لە خۆکوشتنی مرۆڤەوە بۆ خۆکوشتنی ڕۆبۆت

ئارام كۆشكی – سلێمانی

دەروونناسەکان هۆکاری سەرەکی خۆکوشتنی بۆ بوونی فشار و تێکچوونی باری دەروونی مرۆڤ دەگێڕنەوە. زۆرێک لە حاڵەتەکانی خۆکوشتنی مرۆڤ دوای فشارە زۆری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوو دەدەن. هەرچەندە دیارکردنی ئەم هۆکارانە تەنها دیاریکردنێکی دەرەکییە و لەبەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەوە بەدەستهاتوون کە لێکۆڵەران لە پاش کردەکە بەدەستیان هێناوە، یان لە وتەی ئەو کەسانەی لە کردەکە ڕزگارییان بووە. بەڵام هەمیشە جێگەیەک بەتاریکی دەمێنێتەوە، کە ڕەنگە نەتوانرێت بە وردی پەی پێ ببرێت، بۆیە هەندێک لە دەروونناسەکان ئەوەش دەخەنەڕوو کە هۆکاری خۆکوشتنەکان بەپێی ژمارەی مرۆڤەکان جیاوازییان هەیە و دەشێ خاڵی هاوبەش هەبێت، بەڵام هەمیشە خاڵی جیاواز و هۆکاری جیاوازیش ئامادەیی هەیە

ئەگەر لە خۆکوشتنی مرۆڤدا جێگەی تاریک و پەی پێنەبراو هەبێت، ئەدەی لە کردەی خۆکوشتنی ڕۆبۆتەکاندا چ نەزانراوێک لە تاریکیدا ماوەتەوە، ئایا هەموو کردەکە جێگەی پرسیار و سەرسوڕمان نییە، بەجۆرێک تێگەیشتن لێی، یان قەبووڵکردنی کردەی خۆکوشتنی ڕۆبۆت کەمێک سەختە.
لەسەرەتای ئەم مانگەدا بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی شارەوانی شاری “گوم”ی لە كۆریای باشوور ڕۆبۆتێک لە نهۆمی دووەمی بینایەکەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و لەنێوان پلیكانەكانی نهۆمی یەكەم و دووەمی بینای ئەنجومەنەكە دۆزراوەتەوە، کە کەوتۆتە حەوزێکی ئاوەوە. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەم کەوتنە خوارەوەیە بە کردەی خۆکوژی دیاریکراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە تا ئێستا وردەکاریی تەواوی ڕووداوەکە نەخراوەتەڕوو.
ئەو کەسانەی ئاگاداری ڕووداوەکە بوون دەڵێن “ڕۆبۆتەكە پێش ڕووداوەكە لە شوێنێكدا دەسوڕێتەوە وەك ئەوەی شتێك لەوێ هەبێت، یان فشاری بۆ هێنابێت بەرپرسێكی ئەنجوومەنی شارەكە دەڵێت “پارچەكانی (دەرئەنجامی كەوتنەخوارەوەی ڕۆبۆتەكە) كۆكراونەتەوە و لەلایەن كۆمپانیای (بەرهەمهێنەرەوە) شیكارییان بۆ دەكرێت بۆ دیاریكردنی هۆكارەكانی ئەو ڕووداوەی كە بووەتە هۆی كەوتنەخوارەوەی ڕۆبۆتەكە”.
پرسیاری من لێرەدا سەبارەت بە ڕاستی و دروستی خۆکوشتنی ڕۆبۆتەکە نییە؟ بەڵکو ئەمە بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی پێشهاتێکی پێشبینی کراوە. واتە ئەگەر ڕۆبۆت ئێستاش خۆی نەکوژێک ئەوا لە ئایندەدا و لەژێر فشارەکانی مرۆڤدا ئەگەری خۆکوشتن و دواجاریش مرۆڤکوشتنی هەیە. وەکو ئەوەی لە فیلمە خەیاڵییەکانی هۆلیوددا بەشێک لە ڕۆبۆتەکان یاخی دەبن و دژ بەو مرۆڤانەی کە دروستیان کردوون دەکەونە دژایەتیکردنەوە.
پرسیاری من ئەوەیە کە سەردەمی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بەرەو کوێمان دەبات؟ لە کاتێکدا گەلیک دیاردەی نوێی بۆ ئەم سەردەمە پێیە و خۆکوشتنی ڕۆبۆتەکانی نوێترین دیاردەیەکە، کە مرۆڤ ناچارە قەبووڵی بکات، چونکە ڕووداوەكە سەرەڕای نامۆیی بە مێژووی مرۆڤایەتی، پرسیاری نوێ سەبارەت بە چەمكی “خۆكوشتنی ڕۆبۆت” دەوروژێنێت، چونکە دەروونناسەکان لەکاتی دیاریکردنی هۆکارەکانی خۆکوشتندا ئەوەیان خستووتەڕوو کە خۆكوشتن پێویستی بە هۆشیاری و تێگەیشتن و هەستکردن هەیە بۆ ئەوەی هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت، بەڵام ئەو دیاریکردنەی دەروونناسەکان کە بۆ خۆکوشتنی مرۆڤ دیارییان کردووە ئێستا بۆ ڕۆبۆت دیاریکردنێکی دروست نییە، چونکە ئەوان هۆشیاریی و تێگەیشتن و هەستیان نییە، بەڵام ئەمە چۆن ڕوویدا؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هێشتا وەڵامەکەی بە نەزانراوی ماوەتەوە.
تاکە وانەیەک کە لە خۆکوشتنی ڕۆبۆتەکەی کۆریای باشوورەوە فێری بین ئەوەیە، کە لەسایەی تەکنەلۆژیاوە بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە کە پێیانوابوو سەردەمێکی درەوشاوە چاوەڕوانی مرۆڤایەتی دەکات ئێستا سەردەمێکی تاریک چاوەڕوانی مرۆڤایەتی دەکات و ئەگەرچی لە ڕووکەشدا هەست بە پێشکەوتنێکی گەورە دەکرێت، بەڵام لە ناوەوە داڕمانێکی ئەخلاقی سەرپێ کەوتووە، کە ڕۆبۆتەکانیش ناتوانن بەرگەی بگرن چ جای مرۆڤەکان. بۆیە ئەم خوکوشتنەی ڕۆبۆتەکە وەکو سەرەتایەکی تاریکی لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد و خێراییە بێبڕانەوەکانی گەشەکردنی تەکنەلۆژیا دەیبینم، کە نەک بەرەو ڕووناکی ناڕۆیین، بەڵکو بەرەو تاریکی بەڕێوەین!

ھەواڵی زیاتر