شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

منداڵ و بازەکە و مردنی کێڤن کارتەر

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

ئەم چیرۆکە لە وێنەیەکی وێنەگری بەناوبانگ کێڤن کارتەرەوە سەریهەڵداوە کاتێک لە سودان بووە و لەوێ کاری وێنەگری کردووە.

کێڤن کارتەر بۆ ئەوەی لە هێزی پیادە ڕزگاری بێت، ناوی خۆی تۆمار کرد لە هێزی ئاسمانی کە چوار ساڵ تێیدا خزمەت دەکات. هەر زوو دوای ئەوە بڕیاریدا باقی خزمەتە سەربازییە پێویستەکەی خزمەت بکات. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٣دا شایەتحاڵی تەقینەوەکەی شەقامی چێرش بوو لە شاری پریتۆریا، بڕیاریدا ببێتە وێنەگری هەواڵ و ڕۆژنامەنووس. یەکێک بووە لە ئەندامانی The Bang-Bang club گرووپی بانگ-بانگ، دواتر وەکوو فۆتۆگرافەر دەستی بە کاركرووە و بووەتە ئەندامی دەستەی وێنەگرانی سودان. لە ساڵی ١٩٩٤دا خەڵاتی پولیتزەری وەرگرتووە بەهۆی وێنەکەی “منداڵ و بازەکە” لە ژێر ناونیشانی “برسێتی” کە لە ساڵی ١٩٩٣ لە سودان گرتبووی. چیرۆکەکەی لە کتێبی THe Bang-Bang club لە لایەن گرێگ مارینۆڤیچ و جواو سیلڤا نووسراوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاوکراوەتەوە.
ماوەی کارکردنی لە سودان لە ئازاری ١٩٩٣ ڕۆبەرت هادلی لە ئۆپەراسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان دەرفەتی ئەوەی پێشکەش بە جواو سیلڤا کرد کە گەشت بکات بۆ سودان و ڕاپۆرتێک سەبارەت بە برسێتی لە باشووری سودان کە لەگەڵ یاخیبووان لە شەڕی ناوخۆی ئەو ناوچەیەدا جێگیر بووە بنووسێت. سیلڤا بە کارتەری گووتووە، کە هەستی کردووە دەرفەتێکە بۆ فراوانکردنی پیشەی ئازادی و بەکارهێنانی کار وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەسییەکان. ئۆپەراسیۆنی هێڵی ژیانی سودان کێشەی دارایی هەبووە و نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوابوو کە بڵاوکردنەوەی برسێتی و پێداویستییەکانی ناوچەکە یارمەتی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان دەدات بۆ بەردەوامبوونی بودجە. سیلڤا و کارتەر ناسیاسی بوون و تەنیا ئارەزووی وێنەگرتنیان دەکرد. دوای ئەوەی ئەو دووانە بە فڕۆکە بەرەو نایرۆبی بەڕێکەوتن بۆیان دەرکەوت کە شەڕی نوێ لە سودان ناچاریان دەکات تا کاتێکی نادیار لەو شارە چاوەڕوان بن. لەم ماوەیەدا کارتەر گەشتێکی ڕۆژانەی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جوبا لە باشووری سودان ئەنجامدا بۆ وێنەگرتنی کەشتییەک کە یارمەتی خۆراکی بۆ ناوچەکەی تێدابوو. هەر زوو دوای ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتی لە گرووپێکی یاخیبوو وەرگرت بۆ ئەوەی هاوکاری خۆراکی بۆ ئەیود بگوازنەوە. هادلی بانگهێشتی سیلڤا و کارتەری کرد کە لەگەڵیدا بڕۆن بۆ ئەوێ. جارێک لە ئەیۆد سیلڤا و کارتەر جیابوونەوە بۆ ئەوەی وێنەی قوربانیانی برسێتی بگرن، لەنێوان خۆیاندا باسی ئەو دۆخە شۆککەرانەیان دەکرد کە شایەتحاڵی بوون.
کارتەر وێنەی منداڵێکی بچووکی گرتووە کە پێدەچێت کچێکی بچووک بووبێت، بەهۆی برسێتیەوە کەوتۆتە سەر زەوی، لە کاتێکدا بازێک لە نزیکەوە لەسەر زەوی چاوەڕێی کردووە کە ڕاوی بکات. کارتەر بە سیلڤای گوتووە کە تووشی شۆک بووە بەهۆی ئەو دۆخەی کە تازە وێنەی گرتووە. چەند خوولەکێک دواتر کارتەر و سیلڤا سواری فڕۆکەیەکی بچووکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون و لە ئایۆدەوە بەرەو کۆنگر ڕۆیشتوون. وێنەکە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز فرۆشرا، بۆ یەکەمجار لە ٢٦ی ئازاری ١٩٩٣ دەرکەوت، و لە سەرانسەری جیهاندا بینرا. سەدان کەس پەیوەندییان بەو ڕۆژنامەیە کردووە بۆ ئەوەی لە چارەنووسی ئەو کچە بپرسن. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی قسەکانی کارتەر، ئەو کچە ئەوەندە چاکبووەتەوە کە دەستی بە گەشتەکەی بکاتەوە دوای ئەوەی بازەکە ڕاوەدوونراوە، بەڵام نازانرێت ئایا گەیشتووەتە ناوەندی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان یان نا. لە نیسانی ساڵی ١٩٩٤ ئەم وێنەیە خەڵاتی پولیتزەری بۆ وێنەگری تایبەت بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠١١ باوکی منداڵەکە ئاشکرای کرد کە منداڵەکە لە ڕاستیدا کوڕێکە بە ناوی کۆنگ نیۆنگ و لەلایەن وێستگەی یارمەتی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری کراوە. نیۆنگ چوار ساڵ پێشتر واتا لە ٢٠٠٧ مردبوو. وێنەکە و کاریگەرییە ئەخلاقی و سیاسییەکانی پەیوەست بەوەوە لە گۆڤارەکانی ئەکادیمی کۆمەڵناسیدا دەرکەوتوون. زانایانی وەک کلاینمان کارەکانی کارتەریان وەک “خۆبەدەستەوەدانی ئازار” و وەک نموونەیەکی گەورەتر لە گوتارە کۆلۆنیالیزمەکان داناوە.
دوای چوار مانگ لە پێدانی خەڵاتی پولیتزەر بۆ وێنەگرتنی تایبەت، کارتەر لە ٢٧ی تەمموزی ١٩٩٤ لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا لەئەنجامی ژەهراویبوونی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهۆی خۆکووشتنەوە کۆچی دوایی کرد. هۆکاری خۆکووشتنەکەشی وەک باسی لێوەدەکرێت و خۆشی لە کۆتا قسەکانی دەریخستووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازار و ناڕەحەتییانەی کە لە کاتی کارکردنیدا بینیویەتی و زۆر بە قووڵی بیری لە برسییەتی و بێکەسی ئەو منداڵانە کردۆتەوە کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە و نەیتوانیوە هیچیان بۆ بکات.
کێڤن کارتەر لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٦٠ لەدایک بووە و لە ٢٧ی تەمموزی ١٩٩٤ کۆچی دوایی کردووە. لە شاری جۆهانسبێرگ لە باشووری ئەفریقا لەدایکبووە و لە گەڕەکێکی چینی ناوەند کە تەنیا سپی پێستەکانی لێبووە گەورە بووە. دوای خوێندنی ئامادەیی کارتەر وازی لە خوێندن هێنا بۆ ئەوەی ببێتە دەرمانساز و وەرگیرا بۆ سوپا.