نەخشەی كوردستان دەچێتە سەر یارییەكی ئەلیكترۆنی

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ئاسنەڕێی كوردستان كە نەخشەی كوردستان بە ناوی هەموو شارە گەورەكانی تێدایە یارییەكی تەختەی ستراتیجی پێنج یاریزانی هاوشێوەی مۆنۆپۆلییە كە لەلایەن ئالان سەلاح، گەنجێكی كورد خاوەنكار دروست كراوە، ئامانجی یارییەكە پەروەردەكردنی نەوەی گەنج و بیانییەكانە دەربارەی كوردستان.

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی نووسیویەتی كە لاوی تازە، بەهۆی شێوازی ژیانی جیاوازیانەوە، ڕەنگە زۆر شت لەبارەی نەتەوە و وڵاتەكەیانەوە نەزانن و گەیاندنی ئەو جۆرە زانیاریانە لە ڕێگەی یارییەكانەوە دەتوانێت سەرنجڕاكێشتر بێت. هەروەها یارییەكە دەتوانێت زانیاریی بەنرخ بدات و ئاسانكاری بۆ بیانییەكان بكات بۆ ئەوەی بتوانن لەبارەی كوردستانەوە بزانن.
ئالان ئەو گەنجەی كە یارییەكی دروست كردووە لە ساڵی 1988 لە شاری حەلەبی پایتەختی سوریا لەدایك بووە، لە دیمەشقداا نیشتەجێ بووە و كوڕی نووسەر و سیاسەتمەدارێكی كوردە. دەشڵێت: باوكم خەڵكی بەرواری باڵایە لە هەرێمی كوردستان، دایكم خەڵكی عەفرینە لە ڕۆژئاوای كوردستان (باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا). بەڵام ڕەگوڕیشەی خێزانەكەم خەڵكی جەلاولەیە لە پارێزگای دیالەی هەرێمی كوردستان.
رۆژنامەی ئینگلیزی كوردستان كرۆنیكل نووسیویەتی كە خۆشەویستی سەلاح بۆ یارییە تەختەكان لە منداڵیدا وای لێكرد ئاسنەڕێی كوردستان دروست بكات. ئەو بۆ رۆژنامەكە دواوە دەڵێت: “زۆرجار پێم وابوو دەبێت یارییەكی لەو شێوەیە بۆ كوردستان هەبێت، چونكە مێشك فراوان دەكات و دەرفەتی فێربوون دەڕەخسێنێت. چەند هاوڕێیەكی بیانیم هەیە كە یارییەكی هاوشێوەیان پێ ناساندم، هەر وڵاتێك وەشانی تایبەتی خۆی هەیە. ئەمەش ئیلهامبەخش بوو بۆ ئەوەی یەكێكیان بۆ كوردستان دروست بكەم.”
هەروەها خۆشەویستی منداڵی ئالان بۆ سواربوونی شەمەندەفەر ئیلهامبەخش بوو. ئاماژەی بەوەش كردووە، “لە سوریا چوار كاتژمێری خایاند بۆ گەیشتن بە حەلەب بە پاس لە دیمەشقەوە، بەڵام حەوت كاتژمێری خایاند بە شەمەندەفەر. هەمیشە بە شەمەندەفەر گەشتم دەكرد بۆ ئەو خۆشییەی كە دەیهێنا. خەونم بەوەوە دەبینی ڕۆژێك بە شەمەندەفەر لە عەفرینەوە بچمە زاخۆ یان ناوچەكانی تری كوردستان، زەیتونەكانی عەفرین بۆ مامەكانم لە دهۆك و سێوی بەناوبانگی بادینان بهێنمە عەفرین.”
ئالان دەڵێت: ئاسنەڕێی كوردستان، شارەكانی كوردستان دەبەستێتەوە و یارمەتیی یاریزانان دەدات بۆ ئەوەی ئەو دەڤەرە جوگرافیانە بناسنەوە كە لە ڕووی دیمۆگرافییەوە بە خاكی كورد دادەنرێت. ڕوونیشی كردەوە، كاتێك مۆنۆپۆلیم بینی و بڕیارم دا وەشانی كوردی دروست بكەم، پێم وابوو ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی خەونی گەشتكردنم بۆ هەموو كوردستان بە شەمەندەفەر.

ھەواڵی زیاتر