ساڵانە ڕێژەی چاندن و بەرهەمهێنانی سماق زیاد دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەند ڕۆژێکە جووتیاران دەستیان بە ڕنینەوەی سماق کردووە، سماق خواستێکی زۆری لەسەرە و ھەناردەی دەرەوە دەکرێت. تەنیا لە ئاکرێ زیاتر لە دە ھەزار دۆنم زەوی بە سماق چێنراوە و ئەمساڵ بەرھەمەکەی زیاتر لە شەش ھەزار تۆن دەبێت. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە کشتوکاڵ و بەرھەمی جووتیاران دەدات، ساڵی ڕابردوو سماق ھەناردەی دەرەوە کرا، ئەوەش ھاندەرێکی باش بوو بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە چاندنی ئەو بەرھەمە بدەن.

لەژێر بەرزی پلەکانی گەرما سیروان، خەریکی ڕنینەوەی بەرھەمی سماق بوو، دەڵێ: ئەمساڵ سماقی ئاکرێ زۆر باشە و بە خێرا خەریکی ڕنینەوەی سماقین بۆ ئەوەی ڕەوانەی بازاڕ بکەین.
ئەو جووتیارە، دەشڵێ: دوای ئەوەی لەلایەن حکوومەتی ھەرێم سماقی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە کرا نرخەکەی بەرزبووتەوە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی سماق دەچێنن زیاتر دەبن، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتییەی لە جووتیاران دەکرێت.
بارزان موسا، خەریکی ڕنینی سماق بوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەم دوایە خەڵکێکی زۆر لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان ڕوویان لە چاندنی سماق کردووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاو و ھەوای کوردستان لەبارە بۆ بەرھەمھێنانی سماق، گرنگییەکی زۆر بە بەرھەمی خۆماڵی دەدەین و ساڵانە بژێو و ژیانی خەڵکێکی زۆر لەسەر بەرھەمی سماقە، ھیوادارین حکوومەت زیاتر گرنگی بەو بەرھەمە بدات و وەکو ساڵی ڕابردوو ھەناردەی دەرەوە بکات، بۆ ئەوەی ئەو بەرھەمە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ببێت.
ئەو ھاووڵاتییە، دەشڵێ: سێ جۆر سماق لە ئاکرێ بەرھەم دێت، سماقی سپی، سوور، لەگەڵ سماقی کیڤە زەرد، بەڵام سماقی سپی لە ھەموویان بەناوبانگترە و تامەکەشی لە ھەمووی خۆشترە و بە نرخترە، بەڵام دوای جۆرەکانی دیکە پێ دەگات، ئەمساڵ کیلۆی سماق لە دوو ھەزار و پێنج سەد دینارەوە دەست پێ دەکات تا پێنج ھەزار دینار.
دیندار لەزگین، جووتیارێکی سنووری ئاکرێیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ــی گوت: ئەمساڵ ئاکرێ ھەموو بووەتە سماق، سماقی ئاکرێ بەناوبانگە و لە ھەموو شاروشارۆچکەکانی دیکەی کوردستان ھەتا لە عێراق کڕیاری خۆی ھەیە و بەدوای سماقی ئاکرێ دا دێن و دەکڕن.
ئەندازیار فازل مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دە ھەزار دۆنم زەوی لە ئاکرێ بە باخی سماق داچێندراوە، بەرھەمی سماق زۆر باشە و پێشبینی دەکەین بەرھەمی سماقی ئەمساڵ بگاتە شەش ھەزار تۆن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، ئاشکراشی کرد: لە ھەموو شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ھەتا لە شارەکانی عێراق بە مەبەستی کڕینی سماق ھاووڵاتییان ڕوو لە ئاکرێ دەکەن، سماقی ئاکرێ بەشی ھەموو کوردستان دەکات، ئەوەش وای کردووە کە چەندین کارگەری ھاڕینی سماق لە ناوچەکە بکرێنەوە.
ئەندازیار فازل مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە کشتوکاڵ و بەرھەمی جووتیاران دەدات، ساڵی ڕابردوو سماقی ھەناردەی دەرەوە کرد، ئەوەش ھاندەرێکی باش بوو بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە چاندنی ئەو بەرھەمە بدەن.

ھەواڵی زیاتر