لە کوردستان؛ چەندین ڕووەکی جۆراوجۆری سرووشتی هەیە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

ڕووەکی سرووشتیبە، بەو ڕووەکانە دەگوترێت، کە بە شێوەیەکی سرووشتی لەسەر ڕووی زەوی دەڕوێن، ئەگەرچی ڕووەکی سرووشتی بەرهەمی ئاووهەوا و ڕووی زەوی و خۆڵە، بەڵام وا دیارە کاریگەری فاکتەری یەکەمیان، لە دوو فاکتەرەکەی دیکە زیاترە. خەسڵەتی ڕووەکی سرووشتی کوردستان لەوە دایە، کە خۆیان لەبەر بەرزی پلەی گەرما و وشکیدا ڕادەگرن. هەتا لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە، بەرەو باکووری رۆژئاوا بڕۆین چڕی پۆشەکی ڕووەکی زیاد دەکات، هۆکەشی بۆ جیاوازی قەوارەی باران بارین دەگەڕێتەوە.

بابان نوری، بەکالۆریۆسی لە جوگرافیا هەیە و دەربارەی ڕووەکی سرووشتی دەڵێ: ڕووەکی سرووشتی لەزۆر جۆر پێک دێت وەکو، دارستان و دار و دەوەن، نزیکەی پانزە ملیۆن هێگترایان ١٥٠ هەزار کچگ لە زەوی کوردستان داگیر کردووە. لەوانە دارستانە دەست لێ نەدراو و باشەکان سێ ملیۆن هێکتار، دارستانی تەنک حەوت ملیۆن هێکتار، دارستانی وێرانکراو و خراپ ٥ هەزار ملیۆن هێکتار. زۆربەی دارستانەکان، لەسەرەتای سەدەی شەستەکانەوە تاکوو ئەمڕۆ، لەبەر ئاگر تێبەردان و بڕینەوەی بێ ئەندازەیان، حاڵیان بە تەواوی شڕ بووە، چوونکە پێ ڕاناگەن جارێکی دیکە چرۆ بکەن و گەورەببن و کە لە ئەنجامدا سەدان هێکتار دارستان لە ساڵێکدا تێدادەچێت. بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم زیانە گەورەیە، دەوڵەت لە هەندێک شوێن، یاسایی پاراستنی دارەکانی دەرکردووە. هەرچەندە ئەم یاسایانە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی دەستی دەوڵەتی ناگاتێ، بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێت. ئەم هۆیانەی کە ئەو گیروگرفتانەشی دروست کردووە، زیاتر خۆیان لە جەنگ و نەبوونی کەرەستەی دیکە بۆ سووتاندن و خۆ گەرمکردنەوە و نەبوونی ئالیکی تەواو بۆ ئاژەڵکاندا دەنوێنێت، کە دیارە ئەو گیر و گرفتانە، تاکوو ئەمڕۆش بە بێ چارەسەر ماونەتەوە. دەشڵێت: چەشنەکانی دارەکانی دارستانی کوردستان، لە ٦٠٪ یان لە خێزانی دار بەڕوون، لە ٢٠٪ یان لە خێزانی بنە پوستی و حشی و لە ٥٪ەکەی دیکەش لە خێزانی بادامی کێوین. ئەوەی کە دەشمێنێتەوە، لە پۆشەکی دارستانی جۆراوجۆر پێک هاتووە، لە کورستاندا نزیکەی حەفتا جۆرە داری بەردار و بێبەر هەیە، وەکوو باڵاڵوک، دیمەنی بەڵاڵوک لە داری ئاڵوباڵو و گێلاس دەچێت، بەرەکەی زۆر خۆش و مزرە. ڕەنگەکەی سوورێکی تۆخە. دەنکەکانی لە دەنکی ئاڵوباڵو بچووکترە. باڵا و لقەکانی گەورە و بەرینن، ڕەنگی دارەکەی سوورێکی بریقەدارە. هەنجیر، دار هەنجیر زۆر جۆری هەیە. قەدەکەی ٣ تا ١٠ مەتر بەرزە و لقەکانیشی بڵاوە. گەڵاکانی پان و کەمێک ئەستوورە، لە بنەڕەتدا میدیترانییە، بەڵام ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەڕوێت. ئوجا، داری ئوجا دارێکە توێکڵەکەی ڕەق و ئەستوورە. ئەم دارە لە دامێنی دارستانەکانی نێوچە کوێستانییەکان و قەراغ جادەکان دەڕوێت. بەرزایی قەدەکەی لە نێوان ٢ تا ٢٠ مەتردا دەبێت. لە کۆتایی مانگی ئەپرێلەوە، هەتاکوو سەرەتایی مانگی مەی بەر دەدات. درێژایی بەرەکە ٣سم و پانییەکەی ١.٥سم. بادام وەحشی، داری بادام وەحشی لە ناوچەی ناوەندی و ساردەکانی کوردستان دەڕوێت. بەرەکەی ڕوون نییە و کەمێ تەڵخە، بەڵام ناوەکەی شیرینە و بۆ خواردن بەکار دێت. بەڕوو، دار بەڕوو یاخود مازوو یاخود بەلوانە بە شای دارستان ناسراوە. لە ناوچە ناوەندییەکان دەڕوێت، دارێکی بە شکۆ و بڵندە. بەرزاییەکەی ٣٥ – ٤٠ مەتر دەبێت. ماوەی ٥٠٠ – ٢٠٠٠ ساڵ دەژیت. گەڵاکانی سەوز و ڕەونەقن. لە مانگەکانی ئەپرێل و مایدا گوڵ دەکات. بەرەکەی هێلکەییە و لە ناو گەڵایەکی نیمچە رەق دایە. کە وەکو کڵاو وایە. لە کوردستاندا چەند جۆرا دار بەڕوویەک هەیە، کە باشترینیان بەڕووی خاسەیە. دار بەڕوو سوودی زۆرە، گەڵاکەی بۆ خواردنی مەڕ و ماڵات بەکار دێت، بەرەکەی کە بە مازوو ناسراوە، بۆ پیشەسازی پێستە خۆشکردن بەکار دێت، دار بەڕوو هەروەها بۆسووتاندن و کەرەسەی خانوو و بەڕە و کەلوپەلی ناوماڵ بەکار دەهێنرێت. دار توو، ئەم دارە لە ناوچەکانی کوردستاندا دەڕوێت. بەرەکەی شیرین و خۆشە و بەتەڕی و وشکی دەخورێت. گەڵاکەی بۆ خواردنی مەڕ و ماڵات بەکار دەهێنرێت. داری توو، لەو شوێنەدا کە ئاویان زۆرە، هەتا بیست مەتر بەرز دەبیتەوە و ئەستورەیەکەشی دەگاتە یەک مەتر. دار هەنار، دارێکی زۆر جوانە. گەڵاکانی شیلانی و مەیلەو سەوزە. بەرەکەی لە قوڵای دەست گەورەترە. هەندێکیان توێکڵیان تەنکە و هەندێکی دیکەیان توێکڵیان ئەستوورە. دەنکەکانی کە لە ناو ئەو توێکڵانە دان، سورێکی تاریکن و بە پێستێکی تەنک داپۆشراوە. دار چنار، داری چنار قەدەکەی باریک و بڵند و جوانە و گەڵایەکی زۆری هەیە، لەبەر ئەوە دانیشتن لە ژێر سێبەرەکەیدا خۆشە. بەرەکەی خڕە و کەمەرەکەی ٣ تا ٤ سم دەبێت. ئەم دارە لە نێوان ١٥٠٠ تا ٢٥٠٠ مەتر دەڕوات. دارسماق، یەکێکە لەو دارانەی، کە لە هەرێمە بە ئاووهەواکانی زەریای ناوەڕاست دەڕوێت. دار ترش لە زۆر شوێنی کوردستاندا دەڕوێت. بە تایبەتی لە ناوچە شاخاویەکاندا بە باشی گەورە دەبێت. بەرەکەی هێشووییە و دەنکە دەنکەیە. پێستی دەرەوەی سەوزە و تامەکەشی مزرە. لەگەڵ خواردن و هەندێک لە سەوزواتدا دەخورێت و تامێکی ترش بە خواردنەکە دەدات. گەڵاکەشی پێستەی پێ خۆش دەکرێت. سنەوبەر، سنەوبەر دارێکی بەرزە و زۆر خێرا گەورە دەبێت و ٣٠ – ٤٠ جۆر سنەوبەر هەیە. هەندێک لە دارەکانی دیکەی کوردستان، ئەمانەن وەکو، شەهن، سوپ، گزک، سربنچک، هول، وێوڵ، دمکانا، بناوچ، تەلووک، شیلان، ئەرخەوان، گۆیژە زەردە، گۆیژە سوورە، گۆیژە رەشە، گلاسگانە، گوڵە باخ، گوڵباخی، گوڵە شارەزووری، گوڵە سەگانە، تەمشک، توورک، تووڕک، تووتڕک، گەڵە زەردە، سورەچی، پەرەک، تەورێزی، پەلەبی، بیمشک، ڕەشەبی، توی، گەز، تایلە، مەو، ڕەز.
ئەو جوگرافیناسە باس لە هەرێمی ڕووەکە سرووشتییەکانی کوردستان دەکات و دەڵێ: هەرێمەکانی ڕووەکە سروشتییەکانی کوردستان لە پێنج هەرێمی ڕووەکی جۆراوجۆر پێک هاتووە، وەکو،
هەرێمی کوێستانی ئابی، ئەم هەرێمە لە هەرە شوێنە بەرزەکانی چیاکاندا هەڵکەوتووە، لەو شوێنانەی کە پلەی گەرمە، نەوەکوو هەر لە زستاندا بەڵکوو لە هاوینیشدا زۆر نزمە و بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، بە شێوەیەک پێی ڕاناگات بە تەواوی بتوێتەوە، هەتاکوو ساڵێکی دیکە، سەر لە نوێ بەفر دەبارێتەوە، واتا لە ناوچەکەدا هەمیشە شوێنەواری بەفری تێدایە. ڕووەکەکانی ئەم هەرێمە لە هەندیک کیا و ڕووکی قەد باریک پێک هاتوون، لەبەر نزمی پلەی گەرمی، داری لێ ناڕوێت. لەبەر ئەوەی هەرێمە کوێستانییەکان، بە لەوەڕگای جۆراوجۆر دەوڵەمەندن، ئەو گوند نشینانەی مەڕ و ماڵات بەخێو دەکەن، دوای تەواوبوونی لەوەڕ لە نێوچە دەشتاییەکاندا، لە وەرزی بەهار و سەراتای هاویندا، بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیان، ڕوو لەو شوینانە دەکەن و نزیکەی سێ مانگ پیش ئەوەی پلەی گەرما، بەتەواوی نزم بێتەوە چۆڵی دەکەن و بەرەو گەرمیانەکان دەگەڕێنەوە. هەرێمی دارستان، ئەم هەرێمە لە باکوور و ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستاندایە و دەکەوێتە ناوچەی ئاووهەوای زەریای ناوەڕاست. بارستایی بارانی ساڵانەی، خۆی لە سەد ملم دەدات، لەو هەرێمەدا داری جۆراوجۆر دەڕوێت، بەڵام پلەی چڕییان، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە. ئەو جێگایانەی کە کەوتوونەتە سەر ڕێگای بای زەریای ناوەڕاست، واتە ئەو شوێنانەی ڕووبەڕووی باکانن، لە چاو شوینەکانی دیکەدا، ئەوا داریان زۆر لێ دەڕوێت.

ھەواڵی زیاتر