شاخی تۆکمە، ناوێکی مێژوویی ون و پڕ لە شوێنەواری قەزای بازیان

ن: کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد

شاخی تۆکمە یەکێکە لە زنجیرە شاخەکانی سنووری قەزای بازیان، دەکەوێتە باکووری بازیان و بووەتە سنوورێکی سرووشتی نێوان ناوچەی بازیان و دەشتی پیرەمەگرون.
لە بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا ئەو زنجیرە شاخەی دەکەوێتە باکووری بازیان و لە گوندی سەرچاوەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ تاسڵوجە پێی وتراوە(تۆکمە)، نەخشەی عوسمانی و چەندین سەرچاوەی دیکە زۆر بەڕوونی پیشانی دەدەن کە تەواوی ئەو زنجیرە شاخە ناوی تۆکمەیە.
تا کۆتایی سەدەی نۆزدە بەتەواوی زنجیرە شاخەکە وتراوە تۆکمە، بەداخەوە لەئێستادا خەڵکی ناوچەکە تەنها بەو بەشەی ئەم زنجیرە شاخە دەڵێن تۆکمە کە دەکەوێتە سنووری گوندی ئەڵاقولی، بەڵام وەك ئاماژەمان پێدا، تۆکمە ناوێکی مێژووییە و بەتەواوی شاخەکە وتراوە لە سنووری هەموو گوندەکانی: سەرچاوە، کوپەلە، کڵاشکەران، بی بی جەك، سڵێمانەگردە و ئەڵایی.
تۆکمە شاخێکی ڕووتەنە و دارودرەختی کەمە، لەبەرئەوەی چەندین سەرچاوەی ئاو و کانیاوی تێدایە، لە سەردەمانی زۆر کۆنەوە خەڵکی بۆ هاتووە و ئاوەدانی تێدابووە، دەیان شوێنەوار، گوند، ئەشکەوت و گۆڕستانی کۆنی تێدایە، کۆنترین ئەشکەوت لە بازیان کە مرۆڤی تێدا ژیابێت لەم شاخەدایە کە ئەشکەوتی پاڵەگەورەیە، جگە لە ئەشکەوتی ئەڵاقولی و شوێنەوارەکانی گوندەکانی: کوپەلە، سەرچاوە، میرەدێ و ئەڵایی. مع
بەدرێژایی مێژوو چەندین گوند لە قەدپاڵ و بناری شاخی تۆکمە ئاوەدانکراوەتەوە، تائێستاش ژمارەیەکیان ئاوەدانن، لە سنووری قەزای بازیان وەك گوندەکانی: ئەڵاقولی، سەرچاوە، کوپەلە، بی بی جەکی گۆران، بی بی جەکی سماقان، میرەدێ، سڵێمانەگردە و ئەڵایی، جگە لە دەیان گوندی دیکە لە دیوی دەشتی پیرەمەگرون، لەوەڕگەی سروشتی فراوانی هەیە و ئەو شوێنانەی کە گونجاون بەکارهێنراون بۆ کشتوکاڵ و باخداری، ئاژەڵداری لە پیشە سەرەکییەکانی دانیشتوانی گوندەکانی سنووری ئەم شاخە بووە، بەڵام ئێستا بە هۆکاری جیاواز ئەم پیشەیە ڕووی لە کەمبوون کردووە.زم
جۆری بەرد و خاکەکەی شیاوە بۆ چیمەنتۆ، ساڵانێکە کارگەیەکی چیمەنتۆی لەسەر دامەزراوە و بەرد و خۆڵەکەی بەکاردەهێنێت و بەوهۆیەوە چەند گوندێك لەناوچوون، بڕیار بۆ کردنەوەی چەند کارگەیەکی دیکەش دەرکراوە کە ئەگەر ڕێ بە کردنەوەیان بدرێت ئەوا دەبنە مایەی لەناوچوونی چەند گوندێکی دیکە و تێکدانی سروشتی ناوچەکە.
لە مێژووی نوێدا شاخی تۆکمە سەنگەرێکی گرنگی شۆڕشگێڕانی کورد و پێشمەرگە بووە، دەیان داستانی قارەمانانەی تێدا تۆمار کراوە، خوێنی چەندین لاوی کوردی تێدا ڕژاوە بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان، هەربۆیە سوپا داگیرکەرەکان بنکەی سەربازی و ڕەبایەیان تێدا دانابوو، دەوروبەریان بە لوغم چاندبوو، بەوهۆیەوە پاش ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١) ژمارەیەك کەس لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان پێیاندا تەقینەوە و بوونە قوربانی.
بۆ زیندوکردنەوەی ناوی تۆکمە و وەك وەفایەك بۆ مێژووی دێرین و نوێ و سرووشتی ناوچەکە، بە هەوڵی مامۆستا هاوسەر، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا ناوی قوتابخانەیەك لە شارۆچکەی بەردەقارەمانی قەزای بازیان بگۆڕێت بۆ قوتابخانەی تۆکمە، کە نیشانەی دڵسۆزییە بۆ سرووشت و مێژووی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر