گیان دەستی تۆش خۆش بێت، هاوکاریکردن ئەرکی هەموومانە، ماڵئاواییمان لەمام ڕەمەزان کرد و بەڕێکەوتین بۆ ماڵی دادە ڕەیحان، پاش ئەوەی کە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە ڕووداوەکەمان بۆ دایک و باوکمان گێڕایەوە و سڵاوی مام ڕەمەزانیشمان بە باوکمان گەیاند، باوکم گوتی: سڵاوی خودا لە ئێوەو مام ڕەمەزان بێت، ڕۆڵەکانم پێویستە هەموو کاتێک چاکە بکەین، هاوکاری یەکتری بین، چونکە هەر چاکە و بەزەیی و ڕێزگرتن و هاوکاری مرۆڤ دڵخۆش دەکەن.