ئاشی مام خدر؛ یەکێک لە شوێنەوارە کۆن و جوانەکانی کۆیە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

ئاشی مام خدر، بە یەکێک لە شوێنەوارە هەرە گرنگ و کۆن و جوانەکانی شاری کۆیەی دادەنرێ، کە نزیکەی سەدەیەکە کار دەکات و کەوتووەتە به‌رامبه‌ر قشڵه‌ی كۆیه‌ و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٨٠١ مه‌تر دوجا دروست كراوه‌، ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌و ئاشه‌ له‌ ماركه‌ی ئینگلیزین و له‌ شاری لینكۆڵن له‌ وڵاتی به‌ریتانیا دروست کراون.

ئاشتی ساڵح، مێژووناسێکی کۆیەیە، دەربارەی ئاشەکەی مام خدر دەڵێ: ئاشەکەی مام خدر لە ساڵی 1982 له‌ كۆیه‌ دامه‌زراوه‌ و تاوەکو ئه‌مڕۆ له‌ كاركردن نەوەستاوە. مام خدری ئاشەوان، کە تەمەنی 76 ساڵە، ئەو ئاشەی لە باوکییەوە بۆ بەجێماوە و سەرپەرشتی و بەڕێوەی دەبات. ئاشەکە یەکەم ئاشی ئاگری بووە لە کوردستان و عێراق، تاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆش لەکاردایە و ئامێرەکەی لە کار نەکەوتووە. هاووڵاتییان ئێستاش بۆ جێبه‌جێكردن و ئاماده‌كردنی جۆره‌كانی ئارد، گه‌نمه‌كوتا، ساوار، بڕوێش، بڕووش، قەرەخه‌رمان، نیسك، ئاری نۆك، برنج، ڕوو لەو ئاشە دەکەن. یەکێک لە کۆنترین ئاشەکانی باشووری کوردستان، ئاشەکەی مام خدرە لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە نزیکەی سەدەیەکە بەبێ وەستان دەچەرخێت و دانەوێڵە دەهاڕێت، جیاوازی ئەم ئاشەی لەگەڵ ئاشەكانی تر ئەوەیە کە كۆنترین ئاشە و بە ئاگر هەڵدەبێت و بە ڕۆنی ڕەش كار دەكات.
جەوهەر عەلی، تەمەنی ٦٠ ساڵە و ماوەیەکی زۆرە کڕیاری ئەو ئاشەیە و دەڵێ: پێشتر چەندین شەو و ڕۆژ لە ئاش دەماینەوە تا سەرەمان دەهات، چونكە ئەو كاتە ئاشی ئاو هەبوو وەكو ئێستا نەبووە، ئاشەكان بە ئاو كاریان دەكرد، ڕۆژانە پێنج بۆ شەش تەنەكە گەنمیان دەهاڕی، جگە لەوەش بە دەست خواردنە كوردەوارییەكان درووست دەكرا، وەكو ساوار كوتان بە كوتەك و دەستاڕ خواردنە كوردەوارییەكانمان ئامادە دەکرد. ٢٠ ساڵ ساڵ پێش ئێستا هاتوومەتە ئەم ئاشەی مام خدر كە ئەوكات خۆی لێرە بوو، بەڵام ئێستا كوڕ و نەوەكانی ئاشەكە دەگێڕن، خواردنە كوردەوارییەكان تەندرووستتر و بە چێژترن، بۆیە پێویستە زیاتر گرنگی پێ بدرێت.
ئامینە ڕەفعەت، دانیشتووی کۆیەیە و دەربارەی ئاشەکەی مام خدر دەڵێ: وەرزی هاوین خەریكی كۆكردنەوەی بەرهەمی گەنمی خۆمان دەبین، كاتێك وەرزی پایز دێت بۆ درووستكردنی خواردنە كوردەوارییەكان دێینە ئاشی مام خدر، لە بەیانی زووەوە هاتووم بۆ هاڕینی بەرهەمەكانمان وەكو ساوار و بڕوێش و قەرەخەرمان و گەنمە كوتاو، هەموو ئەو خواردنانەم هێناوە، چونكە قەت خواردنی دەرەکیم پێ ناخورێت.
خدر، پیشەی ئاشەوانە و کوڕی مام خدرە و لەبارەی مێژووی ئاشەکەیانەوە دەڵێ: ئەو ئاشەی ئێمە لە ساڵی ١٩٢٧ لە شاری كۆیە دانراوە، یەك سەدەیە كار دەكات مام خدری باوكم هێناویەتییە شارەكە تاكە ئاشە لە عێراق، كە تا ئێستا وەكو خۆی ماوەتەوە و بەبێ هیچ كێشەیەك كار دەكات، چەندین جار ئەو كۆمپانیایەی درووستی كردووە، داوای کردووە لێمان بكڕێتەوە نەمان فرۆشتووە، چونكە بووەتە ناسنامەی بنەماڵەكەمان و شارەكەش. بۆ درووستكردنی سەرجەم خواردنە كوردەوارییەكان ئاشی تایبەت بە خۆمان هەیە، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی بەرهەمی گەنمی خۆماڵی باش بووە، هاوڵاتییان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەكی زیاتر دێنە ئاش بۆ هاڕینی بەرهەمەكانیان، ئەو ئاشەی ئێمە جیاوازی لەگەڵ ئاشەكانی تر ئەوەیە كۆنترین ئاشە، و بە ئاگر هەڵدەبێت و بە ڕۆنی ڕەش كار دەكات.
لە سەرەتای هێنانی ئەم ئاشە بۆ کۆیە باوکی مام خدر بۆ ماوەیەکی کەم بەڕێوەی بردووە و پاشان مام خدر جێگەی گرتووەتەوە، بەڵام ئێستا مام خدر نەخۆشە و کوڕەکانی سەرپەرشتی ئاشەکە دەکەن.
زانا بایز، لەو ئاشەی مام خدر کار دەکات و دەڵێ: ئەم ئاشە لە تەمەنی من نییە، ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن بەریتانییەکانەوە هێنراوەتە ناوچەکە، ساڵێک دوای هێنانی دەستیکردووە بە کارکردن، ئەندازیارە بەریتانییەکان لە کۆمپانیاکە هاتوون، کەرەستەکانیشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و دایانمەزراندووە و کرێکاریشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، ئەو سەردەمە کەس لەو کارەی نەزانیوە، وەستایان لە مووسڵەوە بۆ هێناوە لەوانە وەستا ئیبراهیم، وەستا مەحمود بووە، دوای ئەوەی کە مام خدر وەک کرێکار لەلایەن دەبێت، فێری پیشەکە دەبێت و وەستایەکی کارامەی لێدەردەچێت. لە کۆندا بە سواری گوێدرێژ لە گوندە دوورە دەستەکانەوە گەنمیان هێناوە تاوەکو بۆیان بکەنە ئارد، ساوەر و بڕوێش.
ئاشەکەی مام خدر بۆ هەریەک لە دروستکردنی ساوەر، بروێش، گەنمە کوتاوو و لەتکە نۆک بەکار دێت، بەڵام لەپێشتردا تەنیا بۆ ئارد و ساوەر بەکار هاتووە. بە درێژایی ئەم ساڵانە، ئاشەکەی مام خدر خزمەتێکی گەورەی بە خەڵکی کۆیە و دەورووبەری کردووە لە دابینکردنی ئارد، ساوار و خواردنەکانی دیکە، ئێستاش جگە لەوەی کە پێویستی بەشێکی زۆری خەڵک دابین دەکات بووەتە ئاسەوارێکی جوانی شارەکە و گەشتیاریش رووی تێدەکەن بۆ بینینی و قوتابیانی شارەکەش بۆ گەشتی زانستی رووی تێدەکەن.

ھەواڵی زیاتر