بۆچی ژیان لەسەر هەسارەی زەویە؟

شەوناز فاتح – هه‌ولێر

بەردەوامی ژیان پەیوەستە بە هەبوون و تێکەڵبوونی کۆمەڵێک هۆکار، کە پارێزگاری و مانەوە بۆ بوونەوەر مسۆگەر دەکات، بۆ ئەوەی بتوانن زۆر ببن، وە جۆری خۆیان بپارێزن لە ژیاندا.

ژیان لەسەر زەوی دەستی پێ کرد چونکە تاکە هەسارەیە کە ئەم تایبەتمەندیانەی تێدایە:

  • بواری موگناتیسی کە یەکێکە لە هۆکارە جیاکەرەوەکانی کە بەردەوامی ژیان لەسەر زەوی، ئەو بوارە موگناتیسیە کە تەواوی ڕووبەری زەوی دەگرێتەوە، لە ئەنجامی خولانەوەی زەوی بەدەوری تەوەرەکەیدا بوارە موگناتیسیەکەی زەوی دروست دەبێت و لەگەڵ بەرگەهەوا کارلێک دەکەن، کە زەوی لە هەموو لایەکەوە بە ڕووپۆشێکی نەبینراو دەورە دراوە کە پێی دەوترێت بواری موگناتیسی، ئەو ڕووپۆشەش یەکێکە لە ئامرازەکانی گەیشتن بە سەلامەتی ژیان لەسەر زەوی، کە ڕێگری دەکات لەو تەنۆلکانەی کە لە خۆرەوە دەنێردرێت و بەر زەوی بکەوێت و پارێزگاری لە زەوی دەکەن.
    هەموو هەسارە و ئەستێرەیەک لە کۆمەڵەی خۆردا بواری موگناتیسی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام زەوی بەهێزترین بواری موگناتیسی هەیە تا ئێستا.
  • پلەی گەرمی مامناوەند دووری مامناوەندی زەوی لە خۆرەوە کە نزیکەی ١٤٩ ملیۆن کیلۆمەترە، ئەو ماوە مامناوەندە لە هۆکارەکانی تری بەردەوامبوونی ژیانە لەسەر زەوی، بەپێچەوانەوەی گروپی هەسارە نزیکەکان لە خۆرەوە، ژیان لەسەر ڕووی مەحاڵە بەهۆی بەرزی پلەی گەرمییەکەیەوە، هەروەها گروپی هەسارە دوورەکان لە خۆرەوە، کە بەسەرمایەکی زۆر تایبەتمەندە، کە ژیان تێیاندا قورس و ئەستەمە، مامناوەندی پلەی گەرمی و گەرمبوونی ڕووی گۆی زەوی بە تەنها بۆ مرۆڤ بابەتێکی گرنگ نییە، بەڵکو پێویستە بۆ بەردەوامیی ژیان لەسەر زەوی بەگشتی.
  • پێکهاتە هەسارەی زەوی هەسارەی زەوی کە سەر بە کۆمەڵەی هەسارە بەردینەکانە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی چڕی و ڕەقبوونی زەوی، کە لە زۆربەی هەسارەکانی تردا دەگمەنە، کۆمەڵەی خۆر تەنها چوار هەسارەی بەردینی ڕەق لە خۆدەگرێت، لە کاتێکدا هەسارەکانی تردا لە بارستەی گازی زەبەلاح پێکدێن، هەسارەی زەوی گەورەترین هەسارەیە لە نێو کۆمەڵەی هەسارە بەردینییەکانە و ڕووبەری زیاترە لە ٥١٠ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە، ئەمەش هۆکارێکی تری سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ژیان لەسەر زەوی.
  • بەرگە هەوا کە بریتیە لە چینێکی گازی نەبینراو دەوری زەوی داوە، لە کۆمەڵێک گاز پێکهاتووە، وەک نایترۆجین بە ڕێژەی لە 78٪ وه ئۆکسجین بە ڕێژەی لە 21٪ وە گازەکانی هیلیۆم، نیۆن، ئارگۆن، کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کابۆن، وە هەڵمی ئاو بە ڕێژەی 1٪.
    ژیان لەسەر زەوی بەبێ بەرگەهەوا بوونی نەدەبوو نەک تەنها بۆ دابینکردنی هەوا بۆ زیندووەکان، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە ئامرازێکی پاراستن دادەنرێت بەو پێیەی بەرگەهەوا زیاتر لە فلتەرێک دەچێت بۆ تیشکی خۆر، چونکە ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی تیشکی بینراو و ژێر سوور و تیشکە سوود بەخشەکانی تر دەدات، وه ڕێگری دەکات لە هاتنە ناوەوەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی و تیشکی گەردوونی زیانبەخش و ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی بڵاوبوونەوەی ڕووناکی لەسەر ڕووی زەوی و دەمانپارێزێت لە تیشکی زیانبەخش کە لە خۆرەوە دێت، هەروەها کار دەکات بۆ پاراستنمان له نەیزەکەکان، که زۆربەی ئەو نەیزەکانە پێش گه یشتنی بۆ سەر ڕووی زەوی له بەرگەهەوادا دەسوتێن.
  • ئاو ئەگەری ئەوە هەیە لەسەر ڕووی هەسارەکانی تر ئاو هەبێت، بەڵام بوونی ئاو بە واتای ئەگەری ژیان لەسەر ئەو هەسارانە نییە، چونکە ژیان لەسەر زەوی تەنها پەیوەست نییە بە بەردەستبوونی ئاو، بەڵکو بەندە بەو شێوەیە کە ئەم ئاوە تێیدا بەردەستە، هەسارەی زەوی تاکە هەسارەیە لەناو کۆمەڵەی خۆردا کە سەرچاوەی زۆری ئاوی هەیە لە شێوە شلەکەیدا بەهۆی دوورییە مامناوەندیەکەی لە خۆرەوە.
    نزیکترین هەسارەکان لە خۆرەوە ئاویان لەسەردا نییە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی هەڵمبوونەوە، بەڵام ئەو هەسارانەی لە خۆرەوە دوورن، ئەگەر ئاو لەسەریان هەبێت ئەوا لە شێوەی سەهۆڵی بەستوو دەبێت، چونکە زۆر دوورن لە سەرچاوەی گەرمی.
    ئەمە دەبێتە هۆکارێکی تر کە ژیان جگە لە سەر ڕووی زەوی مەحاڵە و ئاو زۆرینەی ڕووی زەوی پێکدەهێنێت، کە ئاو نزیکەی لە 71٪ ی ڕووبەری زەوی دادەپۆشێت، جا چ لە شێوەی شلە یان سەهۆڵدا بێت، چونکە پلەی گەرمی ڕێگە بە ئاو دەدات بەشێوەی شلی بۆ ماوەیەکی زۆر بوونی هەبێت.
ھەواڵی زیاتر