پێندرۆ لە دەڤەری بارزان ژینگەیەکی دەوڵەمەندی هەیە لە دارستان و ئاژەڵی کێوییەکان

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

پێندرۆ سێیەم گەورەترین گوندە لە ناوچەی مزووری باڵا. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٧ کە لەلایەن محەممەد علی سەعید پێندروی کراوە، ژمارەی دانیشتووانی پێندرۆ ٢٥٤٧ کەس بووە، ڕەگەزی مێ ١٢٩٠ کەسە کە دەکاتە ٥٠,٦٥٪ ڕێژەی خەڵکی گوند و ڕەگەزی نێر ١٢٥٧ کەسە کە دەکاتە ٤٩,٣٥٪ ڕێژەی خەڵکی گوند. زیاتر لە نیوەی خەڵکی پێندرۆ لە بەحرکە دەژین. بەشێکی زوری خەڵکی پێندرۆ قوتابین و ئەوانی تر زیاتر بە کاروباری کارمەندی حکوومەت، کاری تایبەت پێشمەرگاتی، دوکانداری، بازرگانی، کشتوکاڵی، ئاژەڵداری بەسەر دەبەن.

چیاڤان خەلیل، باس لە مێژووی گوندی پێندرۆ دەکات و دەڵێ: یەکەم جار لە مێژووی پێندرۆ لە ئەیلوولی ١٩٦٠ قوتابخانەیەکی سەرەتایی لەخانوویەکی بچووک دەستی بەخوێندن کرد، مامۆستا محەممەد چیچۆ پێندرۆیی ڕوڵێکی باڵای بینیوە لە ھێنانی ئەو قوتابخانە بۆ پێندرۆ، سەرەتا یەک پۆل قوتابی تیادا دەیانخوێند. بە گوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ کە لەلایەن محەممەد علی سەعید پێندرۆیی کراوە، لە ھەموو قۆناغەکانی خوێندندا گوندی پێندرۆ ٧٩٤ قوتابی بوونە. لە قەزای مێرگەسۆر دا، گوندی پێندرۆ یەکێکە لەو گوندانەی کە ئاستێکی ھەرە بەرزی ھەیە لە پەروەردەدا.
چیاڤان خەلیل باس لەژینگەی ئەو گوندە دەکات و دەڵێ: پاراستنی ژینگە لە دەڤەری بارزان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەبدولسەلامی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزان، کە زیاد لە سەد ساڵە لەلایەن پێشەوای خانەدانی بارزان بە میرات ماوەتەوە. پێندرۆ وەکو گوندێک لە دەڤەری بارزان ژینگەیەکی دەوڵەمەندی ھەیە لە دارستان و ئاژەڵی کێوییەکان، بەڵام بەردەوام لەلایەن دوژمنانی کوردستان دەستدرێژی کراوەتە سەر ژینگەی دەڤەری بارزان و بەو ھۆیەشەوە ھەزاران جۆر ئاژەڵی کێویی لەناوچوون، بێجگە لە سووتانی بەشێکی زۆری دارستانی ئەو دەڤەرە.
دەڵێتیش: ناوچەی پێندرۆ و دەوروبەری بە سەدان جۆری ڕووەک دەولەمەندە، زیاتر لە ٧٠٪ی خاکی پێندرۆ لە دارستان پێک دێت، وەکو بەڕوو، مازوو، سماق، گوێز، چنار، قەزوان، دارمێو، ھەرمێ،سێو، ھەنار، قۆخ، کرۆسک، ھەنجیر، بادەم، توو، سپیندار و دەیان جۆری داری تر. لە پێندرۆ و ناوچەکە گژ و گیای کێوی جۆراوجور دەڕوێ وەک کوارگ، کەنگر، کاردوو، شنگ، ڕێواس، لۆ، لووشە، مەندۆک و گژوگیا بەھارییەکانی دیکە. لە گوڵەکاندا وەکو نێرگز، ھەڵاڵەبرمە، لاولاو، وەنەوشە، ھێرۆ، شەوبۆ، مەرزە، وەرکەمەر، ڕەبەنیک و چەندین گوڵی تر. ھەموو ساڵێ بە دەیان ھەزار باڵندەی جۆراوجۆر دەربازی پێندرۆ و ناوچەکە دەبن، ئەم باڵندانە ساڵانە دوو جار کۆچ دەکەن لە وەرزی زستان لە قەوقازەوە بۆ باشووری عێراق و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران و لە وەرزی بەھار دەگەرێنەوە، بەشێکی زور لەم باڵندانە دەمێننەوە لە ناوچەکە. تەواوی ناوچەکە خاڵی وەستانی ھەزاران باڵندەیە کە کۆچ دەکەن لە نێوان ئەورووپای ڕۆژھەڵات و ئەفریقای ڕۆژھەڵات، قووڵینگەکان لەکاتی کۆچکردن ھەندێک جار لە بەر خراپی کەش و ھەوا کەمێک دەمێنەوە لە ناوچەکە. ئەمانەش ھەندێک لەو باڵندانەن کە لە ناوچەکە ھەن کەو، ھەڵۆ، شەھێن، داڵاش، شاوە، حاجی لەق لەق، کۆتر، کوند، کەندەسمە، چوڕە، ڕەشیشە، ڕەشیشەکان، گۆ ویچنە، قەلەڕەش، ڕیشۆڵی، بە دەیان جۆری چۆلەکە، فشە کڵاونە، کوڕکوڕە، مراوی، داوەکۆستە و بە سەدان جۆری باڵندەی تر.
چیاڤان خەلیل، باس لە گرینگی ئەو گوندە دەکات لەڕووی بەرگرییەوە و دەڵێ: مێژووی پێندرۆ بەلایەنی کەم دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی بادینان. پێندرۆ یەکێکە لە گوندەکانی ھۆزی مزووری بۆیە مێژووی دروستبوونی دەگەرێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، مزوورییەکان یەکێکن لە ھۆزە ھەرە کۆنەکانی کوردستانن کە لە شەرەفنامە لە ساڵی ١٥٩٧ ش ئاماژەیان پێکراوە، لە ساڵی ١٦٣٨ ئەڤلیا چەلەبی لە گەشتەکەی بەنێو کوردەکاندا ناوی بردوون، و لە ساڵی ١٩٠٩ لەلایەن مارک سایکس نێردەی ئینگلیزەوە ئاماژەی بە ھۆزی مزووری کراوە، ھەروەھا ئەمین زەکی بەگ لە پەرتوکی مێژووی کورد و کوردستان باسی لە مزوورییەکان کردووە کە ئاماژە بەوە دەکات کە ھۆزێکن لە ھەولێر و دھۆک نیشتەجێن. ڕووی جیۆ سیاسییەوە دەڤەری بارزان بە گشتی و ناوچەی مزووری باڵا بە تایبەتی بەھۆی سەختی و سروشتی ناوچەکە، گرنگییەکی زۆری ھەبووە بۆ بەرگری کرن بەرامبەر دوژمنان، لە ھەمان کاتدا نزیکی لە سنووری نێودەوڵەتی بۆیە پێندرۆ و گوندەکانی تری ناوچەکە بوونەتە بە شوێن و پەناگا بۆ بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان، بە درێژایی مێژوودا ناوچەکە زۆرجار لەلایەن ھێزە دەرەکییەکان داگیر کراوە، ھەروەھا گوندنشینەکان بە زورەملێ دەرکراون و گوندەکانیان سوتێنراون. لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا شێخ عەبدولسەلام بارزانی چەند جار لە دژی دەسەڵاتدارانی عوسمانی ڕاپەرینی بەرپاکردووە، بۆ یەکەم جاریش پێندرۆییەکان بەشداری ئەم ڕاپەرینەیان کردووە و شەھید و قوربانیان داوە. ھەروەھا خەڵکی پێندرۆ لە ڕاپەرینی یەکەمی بارزان لە سالی ١٩٣١ بۆ ١٩٣٢ بە سەرکردایەتی شێخ ئەحمەد بارزانی بەشدارییان کردووە و لە کاتی دامرکاندنی ڕاپەرین لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە ١٩٣٢ دا، زیاتر لە ٤٠٠ خێزانی بارزانییەکان لەگەل شێخ ئەحمەد ئاوارەی تورکیا بوون کە لەوانە ٣١ خێزان پێندرۆیی بوون.

ھەواڵی زیاتر