گەنجەکان لە کوێن؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ڕەنگە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا کۆڕ و سیمیناری رۆشنبیریی و کولتووری لە شارەکانی هەرێم ساز نەکرابێتن، بەڵام هیچ کاتێکیش دۆخی ڕۆشنبیریی هێندەی ئێستا لە قەیراندا نەبوو. کاتێک باس لە قەیران دەکەن مەبەستم لەوە نییە پێشتر سەردەمی زێڕینی هەبوو، بەڵکو مەبەستم لەوەیە ئێستا دۆخی ڕۆشنبیریی لە هەموو ئاستەکانەوە بەرەو خەرەند دەڕوات، چ لە ئاستی کوالێتی ئەو کتێبانەی چاپ دەکرێت (کوالێتی مەبەست لە ناواخنە، نەک جۆری چاپ) چ لە ئاستی پێشوازی خوێنەران لە کتێبی کوردی و بەرهەمی نووسەرانی کورد، کە ئەویش پەیوەندی بە دوورمەودایی نووسەری کوردە لە کێشەکانی کۆمەڵگەکەیی و ئەو جێگایانەی کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی ئەو لەبارەیانەوە بدوێت و ڕێگە تاریکەکان ڕووناک بکاتەوە.

لەنێو ئەم کێشانەی دۆخی رۆشنبیریی کوردیدا دیاردەیەک کە ماوەیەکی زۆرە هەستی پێ دەکرێت نائامادەیی گەنج و لاوەکانە لە کۆڕ و کۆبوونەوە ڕۆشنبیریی و کولتوورییەکاندا، بەجۆرێک هەست بە غیابی گەنج دەکرێت و وەکو ئەوەی ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا بین گەنجی تێدا نەبێت. پرسیاری من ئەوەیە بۆچی گەنج و لاوەکانمان خۆیان کەنارگیر کردووە و بەشدارییەکی چالاکانەیان لەم کۆڕوکۆبوونەوە کولتووریی و ڕۆشنبیریانەدا ناکەن؟ ئایا بەشداری نەکردنی ئەوان پەیوەندی بە نزمی ئاستی ئەو چالاکی و کۆڕوکۆبوونەوانەوە هەیە؟ یان ئەو پرس و بابەتانەی لەو کۆڕوکۆبوونەوانەدا پێشکەش دەکرێن وەڵامدەرەوەی خواست و ئاوات و خەونەکانی ئەوان نین، بۆیە ئامادە نابن کات بدەنە ئەو کۆڕوکۆبوونەوانە.
بەر لەوەی قەیرانی دارایی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببێتەوە و ڕێک 10 ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵێک کۆڕ و کۆبوونەوەی زۆری ڕۆشنبیریی لە شاری سلێمانی و هەولێر و زۆر شار و شارۆچکەی دیکە ڕێک دەخرا و بەشی هەرە زۆری بەشداربوانی ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە گەنج و لاوەکان بوون، کە هەمیشە وەکو وزەیەکی نوێ و بەهیوایەکی نوێوە بەشدارییان دەکرد و هەتا لە شێوەی چەندین گرووپ و دەستە و کۆمەڵەی بچووکدا چالاکی جۆراوجۆری کولتووریی و ڕۆشنبیرییان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا هیچ کام لەم گرووپانە نەماوە، یان ئاستی چالاکی و جوڵەی ڕۆشنبیرییان لە ئاستی نەبووندایە و خۆ ئەگەر نەبن (هەڵبەت لەگەڵ ڕێزم بۆ کاروپرۆژەیان) هیچ لە دۆخەکە کەم نابێتەوە. کەواتە گەنجەکان لە کوێن؟ ئەو هێز و وزەیەی 10 ساڵ لەمەوبەر بە خەونی نوێوە تێدەکۆشان هەنووکە لە کوێیە و بۆ هیچ ئامادەییەکی نەماوە؟
بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی ونبوونی گەنج و لاوەکان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا چەند خاڵێکی سەرەتایی و سەرەکی دیاری دەکەم تا کۆمەکمان بکات بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە کێشەکە:
یەکەم: بەشێکی زۆری ئەو گەنج و لاوانەی لە ماوەی ئەم دە ساڵەی ڕابردوودا خوێندنیان تەواو کردووە و ئەوەی خەونی هەبووە کۆچی هەندەرانی کردووە و لەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی هەرێمی کوردستان ڕای کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نە هەلی دامەزراندن لە کەرتی حکومی هەبووە نە لە کەرتی تایبەت، بۆیە دوای چارەنووسێکی دیکە کەوتووە لە جێگەیەکی دیکە.
دووەم: ئەو گەنج و لاوە نوێیانەشی ئێستا لە هەرێم ماون، ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە بە وەڵامدەرەوەی پرسیار و خەون و کێشەکانیان نازان، بۆیە وەکو ئەوەی ئەم جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوانە بۆ ئەوان نەبن، بۆیە لە دەوری کۆ نابنەوە.
سێیەم: سەرقاڵبوون بە سۆشیال میدیا، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی گەنج و لاوەکان پێیانوایە کە سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت بە گشتی وەڵامدەرەوەی هەموو پرسیار و کەڵکەڵەیەکی مەعریفی ئەوانە، بۆیە دونیا لەوێوە دەبینن و هەموو هیواکانیان لە مەجازدا هەڵواسیوە و لە واقیع دابڕاون، کە ئەمە بۆ چەند ساڵی ئاییندە کاریگەریی گەلێک نەرێنی لەسەر هەموو ئاستەکان دروست دەکات.
بێگومان بەدەر لەم سێ هۆکارە سەرەکی و سادەیەی سەرەوە دەشێ چەندین هۆکاری دیکەش هەبێت، کە دیارترینیان ناچالاکبوونی زانکۆیە وەکو دەزگایەکی گرنگی مەعریفی کە هیچ ڕۆڵێکی کەوتۆی لە بزاوتی ڕۆشنبیرییدا نەماوە و زانکۆ بووە بە کارگەی بەخشینی بڕوانامە، نەک دروستکردنی کەڵکەڵەی مەعریفی و زانستی. بۆیە گەنجەکان بەدوای خۆپێگەیاندنەوە نین، بەڵکو بەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ونبوونی گەنجان و دوورکەوتنەوەیان لەو دونیا مەعریفییەی کە دەشێ ئەوان نەخشە نوێکانی دابڕێژن.

ھەواڵی زیاتر