تەسبیح و جۆرە گرانبەهاکانی

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

باغی شار کە دەکەوێتە ناوجەرگەی بازاڕی شاری هەولێر لە کۆنەوە جێگای فرۆشیار و کڕیارانی تەسبیح بووە و ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو شوێنە وەکوو جێگایەکی شوێنەوار و کولتووری سەیربکرێت و هەمیشە ئارەزوومەندانی ئەو بوارە لەو شوێنەدا کۆدەبنەوە.

کەریم جەبار، تەسبیح فرۆشێکی ناو بازاری هەولێرە، بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: تەسبیح بە چەند هەنگاوێک درووست دەکرێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لە مانگی تەممووزدا وەستاکان دەچن قەزوانەکە دەنەخشێنن و بە دارەکەیەوە دەمێنێتەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە کە دوای مانگی تشرینی یەکەم دەچن قەزوانەکە کۆدەکەنەوە و دەیهێنن بۆ لایئێمە…
کەریم جەبار تەمەنی ٦٨ ساڵە و کە ماوەیەکی زۆرە ئەو کارە دەکات، ئاماژە بە چۆنێتی درووستکردنی جۆرەکانی تەسبیح دەکات و لەوبارەوە بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گو وتی: تەسبیح جۆری زۆرە، هەندێکیان هاوردە دەکرێن و هەندێکیان خۆماڵین، ئەوانەی خۆماڵین بریتین لە جۆری قەزوان کە ئەو جۆرەیان تەنیا لە کوردستان هەیە و بە باشترین جۆری تەسبیح دادەنرێت لە کوردستان، ئەوەیش بە چەند هەنگاوێک تێدەپەڕێت تاوەکوو دەتوانی تەسبیحی لێ درووست بکرێت. تەسبیح بە چەند هەنگاوێک دورست دەکرێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لە مانگی تەممووزدا وەستاکان دەچن قەزوانەکە دەنەخشێنن و بە دارەکەیەوە دەمێنێتەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە کە دوای مانگی تشرینی یەکەم دەچن قەزوانەکە کۆدەکەنەوە و دەیهێنن بۆ لای ئێمە لە بازاڕ و ئێمەش پۆڵینیان دەکەین کە دەنکە قەزوانە، ورد و درشت و مامناوەندەکان، لەیەکتر جیادەکەینەوە و، لە دەنکە وردەکان تەسبیحی ٣٠٠ دەنکی و لە دەنکە گەورەکانیش تەسبیحی ٢٠٠ دەنکی لێ درووست دەکەین، زۆرجاریش بەپێی خواستی کڕیار دەنکەکان کەم و زیاد دەکەین.
خاوەنکار کەریم جەبار، باسی جۆرەکانی تەسبیح دەکات و دەڵێ: تەسبیح چەند جۆرێکی هەیە وەکوو قەزوان و لاسوورە و بەرزنجە و تەیلەق و کارەبا و باغەیی و شووشەیی و چەندین جۆری دیکە و کە هەر یەکێک لەوانەش نرخێکی تایبەتی خۆی هەیە بە تایبەت جۆری قەزوان کە کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە و لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند دەکرێنە دیاری و تەنانەت سەرکردەکانی جیهانیش زۆرجار لە کاتی دەرکەوتنییان تەسبیحێکیان لەدەستە. تەسبیح جۆری زۆرە و یەکێک لەوانە قەزوانی لاڕەشەیە کە من بە ٦٠٠ دۆلار فرۆشتوومە، لەدوای ئەوەیش تەسبیحی قەزوانی بەرزنجە و ئەبرەق بە پلەی دووەم دێت و ئەو پلەبەندییەش پەیوەندی بە جۆری دارەکە هەیە کە قەزوانی لاڕەشە بریقەدارتر و جوانترە. بەڵام سەبارەت بە جۆرەکانی تەسبیح لە جیهاندا و گرانترین نرخییان، جۆرەکانی تەسبیح لە جیهاندا زۆرە وەکوو کارەبا و کرمان و سەندەلووس و عاج و ویوسر و ئینجیر کە لە زمانی تورکی پێی دەڵێن کۆ. جگە لەوەی تەسبیحی قەزوان بە باشترین جۆری تەسبیح دادەنرێت وەکوو تەسبیحێکی خۆماڵی بەڵام چەند جۆری تەسبیحی گرانبەها هەیە لە جیهاندا وەکوو کارەبای ئەڵمانی و کارەبای رووسی و کارەبای پۆلۆنیات، بەڵام گرانترینییان جۆری کارەبای ئەڵمانییە کە نرخی یەک گرامی دەگاتە ٦٠ دۆلار و بەو پێیەش نرخی تەسبیحێک دەگاتە ٦ تا ٧ هەزار دۆلار و کەمترین نرخیش دەگاتە دوو هەزار دۆلار. من دەتوانم رۆژانە ١٢ تەسبیح درووست بکەم، چوونکە دەبێ هەموو دەنکەکان کون کون بکەین و دواتر راستییان بکەین و ئینجا دەزوویان تێهەڵکێشین و پاشان گوڵینگەکان دەچنین و تەسبیحێکی تەواوی لێ دەردەچێت. جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر کڕینی لەلایەن خەڵکانی بیانیش خواستی لەسەرە و هاووڵاتییانی تورکیا زۆرتر حەز بە تەسبیحی قەزوان دەکەن و زۆرجاریش دێنە لای من کە تەسبیحیان بۆ درووست دەکەم بەڵام ژمارەی دەنکەکان لەسەر خواستی خۆیانە یان ٣٣ دەنکی یان ٩٩ دەنکییان دەوێت، جگە لەوانەش ئەورووپییەکان هەندێکیان دێن تەسبیحیان دەوێت، بەڵام ئەوان زیاتر تەسبیحەکان لە مل دەکەن بۆ جوانی.
کەریم جەبار زیاتر گووتی: من ماوەی ١٦ ساڵە ئەو کارەی دەکەم و عەشقی ئەو پیشەیەش بووم و ئێستاش یەکێک لە منداڵەکان خەریکی ئەو کارەیە لەگەڵ من، جگە لەوەش ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە لەم بوارەدا کار دەکەن ژمارەیان نزیکەی ٦٥ کەس دەبێت لەناو بازاڕی شاری هەولێر..
لەدێر زەمانەوە تەسبیح وەك خشڵێك بە دەست پیاوان و ئافرەتانی كوردەوە بووە، كە بۆ جوانی و وەك كەرەستەیەكیش بۆ زیكركردن پێویستە، لە هەموو شارەكانی كوردستان بازاڕی تەسبیحفرۆشان هەیە، رۆژانە بە هەزاران تەسبیح دەكڕدرێت و دەفرۆشرێت. سالار جەلیل كە هەمیشە تەسبیحی بە دەستەوەیە و كاری كڕین و فرۆشتنی تەسبیح دەكات و دەڵێ: جۆرەكانی تەسبیح زۆرن، هەر یەكە رەنگ و شێوە و لە ماددەیەك دروست كراون، كە لەنێوان ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ جۆر دەبێت، بەڵام ئەوانەی باون و ناودارن، بریتیین لە، شووشە و بەرد و قەزوان و كریستاڵ و داردار و سەدەف، بەڵام ئەوەی زۆرترین خواستی لەسەرە، تەسبیحی قەزوانە، ئەویش چەند جۆرێكی هەیە، وەکوو ئەبڵەق، سادە، بە نەخش و قەزوانی لاسوورە و قەزوانی چامە، نرخی تەسبیحەكان لە دوو هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات، كە هەرزانترینن و لە پلاستیك دروست كراون، تا دەگاتە ٥٥٠ هەزار دینار، جەماوەری تەسبیحی قەزوان زیاتر لە چینی گەنجانن، ئەوانەی حەز دەكەن شتێكی گرانبەهایان لە دەست بێت، تەسبیحی بیانییش لە بازاڕەكانی كوردستان هەیە، وەك تەسبیحی سەندەلووسی ئەڵمانی و ئێرانی، كە ئەوانە گرانترین تەسبیحن، هەندێكیان نرخیان دەگاتە هەزار دۆلار ١٠ وەرەق.
ئامینە خان كە ئافرەتێكی ماڵەوەیە و دەڵێ: جاران تەسبیح لە دەستی ئافرەتانیشدا هەبوون، زیاتر وەك خشڵێكی جوانكاری لە دەست و مەچەك و گەردن دەكرا، كە هەندێكیان هێندە گرانبەها بوون، ئافرەتانی دیكە بە سەرنجەوە لێی ڕادەمان و سەیریان دەكرد، كە هاوشێوەی ملوانكەكان جوان و پڕ بایەخ بوون. لە کۆنەوە دروستکردنی تەسبیح بەشێوازێکی نەریتیی بووە و بۆ دروستکردنی یەک دانە تەسبیح چەند رۆژێک کاتی ویستووە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئامێری تایبەتەوە، کارەکانی دروستکردنی تەسبیح ئاسانتر بووە و منیش ماوەی چەند ساڵێکە دەستم داوەتە پیشەکە و چەند داهێنانێکم لە شێوازی دروستکردنی تەسبیحدا کردووە، بەجۆرێک لە دەنکەکانی تەسبیحەکە، فانۆس، لامپا، پیاڵە و چەندین شتی دیکەم نەخشاندووە و ئەمەیش وەک زیندووکردنەوەی شتە کۆن و کەلەپوورییەکان لێی دەڕوانم…
فەرمان خدر، دانیشتووی شاری هەولێرە و ماوەی ١٠ ساڵە خەریکی دروستکردنی تەسبیحە، ئەو لە ژوورێکی نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەی، چەندین ئامێری تایبەت بە بڕین و کونکردنی دەنکەکان و درەوشانەوەی دەنکەکان هەیە و رۆژانە بە تاشینی بەرد و ماددە گرانبەھاکان سەرقاڵی دروستکردنی تەسبیحە. ئەو سەرەتا ماددەکان لە شێوەی قالب لە تورکیا دەکرێت و هاوردەی دەکات، دواتر لە رێگای مشارەوە دەست دەکات بە بڕینی قالبەکان، پاشان چوارگۆشەی بچووک بچووکی لێ دەردەچێت، ئینجا لە رێگای ئامێرێکی دیکەوە دەست دەکات بە داتاشینی قەبارەی بازنەیی و ئینجا کونکردنی دەنکەکە، دواتر لە رێگای ئامێرێکەوە کە تایبەتە بە درەوشانەوە، دەنکە تەسبیحەکە بە دوو قۆناغ تێپەڕ دەبێت، یەکێکیان قۆناغی نەهێشتنی شوخت و کونی بچووکە و ئەوەی دیکەش قۆناغی کۆتایی دەنکەکەیە کە بریتییە لە درەوشانەوە و بریقەدارکردنی دەنکەکان، ئینجا لە رێگای دەزوویەکەوە دەنکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە تەسبیح.
فەرمان خدر دەربارەی درووستکردنی تەسبیح بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: پێش ١٠ ساڵ دەستم بەم کارە کرد، پێشتر کە ئارەزووم لەسەر تەسبیح هەبوو، مەواد و شتەکانم دەکڕی و دەمدایە وەستایەک بۆ ئەوەی تەسبیحم بۆ دروست بکات، زۆرجار کارەکەیان دوادەکەوت، منیش بەهرەم لە کاری دەستی هەیە بۆیە بڕیارمدا بۆخۆم تەسبیح دروست بکەم و سەرەتا کارەکانم بە شێوازی نەریتیی دەکرد و زۆرجار هەبوو کەسوکارم پرسیاریان دەکرد کە بەچییەوە خەریکم و پێیان سەیر بوو دەستم داوەتە کارێکی دەستی کە پێشتر ئەزموونم لێی نەبووە، چوونکە کاری بڕینی دەنکەکانم لە رێگای مشاری دەستییەوە دەکرد، یەکەم تەسبیحم دروست کرد کونی دەنکەکانی خوار و خێچ بوو، چونکە یەکەم ئەزموونم بوو، بەڵام رۆژ بە رۆژ گرنگیم بە کارەکەم دەدا و دواتر ئامێری دیکەم کڕی و ئێستاش سەرجەم ئامێرەکانی دروستکردنی تەسبیحم هەیە.
فەرمان خدر گووتیشی: خواست لەسەر تەسبیحێکی گرانبەها زیاتر وایکردووە کە پەرە بە کارەکەم بدەم، رۆژێک بە بازاڕدا دەڕۆیشتم، تەسبیحێک سەرنجی راکێشام، منیش پرسیاری نرخەکەیم کرد و تەسبیحفرۆشەکە گوتی گرانە و نرخی ٤٥٠ هەزار دینارە، منیش تەسبیحێکەم لێی کڕی و ئەوەش بووە هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی لە کارەکەم بەردەوام بم و بیر لە داهێنان بکەمەوە. جۆری کەهرەمان “کارەبا” زۆر ناسکە و نرخیشی گرانە بەهۆی ئەوەی ماددەکەی بەردە، ماددەکە لە شیلەی دارێک دروست بووە، ئەو شیلەیە دواتر لە دارەکە کەوتووەتە خوارەوە بۆ ناو دەریا، دوای چەندەها ساڵ دەبێتە بەرد و دەتوانین لە دروستکردنی تەسبیح بەکاری بهێنین.. تەسبیح بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکاردێت وەکوو زیکرکردن و یادکردنەوەی خودا و زۆرجاریش تەسبیح بۆ خۆخافڵاندن بەکاردێت و لە کۆڕو دیوەخانەکاندا بەدەست پیاوە بە تەمەنەکانەوە دەبینرێت.

ھەواڵی زیاتر